مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فەرەنس24، هۆشداریدا لە دەرئەنجامەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق، کە بە گوتەی ئەو، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش. بارزانی هەروەها ئاماژەی بە دۆخی سووریا و پرسی ئاشتی لە تورکیا کرد و پێشبینیی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانی کرد.
مەترسییەکانی کشانەوەی ئەمریکا:
بارزانی بە توندی هۆشداریی دا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و رایگەیاند: “گومانی تێدا نییە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە، رووبەڕووی هەمان سیناریۆی ساڵی 2012 دەبینەوە و داعش سەرهەڵدەداتەوە.” سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەسەر هەڵوێستی ئاشکرای هەرێمی کوردستان کردەوە لەمبارەوە.
پێشبینی ئازادکردنی ئۆجالان و پرۆسەی ئاشتی:
سەبارەت بە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بارزانی پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و هیوایخواست ببێتە هۆی ئاشتییەکی سەرتاسەری و ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە. بارزانی گوتیشی: “هەست دەکەم ئەوە دەرئەنجامی پرۆسەی ئاشتی دەبێت، ئۆجەلان ئازاد دەکرێت.”
دۆخی سووریا و پێویستیی گشتگیربوون:
لەبارەی دۆخی سووریا و زیادبوونی ئاڵۆزی و توندوتیژییەکان دژ بە پێکهاتە جیاوازەکان (عەلەوی، دروز، کورد) لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بارزانی هۆشداریدا کە ئەم نیگەرانییانە رەنگە ببێتە هۆی هەڵکشانی دۆخەکە لەنێوان گەلانی کورد و عەرەب و دەستێوەردانی دەرەکی. ئەو داوای لە دەسەڵاتی نوێی سووریا کرد کە “سەرجەم پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت.”
پشتیوانیی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی:
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی تورکیا دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بارزانی رۆڵی تورکیای بە ئەرێنی وەسف کرد و رایگەیاند: “تورکیا بەڕاستی پشتیوانی لە پرۆسەیەکی ئاشتیانە دەکات، ئەوان پشتیوانییان لە رێککەوتنی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع کردووە، ئێمەش پشتگیریمان لێ کرد و پێکەوە هەوڵمانداوە رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت.”