دژەتیرۆر لە هەولێر بڵاویکردەوە بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە درۆنى بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر هەردوو کێڵگەى نەوتى (دى ئێن ئۆ – DNO) لە پیشخابور و تاوکێ، لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ و کێڵگەى نەوتیى هاند ئۆیڵى ئەمریکى لە شارەدێى باعەدرێ لە پارێزگای دهۆک.
دژەتیرۆر لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی (دى، ئێن ئۆ – DNO) لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
هەروەها لە کاتژمێر حەوت لەڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی (دى، ئێن ئۆ – DNO) لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
دژەتیرۆر لە هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە، لە کاتژمێر 7:14 ئەم بەیانیەیدا بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی هاندئۆیڵی ئەمریکی لە باعەدرێ لە سنووری شارۆچکەی شێخان لە پاریزگای دهۆک.
بەگوێرەى زانیارییەکانى دژەتیرۆر لە هەولێر، هێرشەکان جگە لە زیانى ماددى، هیچ زیانی گیانییان لێنەکەووتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدا بەرەبەیانى رۆژى سێشەممە بە درۆن هێرشکرایە سەر دامەزراوەیەکى نەوت و کۆمپانیاى HKN لە شارەدێى سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک، بەهۆى هێرشەکەوە ئاگر لە وێستگەیەکى دامەزراوەکە کەوتەوە.
ئێوارەى رۆژى دووشەممەش، دوو درۆنى بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەى نەوتیی خورمەڵە کەوتنەخوارەوە، وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستانیش لەبارەى هێرشەکەوە ئاشکرایکرد، زیان بە بۆرییەکانى ئاوی کێڵگەکە گەیشتووە.
هێرشى درۆنى بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هێرشەکانى بە ( تیرۆریستى) ناوبردووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە عێراق سەرکۆنەى هێرشەکانى کرد و داواى لە حکومەتی عێراق کرد دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ رێگریکردن لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان و رێگەنەدات ئەو هێرشانە ئەنجامبدەن.
لایخۆشییەوە سەباح نوعمان گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد سروشتى ئەو هێرشە تاوانکارییانە و کاتى ئەنجامدانى، ئاماژەیە بۆ بوونى نیازى “پیس” کە ئامانجى تێکەڵکردنى کارتى دۆسییەکان و زیان گەیاندنە بە عێراق و دامودەزگاکانى.
سەباح نوعمان، راشیگەیاند، محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپاردووە، لێکۆڵینەوەى خێرا و ورد و فراوان دەستپێبکەن بۆ دەستنیشانکردنى ئەو لایەنەى لە پشتى ئەو هێرشانەوەیە، لەگەڵ گرتنەبەرى رێوشوێنى تووند و پێویست و لێپرسینەوە لەوانەى تێوەگلاون بەبێ ئەوەى لە هیچ کەس سڵ بکەنەوە.
قەندیل پرێس