بە بڕیارێکی سەرۆککۆماری تورکیا، سامانی 20 کەسایەتی و 19 دامەزراوەی ئێرانی لە تورکیا سڕ کران. بڕیارەکەش لە یەکی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەو بڕیارەی سەرۆککۆمار کە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ژمارە 1718 (2006) و 2231 (2015)ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیستی ئەو کەس و دامەزراوە ئێرانیانەی سامانەکانیان سڕ کراوە، نوێکراوەتەوە.
بڕیارەکە کە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7262ـدا دەرکراوە، لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و داراییەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو کەسانەی سامانەکانیان سڕ کراوە بریتین لە: داود ئاقاجانی، ئەمیر موئەیەد عەڵایی، بەهمەن ئەسغەرپوور، محەممەد فەدائی ئاشیانی، عەباس رەزایی ئاشتیانی، هالە بەختیار، مورتەزا بەهزاد، سەید حوسێن حوسێنی، عەلی حاجینیا لەیلابادی، حەمیدڕەزا مهاجرانی، جەعفەر محەممەدی، ئیحسان مونەجێمی، هۆشەنگ نۆبار، محەممەد قەننادی، ئەمیر رەحیمی، جەڤاد رەحیقی، عەباس رەشیدی، محەممەدجەڤاد کەریمی سابت، سەید جابر سەفدەری و قاسم سلێمانی.
لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا، سامانی هەریەک دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، بانکی سپە، بانکی سپەی نێودەوڵەتی، ناوەندی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمیی ئیسفەهان، سەنتەری تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئیسفەهان، یەکەمین بانکی سادراتی رۆژهەڵات، کۆمپانیای کەشتیوانی ئێران و هیند، ئایریسل بێنێلۆکس ئێن ڤی، جابر ئیبن حەیان، ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی کەرەج، کۆمپانیای کاڤۆشیار، کۆمپانیای وزەی مێسباح، کۆمپانیای تەکنیکی پیشەسازییە مۆدێرنەکان، کۆمپانیای نۆڤین ئینێرجی، سەنتەری توێژینەوەی ئەتۆمی بۆ کشتوکاڵ و پزیشکی، کۆمپانیای پارس تڕاش، پیشەسازییەکانی وزەی پێشگام، هێڵی کەشتیوانی باشووری ئێران و کۆمپانیای تەماس سڕ کران.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو کەس و دامەزراوانەی لە لیستەکەدان، دەتوانن بۆ تانەلێدان لە بڕیاری سڕکردنی سامانەکانیان، داواکاری پێشکێشی کۆمیسیۆنی چاودێری و هاوئاهەنگی بکەن بۆ ئەوەی بگەیێندرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پابەندبوونی تورکیا بە میکانیزمی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە جێبەجێکراوە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەنگاوە بەتایبەتی بۆ زیادکردنی گوشارەکانە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
قەندیل پرێس