به‌په‌له

جەمیل بایک: تاوەکو تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، گرووپێکی دیکەی گەریلا بۆ چەکدانان راناسپێرین

هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، دەبێت لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان بە یاسا پێکبهێندرێت، “ئەگەر بە یاسا پێکنەهێندرێت، هەر کاتێک بیانەوێت هەڵیدەوەشێننەوە.” ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، گرووپێکی دیکەی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ چەکدانان راناسپێرن.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای نزیک لە پارتەکەی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، دەبێت گۆڕانکاری لە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکرێت و زەوینەی ئازادیی کارکردنی بۆ دابینبکرێت.

رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، گرووپێکی 30 گەریلایی لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک “نیازپاکییەک” چەکەکانیان سووتاند.

هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە دەڵێت، ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە لەو قۆناخەی ئێستا و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بگەڕێنەوە تورکیا، ئەو کاتە “دەچنە زیندان و دادگەیی دەکرێن، تەنانەت رەنگە سزای قورسیش بدرێن، چونکە بەپێی یاساکانی ئەوان، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە دووژمنن. سزای ئەمەش زۆر قورسە.”

جەمیل بایک ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی نەنێت، “گرووپێکی دیکەی گەریلا بۆ چەکدانان راناسپێرین.”

بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت. جگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، دەم پارتی و لایەنەکانی دیکە داوا دەکەن لیژنەکە بە یاسا پێکبهێنرێت.

هاوسەرۆکی کەجەکە لەبارەی ئەو لیژنەیەوە رایگەیاند، “ئێمەش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە کردووە کە پێویستە لیژنەکە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی پێکبهێندرێ. ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی پێکنەهێندرێ، هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێننەوە.”

بایک هەر لەمبارەیەوە گوتی، “وەکو ئەوەی ئێمە تێگەیشتووین، ئەو لیژنەیەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن، تەنها بۆ چەکدانانی پەکەکەیە؛ ئەوانەی ساڵانێک لە شاخ بوون چییان کردووە، سزایان چی دەبێت؟ دەیانەوێت ئەمانە دیاری بکەن و بەپێی ئەوە هەندێک هەنگاو بنێن. ئامانجی ئەم لیژنەیە تەنیا چەکدانانە.”

هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی چارەسەری تەنیا چەکدانان نییە و چەکدانان بەشێکە لە پرۆسەکە، “بەڵام دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ تەنیا لەسەر بنەمای چەکدانان پرۆسەکە بەڕێوەببات. ئەوان پێیان وایە بەم شێوەیە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن. بەڵام وا نییە.”

جەمیل بایک ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری دامەزراندنی پەکەکە و چەکهەڵگرتنی ئەو پارتە دژی حکومەتی تورکیا “نکۆڵیکردن و قبووڵنەکردنی کورد و ناسنامەی کورد بووە.”

هاوسەرۆکی کەجەکە گوتی، بۆیە پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت و “بۆ ئەمەش، پێویستە دەوڵەتی تورکیا گۆڕانکاری لە یاسا، سیاسەت و هزریدا بکات. تەنیا بە پرسی چەک کێشەکە چارەسەر نابێت.”

جەمیل بایک رایگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی جیدی لەبارەی پرۆسەکەوە بنێت؛ گوتیشی، “ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بیەوێت فریومان بدات، بێچەکمان بکات، لاوازمان بکات و ئامانجەکانی خۆی بەرامبەر کورد بەدی بهێنێت، ئەوە روونادات. پێویستە هەموو کەس لەمە تێبگات.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن: بێده‌نگی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ ئاست روداوی لاله‌زار زۆر سه‌رنج هه‌ڵده‌گرێت

شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن، سه‌ركرده‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌ل، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، رایگه‌یاند، له‌دوای دو مانگ له‌ تاوانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *