بەگوێرەی شیکارییەک کە ڕۆژنامەی “ئۆرشەلیم پۆست”ی عیبری بڵاویکردوهتەوە، باس لەوەدەکات، ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو لەوانەکانی شەڕی ئەمدواییەی لەگەڵ ئێران کە لەمانگی حوزەیران سەریهەڵداو 12 ڕۆژی خایاندوە، فێربوەو ئێستاش خۆی بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتە ئامادە دەکات.
ڕۆژنامە عیبرییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران لەڕۆژانی یەکەمی شەڕەکەدا نزیکەی 550 موشەکی بالیستیکی بەئاراستەی ئیسرائیل هەڵدا، بەڵام هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل توانای ئێرانی بۆ هەڵدانی موشەک بەشێوەیەکی چڕ، پەکخست.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل خێراکردنی کڕینی سیستەمی بەرگریی (Arrow)ی ڕاگەیاند، ئەو سیستەمە کە لەگەڵ ئاژانسی بەرگریی موشەکیی ئەمریکی پەرەی پێدراوە، دەرکەوتوە کە شانبەشانی سیستەمی Iron Dome و Magic Wand. لەڕێگرییکردن لەموشەکەکانی ئێران کاریگەربون.
ڕۆژنامەکە ڕونیشیکردوەتەوە، هێرشەکانی ئێران لەسەردەمی شەڕی 12 ڕۆژەدا کەمتر هەماهەنگو چڕتربوە لەچاو هێرشەکانی مانگی نیسانو تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 کە بەپلانی پێشوەختە ئەنجامدراون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا ئیسرائیل سەرنجی لەسەر پەکخستنی توانای ئێران بوە بۆ ئەوەی لەیەک کاتدا سەدان موشەک لەڕێگەی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانەوە هەڵنەدات، کە فڕۆکەی جەنگیو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دورمەودا بەشدارییان تێداکردوە.
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردەوە، یەکێک لەگرنگترین پێنوێنەکانی سەرکەوتنی ئیسرائیل، بەرپەرچدانەوەی نزیکەی 99%ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بوە کە ڕێژەیەکە لەمێژوی شەڕی مۆدێرن نزیکە لەوەی هاوشێوەی نەبوە، هاوکات ڕێژەی تێکشکاندنی موشەکی بالیستیکی گەیشتە نزیکەی 86٪، واتە هەندێک موشەک لەئامانجەکانیانداوەو نزیکەی 30 کەس کوژراونو هەزاران کەسیش برینداربون.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، ئەم شەڕە تەنها تاقیکردنەوەی توانا تەکنەلۆژییەکانی ئیسرائیل نەبوە، بەڵکو دەرفەتێک بوە بۆ شیکردنەوەی مۆدێلی شەڕی ئێران بەتایبەتی لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بەتاران لەناوچەکەدا، بەوپێیەی مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵڵاو حوسییەکان، ئەزمونی مەیدانی بەئیسرائیل داوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، ڕەنگە ئێران بەردەوامبێت لەباشترکردنی وردپێکیو مەودای موشەکەکانی، بەڵام هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل دەریخست کە ئەم جبەخانەیە گەرەنتییەکی ڕاستەقینەی سەرکەوتنی سەربازی نییە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر پەرەپێدانی “موشەکی هایپەرسۆنیک” بەو مانایە نییە کە خاوەنی توانای مانۆڕکردنە لەئاسماندا، ئەمەش تایبەتمەندییەکە کە ئەمجۆرە چەکە کاریگەر دەکات.
ڕۆژنامەکە لەکۆتاییدا ڕایگەیاندوە، ئێران هێشتا وانەی خۆی وەرنەگرتوەو بەردەوامە لەپشتبەستن بەو سیستەمانەی کە ناتوانن بەتەنها شەڕەکان یەکلایی بکەنەوە.
قەندیل پرێس