تورکیا تانەی لە بڕیارەکەی ژوور دووەمی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دا، کە سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپە، کە لە ٨ـی تەمووزی ٢٠٢٥ دەرچووە و ڕێگەی نەدا ئازادببێت.
ئەمڕۆ دوا وادەبوو بۆ تۆمارکردنی تانەدان لە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی دەوڵەتی تورک داوای کردووە دۆسییەکە لەلایەن ژوور گەورەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
لە ٨ـی تەممووزی ٢٠٢٥، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (DMME)، دووبارە دەستگیرکردنی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی “دۆسێیەی کۆبانی”ـدا لە ڕووی یاساییەوە بە کەموکورتی زانیبوو و بڕیاری دابوو کە دەستگیرکردنەکە پاڵنەری سیاسییە و لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو نەبووە، ئەو کات دادگا بڕیاریدا تورکیا بڕی ٥٥ هەزار و ٧٤٥ یۆرۆ وەک قەرەبوو بداتەوە بە دەمیرتاش.
لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٦، دەوڵەتی تورک پارێزبەندی چەندین پەرلەمانتاری هەدەپەی هەڵگرت و هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و چەندین سیاسەتمەداری کورد دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە، دۆسییەی لێکۆڵینەوە لە دژی ١٠٨ سیاسەتمەدار کرایەوە لەسەر ٢٩ تۆمەتی هەڵبەستراو، بەڵگەنامەی دۆزی کۆبانێ لە ٥ هەزار و ٣٦٧ لاپەڕە پێکدێت.
لە ١٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە چوارچێوەی دۆزی کۆبانێدا سزای ٤٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
قەندیل پرێس