ئەحمەد تورک: پرۆسەی چارەسەری بەهۆی پشتگیریی ئەردۆغان بەرەو پێش دەچێت

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بەرەو پێش دەچێت، چونکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری دەکات.

ئەحمەد تورک لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە دەسەڵات ڕایگەیاند، “تاوەکو ئەمڕۆ جگە لە مستەفا کەمال، بەڕێز ئەردۆغان ئەو کەسە بووە کە هێزی کاریگەری لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبووە.”

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە باسی لە پرۆسەی چارەسەری ئەمجارە و پرۆسەی چارەسەری رابردوو کرد و گوتی، وەک یەک نین و “ئەو پرۆسەیەی تێیداین، پڕۆژەی یەکگرتنی کۆمەڵگەکەمان و گەلانە لەسەر بەها دیموکراسییە هاوبەشەکان.”

ئەحمەد تورک باسی لە هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەکە کرد و گوتی، “بەڕێز دەوڵەت باخچەلی سەرکردەیەکە کە زۆر رێزی لێدەگرم؛ کەسێکە کە لەم پرۆسەیەدا بە جێگیری وەستاوە و خاوەندارێتی لە پرۆسەکە دەکات. کاتێک چووینە سلێمانی، تەلەفۆنی کرد و سوپاسی کرد. یەکەمجار دوای دەرچوونم لە زیندان لە فڕۆکەخانە یەکدیمان بینی. نەمتوانیبوو سەردانی بکەم، بەڵام بە تەلەفۆن سوپاسم کردبوو. دەمەوێ لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بکەم.”

ئەحمەد تورک وتیشی، “پرۆسەکە پێشدەکەوێت، چونکە سەرۆککۆمار پشتگیری دەکات. بەڕێزیان هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، تەنانەت ئەو رەخنانەش لەبەرچاودەگرێ کە رەنگە ئاراستەی بکرێن. لە سەرەتای پرۆسەکەدا زۆر بیروڕای خۆی لەبارەی ئەم پرسەوە لەگەڵ رای گشتی هاوبەش نەکرد، بەڵام بەم دواییانە بە روونی رایگەیاندووە کە تاوەکو کۆتایی پشتگیریی پرۆسەکە دەکات.”

سیاسەتمەدارەکەی باکووری کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کۆدەنگییەکی سیاسیی بەهێز بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەیە و رایگەیاند، ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی ئەردۆغان کە لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە.

ئەحمەد تورک وتی، “سەرۆککۆمارمان لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبووەوە. منیش دەمەوێ بەتایبەتی لەبارەی سووریاوە قسەی لەگەڵ بکەم. پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ناوچەکەدا هەیە. ئەمە پڕۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی تورکیایە. لەبری دەستوەردانی وڵاتانی دیکە، پێویستە تورک و کورد پێکەوە بێن و بڕیار بدەن کە چی بکرێ. پێویستە تورکیا لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکات. با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکرێت، بەڵام بە بڕوای من پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکرێ و رایان وەربگیرێت.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سودانی لەبارەی چەککردنی گروپە چەکدارەکانەوە ڕونکردنەوە دەدات

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بەڵێنی داوە هەموو چەکێک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *