لە پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکهێنراوە و ژمارەیەک بنەما و یاسای بۆ دیاریکراوە، کە خۆی لە 12 ماددەدا دەبینێتەوە.
بنەماکانی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی
ناوی لیژنەکە؛
ماددەی یەکەم؛ ناوی لیژنەکە بریتییە لە لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی
ئەرک و ئامانجەکانی لیژنەکە؛
ماددەی دووەم؛
بڕگەی یەکەم؛ ئامانجی لیژنەکە بریتییە لە سڕینەوەی تیرۆر لە رۆژەڤی تورکیا، بەهێزکردنی یەکبوونی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی و برایەتیی و کارکردن لە بوارەکانی دەوڵەتی یاسا، دیموکراسیی و ئازادی.
بڕگەی دووەم؛ ئەرکی لیژنەکە ئەوەیە، لە چوارچێوەی ئەو ئامانجانەی لە بڕگەی یەکەمدا دیاریکراون، هەمواری یاسایی دەستنیشان بکات و کار لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسا بکات، هاوکات رایگشتیی لە کارەکانی خۆی ئاگادار بکاتەوە.
سەرۆکی لیژنەکە؛
ماددەی سێیەم؛ سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی لیژنەکەیە. لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکدا، ئەندامانی لیژنەکە کە سەرۆکی پەرلەمان ئەرکداریان دەکات، بە نۆرە سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکەن. ئەو کەسەی لە جێگەی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات، مافی دەنگدانی لەسەر بڕیارەکان دەبێت.
ئەندامانی لیژنەکە؛
ماددەی چوارەم؛
بڕگەی یەکەم؛ ئەرکی ئەندامانی لیژنەکە بە درێژایی ماوەی کارکردنی لیژنەکە بەردەوامدەبێت. هەر پارتێکی سیاسیی دەتوانێت لە رێگەی ئاڕاستەکردنی نووسراوێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەندامی خۆی لە لیژنەکە بگۆڕێت.
بڕگەی دووەم؛ لەکاتی نەمانی ئەندامێک لە لیژنەکەدا، ئەو پارتەی ئەندامەکەی نەماوە، دەتوانێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لە دانانی ئەندامێکی نوێ بۆ شوێنی ئەندامەکەی پێشووی ئاگاداربکاتەوە و دیاریبکات.
کۆبوونەوەکانی لیژنەکە، بەرنامەی کار و سکرتارییەت
ماددەی پێنجەم؛
بڕگەی یەکەم؛ سەرۆکی پەرلەمان، بانگی لیژنەکە دەکات بۆ کۆبوونەوە. لەبارەی کات، شوێن و بەرنامەی کۆبوونەوەکەوە، پێشنیازی پارتەکان بەهەند وەردەگیرێت، دیاریدەکرێت و ئەندامەکانی لێئاگادار دەکرێتەوە.
بڕگەی دووەم؛ لیژنەکە بڕیار لەبارەی ئەوە دەدات کۆبوونەوەکان داخراو یان کراوە بن.
بڕگەی سێیەم؛ ئەرکی سکرتارییەتی لیژنەکە، لەلایەن سەرۆکایەتیی سکرتارییەتی گشتیی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانەوە جێبەجێدەکرێت.
کۆبوونەوە و رێژەی یاسایی دەنگدان
ماددەی شەشەم؛
بڕگەی یەکەم؛ رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکانی لیژنەکە بریتییە لە ئامادەبوونی زۆرینەی 48 ئەندامەکەی لیژنەکە. بڕیارەکانی ئامادەکردنی پرۆژەیاسا، پێویستی بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی لیژنەکەیە. بڕیارەکانی پەیوەست بە بابەتەکانی دیکە، پێویستی بە زۆرینەی ئامادەبووانی لیژنەکەیە.
پرۆتۆکۆڵ
ماددەی حەوتەم؛
بڕگەی یەکەم؛ هەموو وتەیەکی ئەندامان تۆماردەکرێت. لیژنەکە بڕیار دەدات ئایا وتە تۆمارکراوەکان بۆ رایگشتی دەخرێنەڕوو یاخود نا.
بڕگەی دووەم؛ وتە تۆمارکراوەکانی دانیشتنە داخراوەکان، بە نهێنیی دەهێڵرێنەوە.
ئەرکدارکردنی شارەزایان
بڕگەی یەکەم؛ لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنەکەدا، شارەزای یاسایی ئەرکدار دەکرێت. لە کاتی پێویستدا و لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەدا، لە دامەزراوە، دەزگا، زانکۆ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، شارەزا ئەرکدار دەکرێن.
بەشداربوون لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکەدا
ماددەی حەوتەم؛
بڕگەی یەکەم؛ ئەو کەسانەی دەتوانن لە کۆبوونەوەکانی لیژنەکەدا بەشداربن؛ ئەندامانی لیژنەکە، هاوکات بە رەچاوکردنی پێشنیازی پارتە سیاسییەکان، دەکرێت نوێنەری دامەزراوە، دەزگا، زانکۆ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی دیکە، بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەن.
رووماڵکردنی کۆبوونەوەکانی لیژنەکە
ماددەی 10؛ بڕگەی یەکەم؛
جگە لە کۆبوونەوە داخراوەکان، کۆبوونەوەکان کراوەیە بەڕووی میدیای نووسرادا، لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەکە دەتوانێت بڕیار لەبارەی ئەوە بدات کۆبوونەوەیەک بە تەواویی یان بەشێکی بەڕووی میدیادا دابخات.
ماوەی کارکردنی لیژنەکە؛
ماددەی یەکەم؛
بڕگەی یەکەم؛ کارەکانی لیژنەکە تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوامدەبن. لە کاتی تەواوبوونی ئەو وادەیەدا، بە بڕیاری زۆرینەی رەهای ئەندامانی سێ لەسەر پێنج، دەتوانرێت بۆ هەر جارێک، دوو مانگ درێژ بکرێتەوە.
بڕگەی دووەم؛ بە بڕیاری سەرۆکی لیژنە یان بە بڕیاری زۆرینەی رەهای سێ لەسەر پێنجی ئەندامان، دەتوانرێت کۆتایی بە کارەکانی لیژنەکە بهێنرێت.
ئەو رەوشانەی لە دەرەوەی بڕیارن
ماددەی 12؛
بڕگەی یەکەم؛ لیژنەکە سەبارەت بەو بابەت و رەوشانەی لە شێواز و بنەماکانی لیژنەکەدا نەهاتوون، لە رێگەی رێژەی یاساییەوە، دەتوانێت بنەمایان بۆ دابنێت.
قەندیل پرێس