رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا دەست لە پشتوانی ئیسرائیل هەڵبگرێت، تاوتوێی پێشنیازی ئەمریکا بۆ هاوکاری لەگەڵ ئێران “لە داهاتوودا” دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووهەمی 2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماریی ئیسلامیی ئێران لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران رایگەیاند، “ناکۆکی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ناکۆکییەکی تاکتیکی و بابەتی نییە، بەڵکو بنەڕەتییە.”
سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، عەلی خامنەیی گوتی: “تەنیا ئەگەر ئەمریکا بە تەواوی دەست لە پشتیوانی رژێمی زایونی هەڵبگرێت و بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە دووربخاتەوە و دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکە نەکات، پێشنیازی ئەمریکا بۆ هاوکاری لەگەڵ ئێران لە ئێستا نا، بەڵکو لە داهاتوودا تاوتوێ دەکەین.”
خامنەیی پێیوایە ئەمریکا جگە لە ملکەچبوون لایەنی بەرانبەر هیچی دیکەی قبووڵ نییە و گوتی: “ئەمە لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکا هەست پێکراوە، بەڵام ئەم سەرۆکەیان بە ئاشکرا ئەوە نیشان دەدات.”
قسەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی خواستی دانوستاندنی لەگەڵ ئێران کردبوو.
دوێنێ یەکشەممە 02-11-2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، هیچ پەیامێکی فەرمیی ئەمریکایان لەلایەن عومانەوە لەبارەی دانوستاندنەوە پێنەگەیشتووە.
بەر لەوەی جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەل ئەڤیڤ لە 13ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستپێبکات، پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەچوون.
لە مانگی ئابدا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا میکانیزمی “سناپباک”یان کارا کرد، کە رێگەی بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 30 رۆژدا دەدا، ئەگەر سەلمێندرابا ئێران رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـی پێشێل کردووە و دوای 30 رۆژەکەش سزاکان گەڕێندرانەوە.
لە 18ـی تشرینی یەکەمیشدا ئێران کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند و گوتی، هیچ بڕگە و کۆتوبەندێکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کاری پێناکرێ
قەندیل پرێس