به‌په‌له

بۆ ئۆجەلان دوای لە تورکیا کرد کە پەکەکە ڕۆژهەڵات بگرێت؟

✍ د. کەمال سولەیمانی

دوای قسە و باسی سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئیحتمالی بەشداریی کورد لە شەڕی دژ بە ئێران، هەڵوێستی جۆراجۆر گیران و دەنگدانەوەیەکی تا ڕادەیەک بەربڵاوی نێونەتەوەیی هەبوو.

یەکێک لە گرنگترین پەرچەکردارەکان لە بەرامبەر ئەو باسانەدا، هەوڵی ئۆجەلان بوو بۆ گۆڕینی هەلومەرجی ڕۆژهەڵات و بەڕۆژئاواییکردنی ئەوێش. ئەو هەوڵەش بۆ ئەوە بووە کە لە قۆناغی یەکەمدا بە سوودی ئێران و بە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، پەکەکە و پژاک بۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵات بنێرێت، و لە قۆناغی دووهەمیشدا لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لە بەرژەوەندیی تورکیادا پێش بە دەسەڵاتێکی کوردی لە ناوچەکەدا بگرێت و لە دواییدا چارەنووسی، وەکوو ڕۆژئاوا، بەرەو ئینتگراسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتی داهاتووی غەیرەکوردی ببات.

ئێستا کە ئۆجەلان بەشێکە لە ئەپاراتوس و میکانیزمی ئەمنی و ستراتیژییەکانی دەوڵەتی تورکیا، هێزە ئەمنییەکانی ئەو دەوڵەتەش سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ بەشە جۆراجۆرەکانی کوردستان و سیناریۆ جۆراجۆرەکاندا کەڵک لە ئۆجەلان وەردەگرن. ئەم کەینوبەینەی ئۆجەلان سەبارەت بە ڕۆژهەڵات و تورکیا لە هەواڵێکی چەند ڕۆژ پێشی “قەندیل پرێس”یشدا ڕەنگی داوەتەوە. قەندیل پرێس لە زاری بەڕێز هیوا خۆشناو –گەریلایەکی پێشوو– باسی پێشنیاری ئۆجەلان بە ئەردۆغان دەکات بۆ ڕەزایەتیی سەرۆککۆماری تورکیا بە چوونی پژاک و پەکەکە بۆ ڕۆژهەڵات. دیارە سەرەڕای ڕاستیی هەواڵەکە سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئۆجەلان، ئەو بەشەی کە وا دەگەیەنێت جۆرێک پەیوەندی لە نێوان ئەردۆغان و ئۆجەلاندا هەبێت، هەڵەیە. پەیوەندیی بەردەوامی ئۆجەلان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تورکیایە، نەک لەگەڵ شەخسی ئەردۆغان. چونکە ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەک بەردەنگی ئۆجەلان نییە. ئۆجەلان لە چوارچێوەی هەوڵی خزمەت بە دەوڵەتی تورک و پێشگرتن لە بەرژەوەندیی کورددا زۆرتر وەکوو ڕاوێژکارێکی خۆبەخش کار دەکات.

پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئۆجەلان بە چ مەبەستێک پێشنیاری ناردنی هێزی هاوبەشی پژاک و پەکەکەی بۆ ڕۆژهەڵات کردووە. بۆ تێگەیشتن لە مژارە پێویستە بڕێک بگەڕێنەوە دواوە. بەتایبەت مێژوویی دوای گیرانی ئۆجەلان. لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ئۆجەلان هەوڵی داوە کە تەواو لە ڕوانگەی تورکیاوە دەسکەوتەکانی کورد ببینێت و پێناسە بکات. بۆیە بۆ پێشگرتن لە دەسکەوتی ڕۆژهەڵاتیش هەموو هەوڵێک دەدات.

ئۆجەلان پێشنیاری ئەوەی کردووە کە دەوڵەتی تورکیا ڕەزایەتی بە بوونی ئەمری واقیع لە ڕێگەی پژاکەوە لە ڕۆژهەڵات بدات. تا ئەو جێگەیەی کە من لە پرسەکە تێگەیشتووم، ئەوە بە مانای شەڕی پژاک و پەکەکە لەگەڵ ئێران نابێت. بەڵکوو جدیترین ئیحتمال ئەوەیە کە چوونی پژاک و پەکەکە و دروستکردنی واقیعێکی وەک ئەوەی کە هەسەدە لە سووریادا هەیەتی، بە ئاگاداری و ڕەزایەتیی هەم ئێران و هەم تورکیا دەبێت.

وێدەچێت زۆر کەس ئەم وتانە وەکوو تیۆریی کۆنسپیراسی (موئامەرە و تەوتیئە) ببینن. بەڵام دەکرێت بە کەڵکوەرگرتن لە نووسینە شەخسییەکانی، دەیان نموونە و بەڵگە لە تەئیدی ئەم ئیدیعایەدا لێرە باس بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا بە هێنانەوەی چەندین نموونەیەک هەوڵ دەدەم بیسەلمێنم کە لە نووسینەکانی ئۆجەلاندا بە ڕاشکاوی کێشە لەگەڵ هەر جۆرە ستاتووسێکی کوردی هەیە کە پێش بە ئینتگراسیۆن و توانەوەی کورد لە دەوڵەت-نەتەوە غەیرەکوردەکاندا دەگرێت.

بۆ نموونە، ئۆجەلان لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەکانەوە، وەکوو تورکچییە فاشیستەکان، بەردەوام باشووری بە ئیسرائیلی دووهەم لە قەڵەم داوە. ئۆجەلان بە ڕاشکاوی دەڵێت کە پرۆژەی کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک کە ئەو پێشتر پێشنیاری کردبوو و ئێستا دەستی لێهەڵگرتووە —کە قەرار وابوو لە ڕێگەی کەجەکەوە لە چوار بەشی کوردستان جێگیر ببێت— لە ڕاستیدا بۆ پێشگرتن لە فێدراڵیزمخوازی کورد بوو. ئۆجەلان بە ڕاشکاوی دەڵێت کە پرۆژەی کۆنفێدرالیزمەکەی ئەو، داوای بەفەرمیکردنی زمانی کوردیی تێدا نییە، چونکە بەفەرمیکردنی زمانی کوردی خەتەری فێدراڵیزم بە دوای خۆیدا دەهێنێت (بڕوانە: کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک. ٢٠١٥: ٣٩). دەشڵێت کە کەجەکە و کۆنفێدرالیزم بۆ پێشگرتن لە فێدراڵیزمخوازیی کورد پێشنیار کردووە (هەمان سەرچاوە).

ئۆجەلان، وەکوو دەوڵەتی تورکیا، فێدراڵیزم بۆ کورد بە ئامرازی ئیمپریالیزم دەزانێت و دەڵێت کە ئەمریکا و وڵاتە ئیمپریالیستیەکانی ڕۆژئاوایی لەو ڕێگەیەوە و بە هاوکاریی بۆرژوازیی کورد، دەیانەوێت لە ناوچەکەدا جێگەی خۆیان بکەنەوە. بۆیە بەپێی ئیدیعای ئۆجەلان، فێدراڵیزم:
[4/4/2026 3:01 PM] A: “ئەم چارەسەرەیە، کە پشتی بە باشووری کوردستان و دانیشتووە کوردەکانی دەبەستێت، بە بنچینەیی ئەو شێوازی چارەسەرەیە کە دەرکەوتەی هێژمۆنییە ڕۆژئاواییەکانە و پەسەندی ئەوانە. لەبەر ئەوەی هێزە ڕۆژئاواییەکان لە سەرکەوتوویی و مانەوەی درێژخایەنی چارەسەری نەتەوە-دەوڵەتە فاشیستییە خۆماڵییەکان دڵنیا نین — و لەلایەکی دیکەوە، ئەو جۆرە مۆدێلانە [وەک نەتەوە-دەوڵەت] بۆ جێگیربوونیان لە ناوچەکەدا گونجاو نین — بۆیە چارەسەری نەتەوە-دەوڵەتی فێدراڵیستی بۆ ئەوان بووە بە زەروورەت و پێویستی. بەم شێوازەش، ئەم چارەسەرە — کە بنەماکەی لەسەر کوردەکانی باشووری کوردستانە — وەک متمانەپێکراوترین ئامرازی زاڵبوون کار دەکات.” (تورکیەدە دێموکراتیکلەشمە سۆرونلاری ٢٠١١: ٧٣)
هەر وەک دەبینین، لێرەدا ئۆجەلان فێدراڵیزم بۆ کورد وەکوو بەشێک و لایەنێکی دەوڵەت-نەتەوە دەناسێنێت و بۆیەش دژایەتیی دەکات.

ئۆجەلان تەنانەت بە ڕاشکاوی دەڵێت کە ناسیۆنالیزمی کوردیش دەسکردی ئیسرائیلە. دەڵێت ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل دەیان ساڵە بەردەوامە و دەیەوێت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیری دەوڵەت-نەتەوە لە نێو کورددا، کورد بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و: “ئەم سیاسەتە هەر بەردەوامە. پێویستە بە باشی لە پێشینە مێژووییەکەی تێبگەین. لە ڕێگەی نەتەوە-دەوڵەتخوازیی کوردییەوە، [ئیسرائیلییەکان] هەوڵیان دا هەموو کوردێک تەسلیم بکەن؛ سەددامیش هەر بۆ ئەو مەبەستە لەناو برا.” (دێموكراتیک کورتولوش و ئۆزگور یاشامی ئینشاسی. ٢٠١٥: ١٠٧)

ئەوە ڕوانگەی ڕەسمی ئۆجەلانە سەبارەت بە هەر جۆرە ستاتوسێکی کوردی و ئیحتمالی فەرمی بوونی زمانی کوردی و فێدرالیزم. بە پێی نووسینەکان ئۆجەلان هەموو ئەوانە ئامرازی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ئیسراییلن و دەبێ لە چوارچێوەی گەلەکۆمە و موئامەرەی ئەواندا ببینرین و ئامرازی ستراتیژیکی ئیمپیران بۆ جێ پێ کردنەوە لە ناوچەکەدا و لەڕێگەی وەتەماع خستنی کورد بۆ داوای ئەو جۆرە مافانە.

جا ئێستا کە بگەڕێینەوە سەر باسی پێشنیاری ئۆجەلان و داوای ئیزنی لە تورکیا بۆ ناردنی هێزەکانی پژاک و پەکەکە، ئۆجەلان لێرەدا دوو ئامانجی هەبووە:

یەکەم: بە پێی ئەو وتانەی سەرووی ئۆجەلان، مرۆڤ تێدەگات کە ئۆجەلان پێی وایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن لە ڕێگەی کوردستانەوە (ڕۆژهەڵاتەوە) زەربە لە ئێران بدەن. بۆیە بۆ پێشگرتن لە وەها سیناریۆیەک —وەکوو ئەوەی ئەسەد لە ڕۆژئاوا کردی— وا باشە ئێرانیش بە ئاگاداریی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەکەکە و پژاکی تێکەڵاو بسپێرێت.

دووهەم: پژاک و پەکەکەی تێکەڵاو دەتوانن ڕێ لە گەڕانەوەی باقیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بگرن و مەجالی چوونەوەیان پێ نەدەن. چونکە لە ئەگەری چوونەوەیاندا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، وەکوو نموونەی باشوور ئیمکانی ئەوە دەبێت کە کورد بە یارمەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل پڕۆژەی فێدراڵیزم بکات بە ئەمری واقیع. چونکە بە تێگەیشتنی ئۆجەلان، بەتایبەت ئەمریکا لەبەر قازانجی خۆی و دەوامدارکردنی مانەوەی خۆی لە ناوچەکە و بۆ بەستنەوەی قەدەری کوردستان بە خۆیەوە، ئیزنی پێگەیەکی سەرووتر، یان با بڵێین سەربەخۆیی، بە کورد نادات. چونکە لە ئەگەری سەربەخۆییدا، کورد وێدەچێت بتوانێت لە داهاتوودا لە ئەمریکا بێمنەت بێت. چونکە فێدراڵیزم وەک ”چارەسەر… دەبێتە متمانەپێکراوترین ئامراز هەم بۆ جێگیربوونیان لە وڵاتە پەیوەندیدارەکەدا، و هەم بۆ یەکخستن و پەرەپێدانی دەوڵەت-نەتەوە ناوخۆییەکان و ڕەگەزەکانی تری مۆدێرنیتە، و هەم بۆ گونجانی [کورد] لەگەڵ ئەواندا [واتە ئەمریکاییەکان]” (تورکیەدە دێموکراتیکلەشمە سۆرونلاری ٢٠١١: ٧٣). بۆیە، وەکوو ئەوەی لە نموونەی باشووردا دیتمان، لە نەهایەتدا و لە درێژخایەندا، تورکیاش ناچار دەبێت کە تەسلیمی ویستی ئەمریکا بێت بۆ قبووڵکردنی پێگەی فێدراڵیی کورد لە ڕۆژهەڵاتیش. ئەو پێگەیەی کورد پێش بە توانەوە و ئینتگراسیۆنی کورد لەگەڵ دەوڵەتەکان و نەتەوە زاڵەکاندا دەگرێت. بۆیە ئۆجەلان لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە بە ڕازیکردنی تورکیا بۆ ناردنی پەکەکە و پژاک بۆ ڕۆژهەڵات، هەم پێش بە چوونەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بگرێت، و هەم پێش بە دەستکەوتی ئیحتمالیی کورد لە ڕێگەی بوون بە فاکتەرێک لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بگرێت.

لە دوای ئەو هەوڵەی ئۆجەلانیشدا بوو کە گۆڕانکاری لە زمانی پژاکیشدا سەبارەت بەو شەڕەی ئەمریکا و ئێران ڕوویدا. کەسانی وەکوو دوران کاڵکان هەر لە سەرەتاوە نەسیحەتی کوردی ڕۆژهەڵاتیان دەکرد کە خۆ لە شەڕێکی ئاوا نەدەن و باشترە بە دوای دێموکراسییەوە بن. دیارە دێموکراسی هەمان ئینتگراسیۆنی ئۆجەلانە، کە تێیدا کورد دەبێت بەبێ هیچ جۆرە داوایەک لەگەڵ دەوڵەتەکان تێکەڵ ببێتەوە —هەر وەکوو ئۆجەلان لە پەیامەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا بە ڕاشکاوی ئەم شتەی ڕاگەیاند و تەنانەت کوتی کورد نەک تەنیا نابێت هیچ پێگەیەکی هەبێت، بەڵکوو تەنانەت نابێت داوای مافی کولتووریش (کولتورالیستی) بکات.
ئۆجەلان خۆی ناوی لە دەست هەڵگرتنەی کورد لە مافەکانی ناوە ئینتگراسیۆنی دێموکراتیک.

دیتمان کە لە دەسپێکی شەڕەکەدا کەسانی وەکوو ئەمیر کەریمی —هاوسەرۆکی پژاک— بە جۆرێک پەیامیان بە ئەمریکا دەدا کە ئێمە هەر ئێستا هێزمان لە ڕۆژهەڵات هەیە. دەیویست بڵێت ئەگەر بە ڕاشکاوی ئێمە وەکوو بەردەنگ بەکار بهێنن، بردنەوە و ناردنی هێز بۆ ڕۆژهەڵات کێشەیەک نییە. چونکە بەپێچەوانەی حیزبی دێموکرات و یەک دوو هێزی دیکە، ئیسرائیلی و ئەمریکاییەکان ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ پژاک نەکرد. بەڵام دواتر ئەو تۆنە دەنگەی پژاکیش بە گشتی گۆڕا و ئەوانیش ڕێگای سێهەمی ئۆجەلانیان هەڵبژارد. ڕێگای سێهەمیش دوای ئەوە بوو کە ئۆجەلان زانی تورکیا متمانە بە پژاک و بە هیچ کوردێکی ڕۆژهەڵاتی ناکات تاکوو جۆرێک ئەمری واقیع  وەکوو نموونەی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات ساز بکەن. چونکە لە ڕوانگەی تورکیاوە، هۆکاری زۆر بۆ ئەو بێمتمانەییە هەن:

یەکەم: ڕۆژهەڵات، بەپێچەوانەی ڕۆژئاوا، چەندین هێزی کوردیی تێدایە.

دووهەم: ڕۆژهەڵات لە باری جوگرافیاییەوە زۆر بەربڵاوترە لە ڕۆژئاوا،  بەپێچەوانەی ڕۆژئاوای دوای تەعریب، کورد لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتدا زۆرینەی ڕێژەیان هەیە.

سێهەم: بە گشتی دوای نسکۆبوونی ڕۆژئاوا و هاوکاریی ئۆجەلان لەگەڵ تورکیا، لانیکەم ڕای گشتیی کورد ترسێکی زۆریان هەم لە تورکیا و هەم لە ئۆجەلانیش هەیە.

چوارەم: دەربڕینی نەفرەتی کورد لە تێزی برایەتیی گەلانی ئۆجەلان و هاودەنگی و بەهاناوەهاتنی ڕۆژئاوا لە لایەن کوردەوە، ئەو ڕاستییەی بە تورکیاش سەلماندووە کە لانیکەم ئۆجەلان لە دەرەوەی باکوور بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێت بە مۆرەیەکی سووتاو. دوور نییە لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا و لە ئەنجامی زۆر قسەکردن، پەیام بەردەوام ناردن و هەڵوێستی ئاشکرا و بەردەوامی ئۆجەلان بە قازانجی تورکیا، لە نێو خودی هێزەکانی سەر بە مەنزوومەی ئۆجەلانیش، ئەو کابرایە ببێت بە ڕێبەرێکی تەواو بێئیعتبار.

پێنجەم: بوونی تورکی ئازەری وەکوو هێزی زەمینی، تا ڕادەیەکی زۆر تورکیای بێنیاز کردووە لە هێزێکی دیکەی پرۆکسی کە داهاتووی هاوکارییەکەی تەواو ڕوون نییە.

شەشەم: خوێندنەوەی تورکیا لە ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە بەتایبەت هاوپەیمانیی ئەو شەش حیزبە (جا بە هەڵە یان بە ڕاست) دەبێت کوردی ڕۆژهەڵات زۆر یەکگرتوو بێت. هەر بۆیە تەواو گومان هەیە لەوەی کە ئۆجەلان توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزانەی هەبێت. جا بەتایبەت کە ئیحتمالی هەیە ستاتوویەکی بە پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیلیش بە دوادا بێت.

حەوتەم: ئیحتمالی پشتیوانیی جیددیتری ئیسرائیل لە کوردی ڕۆژهەڵات تا کوردی ڕۆژئاوا زۆر لە سەرترە. بەتایبەت کە لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا، ئیسرائیل وەکوو هێزی سەرکەوتوو دەتوانێت فاکتەرێکی جیددیش بێت لە ڕێکخستنەوەی سیاسیی ئێرانی داهاتوودا.

هەشتەم: لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا، تورکیا دەبێت بە یەکەم دوژمنی ستراتیژیکی ئیسرائیل. بۆیە ڕۆژهەڵاتێکی دۆست لەگەڵ ئیسرائیل، دەتوانێت ڕۆڵی زۆر گرنگی هەبێت لە ململانێی داهاتووی ژیۆپۆلەتیکی ئیسرائیل و تورکیادا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئەگەر ئێستا لە دەمی نەدرێت لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێت

✍️ ڕامبۆد لۆتفپووری روو لە بەڕێزانی هاوپەیمانیی کوردستان وەک دەبینن رەزای پەهلەوی کە هێشتا نە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *