عەبدولسەلام ئەحمەد: کۆبوونەوەی ئیدارەی خۆسەر و لێڤەگەری دروزەکان بۆ یەکخستنی پێکهاتە دیمۆکراتخوازەکانە بەرامبەر توندڕەوەکان

قەندیل پرێس

وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ بەرێز پارێزەر عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە باکور و رۆژهەلاتی سوریا لە لوبنان دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لێڤەگەڕی باڵای دەسەڵاتی روحی پێکهاتەی دروز، شێخ ئەبو یوسف ئەمین ئەلسایخ لە لوبنان و دۆخی سوریا و پێکهاتەکان.

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان، بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ کاروباری دەرەوە بە یاوەری نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە لوبنان، پارێزەر عەبدولسەلام ئەحمەد، سەردانی لێڤەگەڕ (مەرجەع)ـی دروزەکان، شێخ ئەبو یوسف ئەمین ئەلسایخ، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆحانی یەکانیەکانی دروزەکان لە لوبنان کرد لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شارۆچکەی شارۆن لە پارێزگای “عالی“ی لوبنان کۆبوونەوە . لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە سیاسەتمەداری لوبنانی ماهر ئەبو شەقرا، سیاسەتمەداری لوبنانی عەلا ئەلسایخ، ئەندازیار شێخ تۆفیق ئەلسایخ و شێخ ئەکرەم ئەلسایخ ئامادەی بوون.

سەردانەکەی جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەر بۆ کاروباری دەرەوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کورد و دروز بوو.

لە وەڵامی ئەو سەردانەی جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ کاروباری دەرەوە، بەدران چیا کورد، بۆ لێڤەگەڕی باڵای دەسەڵاتی روحی پێکهاتەی دروز، شێخ ئەبو یوسف ئەمین ئەلسایخ لە لوبنان، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە لوبنان، پارێزەر عەبدولسەلام ئەحمەد، لە وتووێژێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێسی راگەیاند “ئەم سەردانە بۆ لێڤەگەڕی باڵای دەسەڵاتی ئایینی پێکهاتەی دروزەکان ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتن لە ڕەهەندی ڕۆحی دروزەکان و ڕۆڵی شێخایەتی دروزەکان لە پاراستنی کۆمەڵگا”.

هەروەها دووپاتکردنەوەیەک کە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا تەنها لە سیاسەتدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەهاکانی پێکەوەژیان و مێژووی هاوبەش”.

عەبدولسەلام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ پێکهاتەیەکی سەرەکیی رەسەنی وەک کۆمەڵگەی دروز، کە جەخت لەسەر سیاسەتی کرانەوەی ئیدارەی خۆسەر بەڕووی هەموو هێز و بزووتنەوە غەیرە جیهادییەکان بکەنەوە، بەدوای زەمینەی هاوبەشدا بگەڕێن بۆ پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی لە ئاژاوەگێڕی، هەروەها هەوڵدان بۆ دروستکردنی پرد لەگەڵ سوەیدا، کە ئەزموونی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی پەرەسەندوو دەکات و پێگەیەکی ناوازەی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە توندڕەوەکان هەروەها لە چوارچێوەی گەڕان بەدوای هاوپەیمانییەکی نیشتمانی فراواندایە کە سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێدەپەڕێنێت، بەرەو هەموو پێکهاتەکانی سوریا، دەتوانرێت بڵێین کە ئەم سەردانە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئیدارەی خۆسەر وەک ئەکتەرێکی نیشتمانی گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکان، کە هەوڵدەدات پێکهاتە غەیرە جیهادییەکان لەسەر بنەمای پڕۆژەیەکی مەدەنی-دیموکراسی، لە بەرامبەر پڕۆژە توندڕەوەکان و دابەشکەرەکاندا بنیاتبنێت.

عەبدولسەلام ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد؛ کە کۆبوونەوەکە وێنەیەکی ڕەمزی دەڕەخسێنێت: لەوانەیە ئەم گەل، نەتەوە و پێکهاتانە بە ژمارە کەم بن، بەڵام بە کاریگەرییەکی کولتووری و شارستانی و سیاسیی گەورە، گرنگ و یەکگرتوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری.
هەندێک لە هێزەکانی سوریا هەستیارن بەرامبەر بە ڕیتۆریکی “هاوپەیمانی کەمینەکان”، بەو پێیەی ترسیان هەیە وەک هاوپەیمانییەکی تائیفی لە دژی زۆرینەی سوننە لێکبدرێتەوە. بەڵام هاوپەیمانی کەمینەکان بە مانای پیلانگیری و جەنگ نییە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی گەورە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر، چونکە مۆدێلێکی پێکەوەژیان نیشان دەدات کە دوورە لە لۆژیکی زۆرینە بەرامبەر کەمینە”.

عەبدولسەلام ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا بۆ قەندیل پرێس وتی: ئەم هاوکارییە دەتوانێت هەوڵێکی ڕزگاری ڕەمزی و کردەیی بێت، بەڵام بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی بەدیلێک بنیات بنێت، ئەوەی پێویستە هاوپەیمانییەکی مەدەنی نیشتمانییە کە توێژە بەرفراوانەکانی دیکەش لەخۆ بگرێت.
پێویستە بەرەیەکی مەدەنی نیشتمانی گشتگیر بنیات بنێین تا بتوانێت سوریا لە پلانی ڕزگاری کەمینەکانەوە بگۆڕێت بۆ پلانی ڕزگاری بۆ هەموو سوریا. هێزی ڕاستەقینەی لە پێکهێنانی یەکگرتنی هاوپەیمانییەکی نیشتمانی فراوانتردایە کە هەموو پێکهاتە غەیرە جیهادییەکان لەخۆدەگرێت: عەرەبی میانڕەو، مەسیحی، ئیسماعیلی، عەلەوی، ئێزیدی و ژنان.” و بزووتنەوە مەدەنییەکان.”

نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە لوبنان، ئاماژەی بەوەدا؛ کە پەیوەندییەکانی ئەمڕۆ بە ڕاگرتنی هاوسەنگی بەڕێوەدەچێت نەک بە یەکگرتن و پێکەوەیی، چونکە دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی 10ـی ئازاری 2025 وەستاون. لە کاتێکدا ئیدارەی خۆسەر خەریکی بنیاتنانی پڕۆژەیەکی فرەیی و دیموکراسی و مەدەنییە.

لەم نێوەندەدا، جولانی دەسەڵاتێکی جیهادی بە ڕەهەندێکی ئەمنی/سەربازی لەسەر بنەمای دڵسۆزی کەسی و ئایدیۆلۆژی دەسەپێنێت و لە مۆدێلی ئیدارەی خۆسەر وەک دژە پرۆژەیەکی مەترسیدار بۆ دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی خۆی دەبینێت و لێی دەترسێت.

عەبدولسەلام ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، مەترسی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی هاوشێوەی ئەوانەی لە سوەیدا (دروز) و کەناراوەکانی سوریا (عەلەوی) لەسەر کورد هەیە، بەڵام بەهۆی خۆڕاگریی هێز و پێکهاتە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بەو شێوەیە ئاسان نابێت.

عەبدولسەلام ئەحمەد لە کۆتاییدا وتی: “جۆلانی دەتوانێت تا ئەو کاتە بەردەوامببێت کە باڵادەستی ئەمنی خۆی بپارێزێت و ڕووپۆش و پشتگیریەکی ناوچەیی هەرێمایەتی و سیاسی هەبێت، بەڵام کاتێک تۆڕەیی و بەرخۆدانی گەلان و کۆمەڵگەی یەکگرتوو، فشاری دەرەکی ئامانجدار، و بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ناوخۆیی دەتوانێت ئەم توانا و گرەنتیەی جولانی تێکبدات یان لانیکەم تێچووی زۆر قورس لەسەر بەردەوامی بوونی ئەو لە دەسەڵاتدا بسەپێنێت.
مەترسی ڕاستەقینە لەسەر کۆمەڵگاکان تەنها لە مانەوەی ئەلجۆلانیدا نیە بەڵکو لە رێگەپێدانە بە مانەوەی ئەو کاتێک ستەم لە پێکهاتەکان دەکات و ئەم بیرکردنەوەیە بچەسپێنێت، و ستەمکارەکان بۆ هەمیشە پێکهاتەی کۆمەڵگاکان دەگۆڕن – ئەم مەترسیەش وایکردووە دەستێوەردانی پێشوەختە و ژیرانە شتێکی بنەڕەتی بێت”.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

نیگار عینایەتی: وەکوو تاکێکی کورد، هەر چیەکەم لە دەست بێ بۆ ئەوەی ببمە دەنگی نەتەوەکەم درێغی ناکەم

وتووێژیی تایبه‌تی “قه‌ندیل پرێس” له‌گه‌ڵ به‌ڕێز “نیگار عینایەتی” به‌ربژێری پارتی سوور بۆ په‌رله‌مانی نۆروێژ قه‌ندیل …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *