به‌په‌له

سنە لە رووی بەرزیی رێژەی هەڵاوسانی مانگانە لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە

بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانە لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووی بەرزیی رێژەی هەڵاوسانی مانگانەوە لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت.

ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی لە مانگی گەلاوێژ، سێیەم مانگی هاوینی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، لەو مانگەدا رێژەی هەڵاوسانی مانگانە 3.8٪ و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش 37.5٪ بووە.

ناوەندی ئاماری ئێران لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بەراورد بە مانگی پێشوو 1.2٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 37.5٪.

زۆرترین رێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە مانگی کۆتایی هاویندا لە خۆراکە. لەو مانگەدا تێکرای بەزبوونەوەی نرخی خۆراک لەسەر ئاستی ئێران 5.2٪ بووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، پارێزگەی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسانی مانگانە لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە.

ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت، لە دوایین مانگی هاویندا رێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای سنە بەراورد بە مانگی پێشتر 5.9٪ بووە کە 2.1٪ لە ئاستی تێکرای هەڵاوسان لەسەر ئاستی ئێران زیاترە.

هەروەها لە گرووپی خۆراکیشدا، رێژەی هەڵاوسان لە سنە لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترە و 8.1٪ـە.

بەپێی راپۆرتەکە، لە نێوان پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخی پارێزگای کرماشان لەڕووی رێژەی هەڵاوسانەوە لە هەموویان باشترە و تەنانەت لەسەر ئاستی ئێران، لە دوای پارێزگای خۆراسانی باشوور بە دووەم پارێزگای ئێران دادەنرێت کە کەمترین رێژەی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانەی تێدا تۆمار کراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رێژەی هەڵاوسانی مانگانە لە کرماشان 3.3٪ و هەڵاوسانی ساڵانەش 34.2٪ـە.

لەڕووی هەڵاوسانی ساڵانەوە، پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین رێژەی هەڵاوسانیان تێدا تۆمارکراوە. بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندیی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە سنە 40٪، لە ورمێ 41.3٪، لە ئیلام 41.1٪ و لە لوڕستان 38.9٪ـە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن: بێده‌نگی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ ئاست روداوی لاله‌زار زۆر سه‌رنج هه‌ڵده‌گرێت

شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن، سه‌ركرده‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌ل، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، رایگه‌یاند، له‌دوای دو مانگ له‌ تاوانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *