به‌په‌له

ئەردۆغان داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەى سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە

سەرەڕای ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ و بوونى پڕۆسەى ئاشتى و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرۆکی دەوڵەتى تورک داوا لە پەرلەمان دەکات ماوەى هێرشە داگیرکارییەکانى لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان درێژ بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای ناردنی هێزی سەربازی دیکە دەکات بۆ ئەو دوو بەشەی کوردستان.

میدیاکانی تورکیا یاداشتێکی ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەی بە درێژکردنەوەى ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانى سوپای وڵاتەکەی بۆ ماوەى سێ ساڵی دیکە کردووە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

یاداشتەکە دوێنێ بە واژۆی سەرۆکی دەوڵەتى تورک ئاڕاستەى پەرلەمانى تورکیا کراوە و تێیدا داوای کردووە ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپا لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەى سێ ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە، هاوکات ئاماژەى بە ناردنی زیاتری هێزی سەربازی کردوە بۆ ئەو دوو بەشەی کوردستان.

سەرۆکی دەوڵەتى تورک لە یاداشتەکەیدا پاساوی ئەوەى هێناوەتەوە کە لەسەر سنووری وڵاتەکە”هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا بەردەوامە” و بەوتەى ئەو “هێشتا سەقامگیریی هەمیشەیی مسۆگەر نەکراوە” بۆیە داوای کردوە ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانى خۆی ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە.

هەر لە یاداشتەکەدا بۆ پەرلەمانی تورکیا سەرۆکی دەوڵەتى تورک باسی لە یەکپارچەیی و یەکێتی خاکی عێراق و سوریا کردوە و ئاماژەی بە مەترسی پەکەکە و یەپەگە و پەیەدە کردوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش ئاماژەى بە هەرێمی کوردستان کردوە کە ئەمانە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی ئەو دوو وڵاتە دەکەن، بۆ شەرعیەتدان بە هێرشە داگیرکارییەکانى خۆی و بەردەوامیدان لە هێرشە داگیرکارییەکانی باسی لە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە و دەڵێت: بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێزگرتن لە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی عێراق و سووریا و، بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ژمارە 2170 کە داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات “بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێکخراوە هاوشێوەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر.

بەپێی یاداشتەکە بێت داوا لەپەرلەمان کراوە کە لە ٣٠ـی ئەم مانگە یاداشتەکە پەسەند بکات و ڕێگە بە دەوڵەتى تورک بدات تا ساڵی ٢٠٢٨ ئۆپەراسیۆنى داگیرکاری بکات و هێزی زیاتر ڕەوانە بکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا تیمی کوردستانی عێراقی CPT بڵاوی كردەوە، سوپای تورکیا بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، درووستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنووری شارۆچكەی ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، لە ئێستادا سوپای تورکیا نەک هەر ڕێگا لە نێوان بارەگا سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمدا دروستدەکات، بەڵکو لە بارەگا سەربازییەکانەوە ڕێگا دەباتە ناو گوندە ئاوەدانەکان.

یاداشتەکەی سەرۆکى دەوڵەتى تورک بۆ درێژکردنەوەى ماوەى ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان و دروستکردنى بنکە و بارەگای سەربازی نوێ لە باشووری کوردستان، ئاماژەیەکی ڕوونە کە دەوڵەتی تورک نایەوێت هیچ هەنگاوێک بۆ پڕۆسەى ئاشتى و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەنیازە هێرشە داگیرکارییەکانى زیاتر چڕ بکاتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئاژانسێكی ئەمریكی پيلانێكی نهێنی ئەردۆغان و ئەحمەد شەرع بەرامبەر كورد ئاشكرادەكات

ئاژانسێكی بلومبێرگی ئەمریكی ئاشكرایكرد، ئەردۆغان چەكى قورس دەداتە ئەحمەد شەرع، لەبەرامبەردا داوای لێكردوە، شەرع سنورێك …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *