د. عادڵ ئه‌لیاسی: نەریتێکی سیاسی، کە چارەنووسی پارتێک و یا تەنانەت بزووتنەوەیەک بە یەک سەرکردەوە گرێ بدات، به ناتەبای دەزانم لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی

د. عادڵ ئه‌لیاسی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ده‌ڵێت: “ئێمە دەزانین پارتێکی چالاک لە ڕۆژهەڵات هەیە کە لە باری فیکری و بەرنامەییەوە خۆ بە پەیرەوەی بەڕێز ئۆجەلان دەزانێت. مەبەستم پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک-ه. ئێمە نازانیین کە ئایا پژاک ئەم پەیامە ئاڕاستە به خۆی دەزانێت و خۆی بە بەرپرس دەزانێت هەمان پڕۆسە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکات یا نه. ئەگەر بێت و خوێندنەوەی پژاک ئەوە بێت کە پەیامەکەی ئۆجەلان ئەوانیش دەگرێتەوە و خۆیان پابەند بە بەکردەوە دەرهێنانی بزانن، ئەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت. لە باری دەروونییەوە، ئەگەری چەک ڕاماڵین لە پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارته، قورسایی دەخاته سەر دەروونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و لەوانەیه لە کورت ماوەدە چەشنێک لە خەمۆکی سیاسی پەرە پێ بدات.”

قه‌ندیل پرێس: بەگشتیی شرۆڤەی بەڕێزتان لەبارەی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان چییە؟ ئایا ئەم پەیامە لەم کاتەدا بە درووست دەزانن یان ڕەخنەتان لێ هەیە؟

د. عادڵ ئه‌لیاسی: بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە پەیامەکەی بەرێز ئۆجەلان لە بەندیخانە، و دوای زیاتر لە ٢٦ ساڵ ئەزیەت و ئازار و گۆشەگیرکردن لە جیهانی دەرەوە نووسراوە، ناتوانم بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە شیکاری لە سەر ناوەرۆکی پەیامەکە بکەم. به واتایەکی تر، بە ناڕەوای دەزانم که کردار و هەڵوێستی مرۆڤێک بخەمە ژێر شرۆڤەی ڕەخنەگرانەوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٦ ساڵە سەرەتایی ترین مافی لێ زەوت کراوە، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دڵخوازانەی لێ ئەستێندراوەتەوە و هەڵسوکەوتی سنووردار کراوە. هەربۆیه، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی کە بەڕێز ئۆجەلان تێیدا بەسەر دەبات، کاردانەوەی پەیامەکەیان زۆرتر جێگای سەرنجه تا شیکاری لەسەر ناوەرۆکی پەیامەکە. سەبارەت بەو بەشە لە پرسیارەکەتان کە ئایا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەو پەیامه گونجاو بووه یا نه، وڵامەکەم ئەوەیه که، کات و ساتەکەی زۆر گرنگ نییه، بەڵکوو چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا گرنگ ترە. دشوارە بزانرێت کام کات و سات بۆ پەیامێکی لەم چەشنە گونجاوە.
بەم تێڕوانینەوە چەندین خاڵ لە پەیوەند لە گەڵ کاردانەوەکان بە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان جێگای سەرنجن.
یەکەم! ئەو پەیامه کاریگەری دەست بە جێی هەبووە لەسەر بژاردەی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە زۆر جێگای سەرنجه. ئەم کاریگەرییە به شێوەیەک بووە که ئەو پارتە پابەندبوونی خۆی بۆ بەکردەوە دەرهێنانی بڕگەکانی پەیامەکە ڕاگەیاندووە. بۆ نموونه دەست بە جێ ئاگربەستی ڕاگەیاند و وتوویەتی کە ئەگەر بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت و سەرپەرستی کۆنگرەیەک بکات ئەوا پارتی کرێکارانی کوردستان به پێی خواستەکەی بەڕێز ئۆجەلان بڕگەکانی تری ئەو پەیامە جێ بەجێ دەکات. تا ئەم قۆناغە کاریگەری پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان لە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان ڕووداوێکی گرنگ بووە. ئایا ئەم کاریگەرییه لە داهاتووشدا لەم ئاستەدا و بەم شێوەیه بەردەوام دەبێ یا نه نازانین و دەبێ چاوەڕێ بین. بەڵام تا ئێستا جێگا سەرنج ئەوەیه که چۆن پارتی کرێکارانی کوردستان، که خاوەنی مێژویێکی چەندین ساڵە لە خەباتە، خاوەنی موئەسەسات و دامەزراوەی جێ کەوتووە، خاوەنی هەزاران ئەندام و پێگەی بەهێزی جەماوەری و ئەزموونی خەبات سیاسیی، سەربازی و دیپلۆماسییه، بەم شێوەیه بڕیارەکانی خۆی گرێبەستی سەرکردە بەندکراوەکەی دەکات؟ سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بڕیار و نەریتەمان پێ باش یا خراپ بێت ناتوانیین کاریگەری پەیامەکەی بەرێز ئۆجەلان لەسەر پارتی کرێکاران کوردستان ئینکار بکەین.
دیارە لە ڕوانگای منەوە ئاوا نەریتێکی سیاسی، کە چارەنووسی پارتێک و یا تەنانەت بزووتنەوەیەک بە یەک سەرکردەوە گرێ بدات، جێگا پەسەند نییه و به ناتەبای دەزانم لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی و ڕێبەری بەکۆمەڵ. واژەی «دیموکراسی» بۆخۆی واتایەکی دیاریکراوی نییه کە بۆ هەموو کەس ڕوون بێت، بەڵکوو ئەوە مرۆڤەکانن که لە هەر هەلومەرجێک دا واتای پێ دەبەخشن. بە بڕوای من لە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ ڕەوتێکی دیموکراسیانه ناتوانێت سەرکەوتوو بێت ئەگەر دەست نەبات بۆ گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵگای بەپارێز. یەکێک لە بەها زەقەکانی کۆمەڵگای بەپارێز «کەس-سەنتەریی»ه. ئێوە دەزانن کە نەریتی «کەس-سەنتەریی»، کە لەوێ سەرکردەیەکی سیاسی، سەرکردەیەکی ئایینی، سەرۆک کۆمارێک، پادشایەک، سوڵتانێک و یا سەرۆکی حیزبێک، پێگەیەکی پیرۆز و موتڵەقی پێ دەبەخشرێت و پەیڕەوی کردن لێی بە ئەرکێکی مێژووی و ئەخلاقی دەزانرێت، یەکێکە لە نیشانە زەقەکانی کۆمەڵگای نادیموکراتییانه و بەپارێز له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێستا کە باس لە پرۆسەی دیموکراسی و کۆمەڵگای دموکراتیک دەکرێت، جێی خۆیەتی ناسنامەی ئاوا ڕەوتێک ڕوون بکرێتەوە. بە بڕوای من یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانی ئەو ناسنامەیه تێپەڕ بوونە له نەریتی سەرکردایەتی «کەس-سەنتەریی». ئەمە هیچ ناتەبایێکی لەگەڵ ئەوە نییه که جێگە و پێگەی بەڕێز ئۆجەلان، و یا هەر سەرکردەیەکی خەباتکاری تر، لە لایەن لایەنگرانییەوە بەرز بنەرخێنرێت و ڕێزی پێ پایان بگیرێت لە خەبات و تێکۆشانی و بە پێزانینەوە باس لەو لەخۆبووردوویه بکرێت کە بە ژیانی خۆی ئەنجامی داوە.
دووهەم! سەرباری کاریگەری تا ئێستای دەستبەجێ و بەهێزی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و پەیڕەوانی ناوبراو، لەو بڕوایەدا نیم کە بە بێ وڵامی ئەرێنی و بەکردەوەی دەوڵەتی تورکییه هەنگاوی بنەڕەتی هەڵبگیرێت بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکییه. ئەگەر ئەو ڕاستییە لای هەموومان سەلمێندراو بێت کە کێشە کورد کێشەیەکی سیاسییه که جەماوەرێکی میلیۆنی پێووە ماندووە و پێشینەی مێژوویی هەیە، ئەوا ئاساییە کە چاوەڕوان نەبیین به پەیامی ڕێبەرێکی سیاسی، یا تەنانەت وەرچەرخانی سیاسەتی پارتێکی سیاسی، چارەسەر بکرێت و دامرکێتەوە.
لەم ڕووەوە، ڕەچاوکردنی سیاسەتێک کە کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکات، لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت لە کورت ماوەدا هیوایەک لای بەشێک لە کۆمەڵگا دروست بکات، ئاگربەستی کاتی پێک بێنێت و هەندێک گفتوگۆ بێنێتە ئاراوە. بەڵام لە درێژ ماوەدا گۆڕانکاری ئەوتۆ بەدی ناهێنێت و بگرە دەتوانێت بێ هیوایش پەرە پێ بدات. پەرەدان بە گەشبینی، به بێ ئامادەسازی بۆ هەنگاو هەڵهێنانی جدی، دەتوانێت بۆشایێک بخاتە نێوان کۆمەڵگا و ڕێبەری سیاسی. بە پێچەوانەش، ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی ڕاست بینانه و هاوتەبا لەگەڵ ئەمری واقع، ئەگەر چی لەوانەیه لە کورت ماوەدا زۆریش گەشبینی پێوە دیار نەبێت، دەتوانێت پەیوەندی ڕێبەری سیاسی لە گەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکه بەهێز بکات و جەماوەر بەردەوام و هیوادار بە ڕزگاری چالاک بهێڵێتەوە. دیارە ئەوە تەنها داهاتووە کە دەتوانێت پێمان بڵێت چارەنووسی ئەم پڕۆسە نوێیە دەقاودەق چۆن دەبێت. بەڵام نیشانەکانی تا ئێستا ئەوەمان پێ ناڵێن کە پرۆسەکە جدییه و سەرەنجامی ئەرێنی بۆ بزووتنەوەی کوردستان دەبێت.
سێهەم! کاردانەوەیەکی تری تا ئێستای پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان ئەوە بووە کە پرسی کوردی لە ئاستێکی بەرین تردا خستووەتە بەر سەرنجی ڕای گشتی جیهانیان و ناوەندە نێونەتەوەیی و دەوڵەتەکانەوە. هەروەها جمووجۆڵێکی زیاتری خستووەتە ناو جەماوەری خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان تا لەسەر بزووتنەوە حەقخوازانەکەیان گفتوگۆ و ڕاوێژ بکەن و بیکەنە بابەتی گۆڕینەوەی بیروڕای جیاواز. بۆیه، سەرەڕای هەر سەرنجێک کە لەسەر ناوەرۆکی پەیامەکە و داهاتووی پرۆسەکە هەبێت، گومان لەوەدا نییه که پرسی کوردی لە ئاستێکی بەرزتر دا کردە ئاجێندای باس و خوێندنەوەی جیاواز.
دیارو تا ئێستا لەم هەلە بە باشترین شێوە کەڵک وەرنەگیراوە. بە بڕوای من، ئێستا کە بە بڵاو کردنەوەی ئەو پەیامە زیاتر له پێشوو سەرنجی بیروڕای گشتی و ناوەنده نێونەتەوەییەکانی بۆ پرسی کورد ڕاکێشراوە، گەلێک گونجاوە خواستە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان، بە پێی بەرنامەیەکی ڕێک و پێک، گەڵاڵە بکرێن و وەک مانیفێستێکی ڕزگاریخوازانه بناسرێنن. زۆر دەگمەنن ئەو دەرفەتانەی که بەم شێوەیه بوار بۆ ناساندنی پرسێک دەڕەخسێنن که بۆ دەیان ساڵه نکۆڵی لێ کراوە و به پەراوێزخراوه. کەواته پێویستە سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت. هەنگاو هەڵگرتن لەم پەیوەندەدا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت لە سەر ئەگەری وتووێژی جدی لە گەڵ دەوڵەتی تورکییه و پابەند کردنی ئەو دەوڵەتە بە سەلماندنی خواستە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان.

قه‌ندیل پرێس: لە بەیاننامەکی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئێوە ڕەخنەتان لەوە گرتووە کە بەڕێز ئۆجەلان لە زیندانەوە پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی ڕێبەریی دەکات، تکایە ئەم ڕەخنەیەی کە باستان کردووە بۆ بەردەنگەکانمان زیاتر شرۆڤەی کەن؟

د. عادڵ ئه‌لیاسی: دیارە ڕوویی ڕەخنە و گومانی کۆمەڵە ئەساسەن له دەوڵەتی تورکییەیه کە مرۆڤێکی بە هۆی بیروباوەڕییەوە زیاتر لە ٢٦ ساڵ خستۆتە بەندیخانە و هەموو مافێکی سەرەتایی لێ زەوت کردووە. دواتریش بە پێی مەسڵەحەتی خۆی و لە ژێر چاودێری ناوەندە ئەمنییەکان دا جاربەجارێک مەودای پێ دەدات لە گەڵ کەسانی دیاریکراو چاوپێکەوتن بکات. ئەمە لە کاتێکدایه که دەوڵت تەنانەت چاوپێکەتنی بنەماڵە و پارێزەرانی له ئۆجەلان زەوت کردووە. لەگەڵ ئەمەش، پەیتا پەیتا ئۆجەلان وەک بەرپرسی هەموو نابەسامانیێک دەناسێنێت کە سەرچاوەکی خودی دەوڵەتە. ئەو هەڵوێستەی کۆمەڵە، کە به ڕەوای نازانێت بەرپرسیارییەتی بخرێتە ئەستۆی مرۆڤێک که لە ژێر ئەزیەت و ئازار و گوشاردایه، مرۆڤدۆستانەیه. تەنانت لە بەڵگەنامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش دا پشتەوانەی هەیە.

بۆ نموونە له پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا وتراوە که هیچ بەندکراوێک کە لە ژێر ئەزیەت و ئازاردایە و مافەکانی لێ زەوتکراوە، بە بەرپرس نازانرێت و ناتوانرێت وەک لایەنی بڕیاردەر له پرۆسەی دانوستان دا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەربۆیه یاسا نێودەوڵەتییەکان لابردنی گوشار و گۆشەگیری، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و به هەموو پێداویستییەکانی بڕیاردانی سەربەخۆیانه و دڵخوازانه بە مەرجی بەرپرس زانینی بەندکراو لە بڕیارەکانی دا دەزانێت. ئەو تێبینییەی کۆمەڵە زۆر مرۆڤادۆستانه و لە بەرژەوەندی بەڕێز ئۆجەلان و بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە باکوری کوردستان دایه. لە ڕاستی دا پەیامەکەی پارتی کرێکارانی کوردستانیش ئەو تێبێنییەی کۆمەڵە پشت ڕاست دەکاتەوە. لەو پەیامەدا بە ڕاشکاوانه دەوترێت کە بۆ سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەک پێویستە بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت تا بتوانێت ئازادانە چاودێر و سەرکردایەتی بکات. ئەمە بەو واتایەیە، تا کاتێک بەڕێز ئۆجەلان لە بەندیخانەدایه ناتوانێت ئازادانه بڕیار بدات و ئازادانە سەرپەرستی و ڕێبەرایەتی پرۆسەکە بکات. کەواتە ناشتوانێت بەرپرسایەتی پرۆسەکەشی بخرێتە ئەستۆ.
ئەگەر وایه، ئەو ڕەخنەی کۆمەڵە بەجێییە کە دەڵێت نابێت بەرپرسیارییەتی پرۆسەیەک بخرێتە سەر شانی بەندکراوێک کە ماف و مەودای بەجێ هێنانی ئەو ئەرکە قورسەی لێ زەوت کراوە. بۆیه ناڕەوا نییه ئەگەر ئازادی ئۆجەلان وەک سەرەکی ترین مەرجی دەست پێ کردنی هەر پڕۆسەیەکی گفتوگۆ کە ناوبراو بەرپرسایەتی بخرێتە ئەستۆ دیاری بکرێت. ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە کۆمەڵە ڕێکخراوێکی بە ئەزموونه که زیاتر له نیوسەدەیه تاڵی و شیرینی خەباتی چێشتووە، ئەزموونی وتووێژی لەگەڵ دەوڵتی ناوەندی هەیه، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و سەرکردەکانی لە بەندیخانەکانی دوژمندا بوونەتە قوربانی. هەر بۆیه کۆمەڵە دەزانێت کە ناڕەوایه ئەگەر بەندکراوێک لە بەندیخانەی دوژمنێکی دڕندە بکرێت بە بەرپرسی چارەنووسی پارتێکی سیاسی، و یا لەوەش گرنگ تر، بکرێت به بەپرسی چارەنووسی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی.

قه‌ندیل پرێس: لە بەیاننامەکەی کۆمەڵە، وادیارە کە ئێوە بەم پڕۆسە گەشبین نین، بە ڕای ئێوە ئایا ئۆجەلان و پەکەکە تووشی خوێندنەوەو شرۆڤەی هەڵە بووگن لە دۆخەکە؟

د. عادڵ ئه‌لیاسی: ڕاستییەکای ئەوەیه که کۆمەڵە خۆی به بەرپرس دەزانێت لە بەرابەر بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکان و خۆی بە بەشێک لەو خەباته ڕەوایه دەزانێت کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. پشتیوانی بێ درێغی کۆمەڵە لە ڕۆژئاوا ئەو راستییە دەسەلمنێت. بە پێی مێژوش کۆمەڵە نەتەنها بە ڕادەربڕین و هەڵوێست گرتن، بەڵکوو بە کردەوەش بەرپرسیارییەتی خۆی بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندی خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان سەلماندووە. وەبیرتان دێنمەوە که پشتیوانی کۆمەڵە لە هەشتاکاندا لە خەباتی خەڵکی کوردستان لە باشور بووە هۆی هێرشی پەیتا پەیتای دوەڵەتی بەعس بۆ سەر بارەگاکانمان و گیان لەدەست دانی دەیان ئەندام و بەرپرسی باڵامان. لەو ساڵانەی دواتریش دا کۆمەڵە ئەم ئەرکەی خۆی بەردەوام بە جێ هێناوە. لە سەر ئەساسی ئەم بەرپرسیاریەتییه و ئەو راستییەی کە چارەنووسی خەبات لە بەشێکی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر چارەنووسی بەشەکانی تر، کۆمەڵە تێبێنی دڵسۆزانەی خۆی لەسەر ئەو پرۆسەیه کە ئێستا دەستی پێ کردووە ڕاگەیاند. کاتێک که هیچ نیشانەیەک نابینین کە بیسەلمێنێت ماهییەتی دەوڵەتی تورکییە گۆڕانکاری بەخۆوە دیووە و بروای بە چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد پەیدا کردووە، لە جێگای خۆیدا بوو کە ڕێکخراوێک بەرپرسی وەک کۆمەڵە ئاماژه به مەترسییەکان بکات. لە لایەکەوە ئەم دەوڵەتە درێژە بە سەرکوتی هەر دەنگێک و بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانه لە ناوخۆی تورکییە دەدات و کەسایەتی و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەخاتە بەندیخانەکانییەوە، لە لایەکی ترەوە لە دەرەوەی سنوورەکان درێژە بە هێرشکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و داگیرکردنی زۆر ناوچە لە باشوور دەدات. هاوسەنگی ناوچەیی و گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەشدا ئەوەمان پێ ناڵێن کە دەوڵەتی تورکییه لە ژێر گوشاری دەرەکی دا پابەند دەبێت به چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد. لەم ڕووەوە، تێبێنی کۆمەڵە لەسەر ئەم پرۆسەیە ئەوە لە خۆ دەگرێت که، گەشبینی دەبێت لەسەر ئەمری واقع بێت تا بزووتنەوەکە زەرەرمەند نەبێت و لە ئەگەری شکستی هەوڵەکاندا بێ هیوایی لە نێو خەڵکی کوردستان بڵاو نەبێتەوە. ئەو خاڵەشی پێ زیاد دەکەم کە ڕەوتی رووداوەکان لە ئاستی ناوچە و جیهان دا ئەوەمان پێ ناڵێن کە بە دیموکراتیانە چارەسەر کردنی پرسێک وەک پرسی کورد دەخوازێت.

شەڕی ماڵوێران کەری ئیسرائیل له دژی خەڵکی فەلەستین، هاتنە سەرکاری دەوڵه‌تێکی جیهادی لە سوورییه، بەهێزبوونی هێزی ڕاستی توندڕەو لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئوروپا و هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ترامپ له ئامریکا، هەموو ئەوەمان پێ دەڵێن کە ڕەوتەکان لە قازانجی چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد دا نیین، بەڵکوو دەوڵەتانی ملهوڕ، بڕوا بە تاکە رێبەری پاوانخواز و سەرەڕۆ و داسەپاندنی خواستی دەسەڵات لە ڕێگای شەڕ وهەڕەشەوە، ڕەوشی دەسەڵاتداریەتی ئێستایه. ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی دەمێک ساڵه سیمای ئاشکرای ئەم چەشنە لە دەسەڵاتی سیاسیین.
ئەوە نەریتێکی جێکەوتووه لە دونیابینی کۆمەڵە کە ڕاشکاوانه و ڕاستگۆیانه هەموو مەترسییەکانی پرۆژە و پرۆسە سیاسییەکان بە جەماوەر بڵێت و جەماوەر لە وەهم، ڕەشبینی و یا خۆشبینی بە دوور لە واقع ئاگادار بکاتەوە. بۆ نموونە جەماوەر تووشی هیچ وەهمێک بەرابەر بەدەوڵەتانی سەرکوتگەری خەڵک کوردستان نەبن و هیوای کازبیان پێ نەبەخشرێت. ئەمە بەو واتایە نییه کە نابێت لەگەڵ دووژمنێکی دڕندە وتووێژ و دانوستان نەکرێت، بەڵکوو بەو واتایەیە کە مەرجەکانی ئاوا وتووێژێک و داانوستان دیاری بکرێن، له جەماوەر نەشاردرێنەوە و هیچ مەجالێک بە دوژمن نەدرێت کە بە ناوی گفتوگۆ و دانوستان بییەوێت بزووتنەوەکه لاواز بکات و بەرەو دامرکانی بەرێت.
به بڕوای من هه‌ڤاڵانی پارتی کرێکارانی کوردستان زیادە لە حەد پەرەیان دا به گەشبیینی بەم پرۆسەیە، بە بێ ئەوەی که ژێرخانی بەئامانج گەیشتنی پرۆسەکە بونیاد نرابێت. ئەوان دەیانتوانی بەرەو پیری پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانەوە بڕۆن و بە شێوەیەکی ئەرێنی بینرخێنن، بەڵام مەترسییەکان و ئاستەنگەکانی ئەو پڕۆسەیه ڕاشکاوانەتر بخەنه ڕوو و جەماوەری بۆ ئامادە بکەن. تەنانەت وەک تاکتیکی وتووێژیش بووبێت ڕەسم وایه لە دەستپێکدا لەو ئاستە لە گەشبینی هەڵوێستی خۆت دەرنەبڕیت، بەڵکوو هەوڵ دەدرێڕت لایەنی بەرابەر تووشی دڵهورە و ناسەقامگیری بکەین تا قۆناغ به قۆناغ گفتوگۆکان بچنە پێش.

قه‌ندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا چۆن دەبێت بەڕێوە بچێت کە سەرکەوتوو بێت؟

د. عادڵ ئه‌لیاسی: پێکهاتن و دانوستان له نێوان دوو لایەنی دژی یەک لە سەر ئەساسی متمانه بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو لەسەر ئەساسی چەسپاندنی بەرژەوەندی هەردوولا بەڕێوە دەچێت. بۆ چەسپاندنی هاوتەرازی ئاوا بەرژەوەندیێک پێویستە هاوسەنگی هێز بەجۆرێک بێت کە هەردوولا ناچار بن لە بەرابەر دەستکەوتێکدا باجێک بدەن. بە واتایێکی تر، دانوستان بەشێوەیەک ئەنجام بدرێت کە هیچ لایەنێک نە بتوانێت ببێتە تەنها براوەی گفتوگۆکان و نه بە تەواویش تووشی دۆڕاویی بێت. لەم هەلومەرجەدا نابینین کە تەرازووی هێز لە نێوان لایەنەکاندا تا ئەندازەی پێویست هاوتەرازه کە هەردوو لا براوە بن. به بڕوای من پێگەی دەوڵەتی تورکییه گەلێیک بەهێزترە له پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان. هەربۆیه چاوەڕوان ناکرێت گفتوگۆ و وتووێژ لە ئاوا هەلومەرجێکدا لە بەرژەوەندی پارتی کرێکاراندا بێت. بەڵام ئێستا هەل زۆر گونجاوە، بە گرتنە پێشی چەند ڕێکار ئەو تەرازووی هێزە زۆرتر هاوسەنگ بکرێت. یەکێک لەو ڕێکارانە دەتوانێت جموجۆڵ پێ کردنی جەماوەر بێت لە شارەکانی باکووری کوردستان بە شێوەیەکی مەدەنیانه و لە چوارچێوەی یاسای ئەو وڵاته. بۆ نموونە گەشەدان بە ڕێکخراوی مەدەنی و پێک هێنانی کۆڕوکۆمەڵی هەموجۆر و ڕێپێوان و خۆپیشاندان. پارتی کرێکارانی کوردستان خاوەنی ئەو پێگە کۆمەڵایەتییه هەیە کە بتوانێت بەم شێوەیە هێز بنوێنێت به بێ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ تووشی گرژی بێت لە گەڵ دەوڵەت. ئەو کات لە زمانی ئەو جموجۆڵە جەماوەرییەوە دەتوانرێت ئەم خواستانه گەڵاڵە بکرێن:

1) دەوڵەتی تورکییه دەست بەجێ ئاگربەست ڕابگەیەنێت و کەش و هەوای میلیتاریستی و پۆلیسی لە شارەکانی باکووری کودستان هەڵوەشێنێتەوە.
2) ئۆجەلان ئازاد بکرێت و به بێ هیچ ئاستەنگێک مەودای پێ بدرێت بۆ پلان و سیاسەتەکانی خۆی چالاکی بکات و پەیڕەوانی خۆی لەم پڕۆسەیەدا سەرکردایەتی بکات. هاوکات هەموو بەندکراوانی سیاسی تریش ئازاد بکرێن.
3) ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادی پێکهێنانی ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی ڕابگەیەندرێت و هیچ ئاستەنگێک ئەمنی و یاسایی لەم بوارانەدا پێک نەیەت.
4) بە چاودێری و زەمانەتی ناوەندە نێونەتەوەییەکان، بۆ نموونە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکییەتی ئوروپا، پرۆسەی گفتوگۆ لە نێوان حیزبی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکییه بەرەوپێش بچێت.
5) جەماوەر لە هەموو قۆناغە گرنگەکانی ئەو گفتوگۆیانە ئاگادار بکرێنەوە و بەردەوام ڕاپۆرتیان پێ بدرێت.
6) خاڵەکانی جێگا پەسەندی هەردوو لا، که چارەنووسی خەڵکی کوردستان دیاری بکەن، لە ڕاپرسیێکدا ڕەئی جەماوەری بۆ وەربگیرێت.

هەر وەک عەرزم کردن، گەڵاڵەی ئەم داخوازیانه بۆ دەستبەجێ جێبەجێ کردنییان نییه و گفتوگۆکان مەرجداری سەلماندنی هەر ئێستای ئەم خاڵانه ناکرێن، بەڵکوو خواستگەلێکن که لە پرۆسەی گفتوگۆدا دەکەوتنە بەر دانوستان. تا ئەو کات پارتی کرێکارانی کوردستان دوو ئامرازی گرنگی بەدەستەوەیه که نابێت خۆی لێیان بێ بەری بکات. یەکەم، هێشتنەوەی دامەزراوە و قەوارەی پارتی کرێکارانه. مانەوەی دامەزراوە و قەوارەی جێکەوتووی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە سەرکردایەتی و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و کەرەستەی دارایی، چارەنووس سازه بۆ هەنگاوەکانی دواتر. دووهەم، چەکەکانی دەستی پارتی کرێکارانی کوردستانه. ئەو پارتە بە وردبینییەوە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، بەڵام چەکەکانی دەستی، ئەگەرچی لە بواری سەربازیدا کێشەکە یەکلا ناکەنەوە، بەڵام بە تەئکیدەوە کارتێکی بەهێزە لە پرۆسەی دانوستاندا و تا قۆناغی کۆتایی و مسۆگەر کردنی خواستە بنەڕەتییەکان خەڵکی کورد گونجاو نییه ڕادەست بکرێن.

قه‌ندیل پرێس: پەیامەکەی ڕێزدار ئۆجەلان و پڕۆسەی ئاشتی چ کاریگەریەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟

د. عادڵ ئه‌لیاسی: هەر وەک چۆن لە وڵامی پرسیاری یەکەمیشدا ئاماژەم پێ کرد، ئەو پەیامه کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان. تا ئەو شوێنەی بە ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە کاریگەری پەیامەکە لە دوو بواری کرداری و دەروونی دایه. ئێمە دەزانین پارتێکی چالاک لە ڕۆژهەڵات هەیە کە لە باری فیکری و بەرنامەییەوە خۆ بە پەیرەوەی بەڕێز ئۆجەلان دەزانێت.
مەبەستم پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک-ه. ئێمە نازانیین کە ئایا پژاک ئەم پەیامە ئاڕاستە به خۆی دەزانێت و خۆی بە بەرپرس دەزانێت هەمان پڕۆسە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکات یا نه. ئەگەر بێت و خوێندنەوەی پژاک ئەوە بێت کە پەیامەکەی ئۆجەلان ئەوانیش دەگرێتەوە و خۆیان پابەند بە بەکردەوە دەرهێنانی بزانن، ئەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت. لە باری دەروونییەوە، ئەگەری چەک ڕاماڵین لە پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوە ئەو پارته ، قورسایی دەخاته سەر دەروونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و لەوانەیه لە کورت ماوەدە چەشنێک لە خەمۆکی سیاسی پەرە پێ بدات. وێڕای ئەم ڕاستییه، پێم وانییه لە درێژماوەدا ڕەوتی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی لاواز بکات و یا ئەوان لە هەوڵ دان بۆ بەدەست هێنانی خواستەکانییان پاشگەز بکاتەوە. تەنانەت لە ئەگەری بەرەو پێش چوونی پرۆسەکە لە تورکییه، پێم وا نییه ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشبین بکات بەوەی کە لە ئێرانیش دەکرێت هەمان ڕەوش بگیرێتە پێش. پێم وایه خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دوودڵیی و ڕاڕایێکیان بەوە نییه که لە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مافەکانییان دەستەبەر دەکرێن.

قه‌ندیل پرێس: بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵات، ئەو ڕەخنەیان لە شاندەکەی دەم‌پارتی هەیە کە کاتێک لە باشوور بوون سەردانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان نەکرد، بە ڕای جەنابتان بۆ تا ئێستا لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕاوێژ نەکراوە؟

د. عادڵ ئه‌لیاسی: پێویستە ئەو پرسیارە لە شاندەکەی دەم‌پارتی بکرێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە چارەنووسی بزووتنەوەی خەڵک لە بەشێکی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەشەکانی تر هەیه، باشتر وابوو کە ڕاوێژ لە گەڵ هەموو لایەنەکان بکرایه.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. هاشم زێباری: کلیلەکانی ئابووری عێراق لە دەستی هەرێمی کوردستاندایە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ دکتۆر هاشم زێباری، مامۆستای زانکۆی جیهان و سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی کاریگەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *