به‌په‌له

خەون و خەیاڵ یان پلانی بەرنامەداری تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

✍ د. خالد خەیاتی

ئێوە دەڵێن چی؟

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو یانی ٣١ی مانگی ٣ لە سیمینارێک دا بەشدار بووم کە لە لایەن زانکۆی ئەمریکایی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک پسپۆر لە وڵاتانی ئەمریکا، سوئێد و تورکیا بە بەرێوەبەرایەتی مامۆستا و لێکۆڵەری کورد دوکتور ژیار ئاغاپووری ‎@JiyarAghapouri لە ژێر سەردێڕی “ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەر لێواری گۆڕانکارییەکاندا: کوردستان لە کوێ ڕاوەستاوە؟” بەڕێوە چوو. یەک دوو شتی زۆر گرینگ لەم سێمینارە دا -کە زۆر باشیش بەڕێوە چوو- کەوتە بەر سرنجی من کە دەمەوێ لە گەڵ ئێوەی خۆشەویست باسی بکەم. هاوکات تکام وایە ئێوەش بە جیدی بیری لێبکەنەوە.

یەکەم: دوکتور سەرهوون ئال (Serhun Al) کە وەک کەسێکی شارەزا لە زانکۆی ئیزمیری تورکیاوە بەشدار بوو، بە خوێندنەوەی من زیاتر لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕەسمی ئێستای تورکیادا بابەتەکەی خۆی پێشکێش کرد، هەربەم هۆکارەش بۆ من جێگای سرنج بوو. ئەو بەڕێزە دۆخی ئێستای کوردی لە سووریا و ئەوەی کە چەند کەسێکی کورد بوونەتە جێگری وەزیر یان پارێزگاری حەسەکە، وەکوو پێشکەوتنێکی باش پێناسە کرد. ئەو بەرێزە هەروەها، دەستپێشخەرییەکانی ئێستای ئۆجەلان/باخچەلی کە لە چوارچێوەی ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن پڕۆسەی “ئەنتەگراسیۆنی دیمۆکراتیک” دا بەڕێوە دەچێت، وەکوو سیاسەتێکی پڕاگماتیک بەرز نرخاند و بە شتێکی زۆر باشی لە قەڵەم دا. دیارە من لەو پەیوەندییەدا، بە هیچ شێوەیەک هاوبیری   دوکتور ئال نەبووم چونکە پێموایە کە مافی کورد پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە و پێویستە کە لە چوارچێوەی چەمکی سەروەری و دامەزراوە سیاسیی و حقووقییەکانی تایبەت بەخۆیدا موعامەلەی لە گەڵ بکرێت. من هەروەها پێموایە کە سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆنی دیمۆکراتیک” لە ئاکامدا -ئەگەر بەرگرێکی بەهێزی سیاسی و کولتووری نەیەتە ئاراوە-  توانەوە و ئاسیمیلەبوونە لە کولتوور، زمان و دەوڵەتەکانی نەتەوەی باڵادەست دا لێدەکەوێتەوە.

دووهەم: شتێکی دیکەی زۆر گرینگ کە دوکتور سەرهوون ئال بە کورتی و تا ڕادەیەک ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکرد، ئەویش ئەوە بوو کە “تورکیا ڕێگا نادات کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مۆئەسەسات و دامەزراوەکانى حوکمڕانی خۆی دامەزرێنێ، تەنانەت ئەگەر ئەو شتە ئۆتۆنۆمی بێت”. ئەو پێی وایە کە لە ئێرانیش پێویستە کورد بکەونە پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆنی دیمۆکراتیک”.

من نازانم ئایا گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و هەروەها ئەمریکا و ئیسڕائیل ڕێگا بە تورکیا دەدەن کە سەبارەت بە چارەنووسی کوردی ڕۆژهەڵات موداخیلەی لەم چەشنە بکات یان نا؟ ئایا تورکیا دەتوانێت فاکتەری تورکە ئازەرییەکان بکاتە بیانوویەک بۆ موداخیلەیەکی لەم چەشنە کە ئازاردانی کوردی ڕۆژهەڵاتی لێدەکەوێتەوە؟ عەلاقە، وشیاری و ئامادەکاری حیزبەکانی ئێمە لە چ ئاستێک دایە؟

لەم ڤیدیۆیەی هاوپێچ دا جوان دەبینن کە دەوڵەت باخچەلی بە وردی باسی تمووحەکانی تورکیا لە ئێران و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکات.

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئەگەر ئێستا لە دەمی نەدرێت لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێت

✍️ ڕامبۆد لۆتفپووری روو لە بەڕێزانی هاوپەیمانیی کوردستان وەک دەبینن رەزای پەهلەوی کە هێشتا نە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *