دوای زیاتر لە 30 مانگ لە سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تورکیا بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانیدا و بەرپرسانی هێڵی ئاسمانی تورکی رایانگەیاند، بەم زوانە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکەنەوە.
“دڵخۆشین هێڵی سلێمانیمان دەستپێکردەوە”
یەحیا ئوستوون، سەرۆکی پەیوەندییەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “دڵخۆشین کە جارێکی دیکە و بەم نزیکانە، هێڵی سلێمانیمان دەستپێدەکاتەوە.”
ئوستوون ئاماژەی بەوەشکردووە، هەفتانە حەوت گەشتی بەردەوامیان بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەبێت.
دەشڵێت، “ئامانجمان ئەوەیە بەو گەشتانەمان، بەشداربین لە زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی، کولتووری و گەشتیارییەکانی تورکیا و عێراق.”
هەڵگرتنی سزاکان لە کاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوویەوە و داوایلێکرد گەمارۆی سەر فرۆکەخانەکە هەڵبگیرێت و گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێبکەنەوە.
سلێمانی رۆڵی ئەرێنی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا بینیووە
ئەوەلەکاتێکدایە ، سلێمانی رۆڵی ئەرێنی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیادا بینیوە و سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ پرۆسەی چەکدانان لەلایەن گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگبوو پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە بەرەو پێشەوە برد کە دەسەڵاتی سلێمانی رۆڵێکی گرنگی تیایدا هەبوو.
قەندیل پرێس