قەندیل پرێس – دۆسیەی تایبەت
بەپێی بەدواداچونی قەندیل پرێس، ئەژی ئەمین زانیاری دەربارەی فەرماندە و هێزەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان داوە بە دەزگای هەواڵگری میتی تورکیا و بەم شێوەیە زەمینەی تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی ئامادە کردووە.
بە پشت بەستن بەو زانیاریانەی بە تایبەتی بە قەندیل پرێس گەیشتووە لە سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو یەکێتی نشتیمانی کوردستان؛ ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری دەستی لە تیرۆرکردنی کادر و بەرپرسانی پەکەکەدا هەبووە، زانیاری وردی داوە بە دەزگای میتی تورکیا، بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕی کەسانی وابەستەی ئەو لە سلێمانی، زانیاری لەسەر شوێن و ڕێڕەوی هاتووچۆ و تایبەتمەندی ئۆتۆمبێل و هتد فەرماندە و هێزەکانی پەکەکەی کۆکردووتەوە و رادەستی دەزگای هەواڵگری میتی تورکیای کردووە. ئەم زانیاریانە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە دۆزینەوەی شوێنی کادر و بەرپرسانی پەکەکە بۆ بە ئامانجگرتنیان بە درۆن و تیرۆرکردنیان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە سلێمانی و تورکیا بودجەیەکی بەرچاوی بۆ ئەژی ئەمین دابین کردبوو بۆ ئەو مەبەستە.
سەرچاوەکەی قەندیل پرێس ئاماژەی بەوەش کرد: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راستەوخۆ “کەجەکە“یان لەم بابەتە ئاگادار کردبوو، ئەوان زانیاری تەواویان هەیە کە چون ئەژی ئەمین تێوەگلاوە لە تیرۆرکردنی کادر و بەرپرسەکانیان.
لە کۆتایی ساڵی 2022 پەکەکە هەوڵی تۆلەسەندنەوەیان دابوو، بەڵام بەهۆی پارێزگاری هێزە ئەمنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر پلانەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.
بە پێی بەدواداچونەکانی قەندیل پرێس، لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران لە مانگی ئەیلولی 2024دا، لەگەڵ هێندێک لە بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی ئەو وڵاتە کۆبووەو لەدرێژەی ئەم دانوستانە،بەرپرسانی ئێرانی وتویانە کە ئەژی ئەمین (بەرپرسی پێشوی زانیاری) لە گەڵ ئیسرائیل هاوکاری کردوە، لە هەندێک لە ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەژداری کردووە. بەرپرسانی ئێرانی پێداگری ئەوە بوون لە حاڵێکدا کە هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە نیازپاکی خۆی بۆ ئێران بسەلمێنێ پێویستە ئەژی ئەمین دەستگیربکرێت و تەسلیمی ئێرانی بکات، دوای ئەوە نێچیرڤان بارزانی سەبارت بەم داوایەی ئێران مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئاگادار کردووە.
بۆ ڕزگاربوون لە فشارەکانی ئێران، ئەژی ئەمینیان ئاگادار کردووە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت، قەندیل پرێس زانیویە کە ئیستا ئەژی ئەمین ڕووی لە ئیماراتی عەرەبی کردووە و لە دۆبەی نیشتەجێیە.
ئەژی ئەمین لێپرسراوی پێشوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووداوەکانی 8ی تەمموزی 2021 نێوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەنێوان لاهۆر شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هەردوو هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتییەوە، ئەژی ئەمین کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری، بەڵام دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگ ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە رێککەوتی 27ـی ئاداری 2022 دا بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (٦٩) “(سەلمان ئەمین نادر) ناسراو بە (مامۆستا ئەژی) لە پۆستەكەی دورخستەوە و جەلال شێخ ناجی، لە شوێنەکەی دانراو ڕایانگەیاند، ئەژی ئەمین هیچ پەیوەندیەكی بە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری نەماوە.
دوای ئەو بڕیارە، ئەژی ئەمین لە هەولێر نیشتەجێبوو، لە 24ـی 10ـی 2022 هێزێکی ئەمنی لە قەیوان ستی لە گەڕەکی راپەڕین دەچنە سەر ماڵی ئەژی ئەمین لە سلێمانی و دەستی بەسەردا دەگرن و جگە لەو ماڵەی، دەستبەسەر چەند هارد و ملەف و داتا و ماڵ و موڵکێکی دیکەیدا گیرا و هێزی لێ جێگیر کرا.
بەپێی زانیاریەکانی قەندیل پرێس سەرەتای کێشەکانی بافڵ تاڵەبانی و ئەژی ئەمین لەگەڵ دەست بەکار بوونی ئەژی ئەمین دروست بوون، کاتێک بافڵ تاڵەبانی داوای لێدەکات بە ئەنجامدانی هەموو گۆڕانکارییەک و پێی ڕادەگەیەنێت هەموو ئەو کەسانەی پێشتر لەو دەزگایە بەرپرسیارێتییان هەبووە لەکارەکانیان دووریان بخاتەوەو کەسانی نوێ لەشوێنیان دابنرێت، بەڵام ئەژی ئەمین زۆربەی گۆڕانکارییەکانی دواخست بۆیە لەم کارەیدا بافڵ تاڵەبانی گۆمان لەسەر ئەژی دروست دەکات.
یەکێکی دیکە لە گۆمانەکانی بافڵ تاڵەبانی لەئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری، دروستکردنی هێزێکی تایبەت بووە لەلایەن ئەژی ئەمینەوە لەژێر ناوی ئەوەی ئەو هێزە تایبەتەی پێویستە بۆ پاراستنی دەزگای زانیاری و لەماوەی ئەو هەشت مانگە هێزێکی فراوانی تایبەتی ڕاهێنراو پێکدەهێنێت بۆ دەزگای زانیاری. ئەم دوو هۆکارە کێشەی بنەڕەتی بوون لەنێوان هەر یەک لە ئەژی ئەمین و بافڵ تاڵەبانی، بەتایبەت کە بەم دواییانە ئەژی ئەمین ڕۆڵی گێڕا لەوەی کە قونسۆڵخانەی تورکیا لەسلێمانی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانەکانی ئێران ڕێگە نەدرا قونسۆڵخانەی ئەو وڵاتە لەشاری سلێمانی بکرێتەوە.