به‌په‌له

پەیامەکەی ئۆجەلان و چەپڵە لێدان!

✍️ شەماڵ بەشیری

پەیامەکەی رێزدار ئۆجەلان هەتا ئێستاکەش رۆژەڤی سۆشیال میدیای کوردییە. بەشێکی بەرچاوی ئەو کەس ولایەنانەی کە لەسەر ئەم بابەتە شت دەنووسن و وێنەی نوێ و کۆن بڵاو دەکەنەوە، دۆستان و وڵاتپارێزانی سەر بە تەڤگەڕیی ئاپۆیین. جگە لەمەش زۆربەی بزوتنەوەکانی سەر بە مەنزوومەی پەکەکە، لێدوانیانداوە و پشتگیری ئەو هەنگاوەیان کردوە.

سەرەتا ئەوەیکە گرینگە لەبەرچاوی بگرین، جەوهەری پەیامەکەی ئۆجەلانە. جەوهەری ئەو نامەیە رەخنەیە. رەخنە لە دۆخێکی سیاسیی و جۆر و فۆرمێک لە حیزب و حیزبایەتی. بەواتایەکیتر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی سۆسیۆلۆژیک بۆ کۆمەڵگا، شێوەی ململانەی سیاسی- مەدەنی لەدژی دەسەڵات و رێباز و مۆدێلەکانی بەربەرەکانی لەسەردەمێکی نوێدا. ئەگەر بۆ سەردەمی دیدارەکانی ساڵانی ٢٠٠١ هەتا ٢٠٠٤ بگەرێینەوە، ئۆجەلان پەکەکەی لە روانگەی سێنترالیزمی مارکسیستیی- لێنینیستییەوە رەخنەدەکرد و تێپەڕاندنی ئەم جۆرە لە سێنترالیزمی وەک پێش شەرت بۆ گەیشتن بە فۆرمێکی دیموکراتیکی مەدەنی پێناسە دەکرد.

سەرکردایەتی ئەو کاتی پەکەکە، لە زۆربەی لێکدانەوە و پەرسپەکتیڤ و تەعلیماتەکانیدا، باسی لە پێویستی تێپەراندنیی سێنترالیزمی مارکسیسیتیی- لێنینیستیی دەکرد و تەنانەت کاتێکیش کە لەسەر پرسی سۆسیال ریفۆرم بڕیاردرا، ئەم بابەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی پرۆسەی سۆسیال ریفۆرم بوو. هەر چۆنێک بێت، لەو قۆناخەدا پەکەکە تووشی قەیرانی ناوخۆیی هات و پارچەبوونی تێکەوت. رێزدار جەمیل بایک، گەڕانەوەی بۆ مۆدێلی سێنترالیزمی مارکسیستیی- لێنینیستیی وەک پێویستییەک بۆ کۆکردنەوەی بزوتنەوەکە گرتە دەست و سەرلەنوێ بزوتنەوەکەی لەسەر ئەم مۆدێلە، خستەوە سەر یەک. بەڵام دەگەل ئەمە، قەڵشتێکی گەورە کەوتە نێوان ئەو وەچەرخانە فکریی- فەلسەفییەی کە ئۆجەلان پێکی هێنابوو، دەگەل ئەو مۆدێلەی پەکەکە خۆی لەسەر رێکدەخستەوە. لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێن ئەم پرسە مەسافەیەکی گەورەی لەنێوان گوتار و کردەوەدا ساز کرد. هەموو پرۆژەکانی ئۆجەلان لەم خاڵەدا لەناو پەکەکە شکستیان هێنا. سەرەتا کادەک نەیتوانی ببێتە ئەو مۆدێلە دیموکراتیکەی کە ئۆجەلان دەیهەویست. بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی کرد. دواتر نە کۆنگرەی کۆمەڵانی کوردستان کە بە کەکەکە ناسراوبوو، نە کۆنگرەی گەل لەبەر فۆرمی سێنترالیزمی مارکسیستی- لێنینیستی توانینیان سەرکەوتن بەدەست بێنن. هەموو بوونە کۆپییەکی خراپ لە پەکەکە کە نەیانتوانی بەدرێژایی ٢٥ ساڵی رابردوو شان وەبەر پرۆژەی ئۆجەلانەوە بنێن.

یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی ئەم چەقبەستووییەی مۆدێلی سێنترالیزمی مارکسیستیی-لێنینیستیی پرسی پەروەردەی کادیر بوو. بەجۆرێک لە جۆرەکان، ئاکادێمیاکانی ناوی سیستەمی پەکەکە قەت نەیانتوانی ببنە ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی کادیرێکی نوێ کە بتوانێت وەرچەرخانی فکری ئۆجەلان داقورتێنێت و بتوانێت لە رووی هزریی و پراکتیکییەوە ببێتە نوێنەری مۆدێلێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان و بیرکردنەوە. بە چاوخشاندنێک بە ئوسلوب، خیتابەت، فۆرمەکانی رێکخستن و بڕیاردان، دامودەزگاکانی راگەیاندن و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ جیاوازییەکی جەوهەریی لەنێوان قۆناخی پێش ٢٠٠٠ و دوای ساڵای ٢٠٠٠ لە ئارادا نییە.

دەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان چۆنێتی نزیکبوونەوەی کادیران و دۆستانی پەکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو تەحلیلەی سەرەوەی پشتڕاست دەکردەوە. واتە ٦ مانگبوو رۆژنامەوان هیوا خۆشناو هەبوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکییەی ئاشکرا کردبوو. ئەم ئاشکراکردنە بە دوو جۆر هەڵسوکەوتی دەگەل کرا. یان لەبەرامبەریدا بێدەنگی هەڵبژێڕدرا یان رەد دەکرایەوە و ناوبراو وەک خائین ناوزەد دەکرا. ئێستاکەش کە چەند رۆژێک لەسەر ئەو پەیامە تێپەڕیوە، هەموو کەس لەسەر ئەو پەیامە قسە دەکات بەڵام پەکەکە و کادیرانی پەکەکە لەم نیقاشەدا غائیبن. تەنها کەسانێک کە قسەیان کردبێت بەرێز زوبەیر ئایدار و مستەفا قەرەسوویە. هەر دوو بەرێز نەک هەر هیچیان روون نەکردۆتەوە بەپێچەوانە دەگەڵ قسەکانانی خۆیاندا کۆمەڵێک ناروونی زیاتریان ساز کردوە.

لێرەدایە کە دەگەڕێینەوە سەر مۆدێلی سێنترالیزمی مارکسیستیی- لێنینیستی. لەم مۆدێلەدا بیرکردنەوە و کاری تێئۆریی هی سەرکردایەتی بزوتنەوەیە. هەتا سەرکردایەتی قسەیەک نەکات کەس بیرناکاتەوە. ئەگەریش بیربکاتەوە هیچ باس ناکات چوونکە دەترسێ ئەنجامی بیرکردنەوەکەی لە دژی تەسپیت و لێکدانەوەکانی سەرکردایەتیی بێت.

لێرەدا گرینگە کە باس لە رۆڵی خودی ئۆجەلان لە سازدانی ئەم دۆخەدا بکەین. پەکەکە بەرهەمی خودی ئۆجەلانە و هەتا رووبەرووی گەلەکۆمەی ناودەوڵەتی نەببۆوە، هیچ هەنگاوێکی بۆ دیموکراتیزەکردنی بزوتنەوەکەی هەڵنەگرت.

ئێستاکەش کە ئەم پرۆسەیەی دەگەل دەوڵەت دەست پێکردوە، نەک تەنها وردەکارییەکان لە کۆمەڵگای تورکییە وکوردستان دەشارنەوە، تەنانەت لە پەیامەکەشدا هیچ روونکردنەوەیەک بۆ خوێنەران و بیسەرانی ئەم پەیامە پێشکەش ناکات. تەنانەت بە جۆرێک لە پەیامەکەدا دەدوێت کە داوای متمانەی بە ئەملاوئەولای لە حیزب و ئەندامانی حیزبەکەی دەکات. ئەم نزیکایەتییە بۆ کەسێک کە باس لە کۆمەڵگای دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک دەکات جێگای رەخنەیە. چوونکە ئەگەر فۆرمی حیزبی قۆناخی شەڕی سارد کۆتایی پێهاتبێت ئەوا فۆرمی سەرۆکایەتی بزوتنەوەیەکی ئاوهاش کۆتایی پێهاتووە. گرینگبوو دەگەل ناردنی نامە بۆ لایەنە سیاسییەکانی تورکییە و کوردستانی ئێراق، بە هەمان شێوەش پەیامێک ئاراستەی کۆمەڵگای تورکییە و کوردستان کرابا و هەر هیچ نەبا بەشێک لەو ناڕوونی و نیگەرانییانەی کە باڵیان بەسەر بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردستاندا کێشاوە، رەواندباوە.

بەڵام، ئەگەر هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بین کە جەوهەری پەیامەکەی ئۆجەلان، رەخنە و رەدکردنەوەی پەکەکە وەک فۆرمی حیزبی قۆناخی شەڕی سارد و شەڕی چەکداریی وەک فۆرمێک بۆ تێکۆشان لە رۆژگاری ئەمرۆکەیە، کەواتە ئەو جۆرە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی شۆرشگێڕیی، کادیربوون، وڵاتپارێزی و چالاکڤانیش کە بەرهەمی ئەم دۆخەیە، دەبێت رەد بکرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. لەوەش گرینگتر لێدوانی ئەو حیزب و بزاڤانەی ئاپۆچییە. هەر لە پەژاکەوە بگرە هەتا پەیەدە پێشوازییان لەو پەیامە کردوە. بەڵام لە مژاری رەدکردنەوەی فۆرمی حیزبی، خۆیانی لێ بێبەریی دەکەن. لێرەشدا گرینگە کە باس لەوە بکەین ئەگەر پەکەکە کاتی بەسەر چووبێت ئەوا بێگومان ئەو حیزبانەی کە سەربە مەنزوومەی پەکەکەن، کاتییان بەسەر چووە.

لەکۆتاییدا بەکورتی ئامانجی ئەو نوسینە ئاوها گەڵاڵە دەکەم:
فۆرمی حیزبایەتی هەتا ئێستاکە، زەمینەی بیرکردنەوە و خەباتی سەردەمیانە و دیموکراتیکی بەربەست کردوە. لە ئەنجامدا فۆرمێک لە دەروێشایەتی پێش کەوتووە کە زۆربەی کەسەکان خۆیان لەژێر دروشم و قسەی گشتیدا دەشارنەوە. ئەگەر بەراستی پەیامی ئۆجەلان قەبووڵکراوە و پشتگیری لێ دەکردرێت، ئەوا دەبا بەشێکی زۆر لەو بابەتانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاو دەبنەوە جۆرێک لە رەخنە لە رابردووە، رەوشی هەیی و خود با، نەک تەنها پێداهەڵگوتن و چەپڵە لێدان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئەگەر بە کوڕی شا ڕازی نین، با چارەسەری ئەم وەزعەی خۆمان بکەین!!

ڕەخنەکەم لە خۆمان و نیگەرانییەکەی پێنج ساڵ لەمەوبەرم لەبارەی شەپۆلسواریی کوڕی شا لەخۆڕا نەبوو: “ئەگەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *