قەندیل پرێس – سلێمانی
دوای 11 رۆژ لە رووداوەکانی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، ئەمرۆ 1ـی ئەیلولی 2025 د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین پارێزگاری پێشوی سلێمانی و ئەندامی ئیستای فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق. لە نامەیەکدا داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ونبووەکانی لالەزار لەبافڵ تاڵەبانی دەکات.
دەقی پەیامەکەی ئاسۆ فەرەیدون بۆ بافڵ تاڵەبانی:
نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز / بافڵ جەلال تاڵەبانی
سڵاو و رێزی بێ پایانم …
ساڵی ١٩٨٩ خوالێخۆشبووی خاڵم (موكەرەم تاڵەبانی) لەسەر ڕاسپاردەی حكومەتی ئەوكاتەی عێراق دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ بینینی خوالێخۆشبوان (مام جەلال) لەشاری لەندەن و (عەزیز محمد) لە شاری پراك ، بە مەبەستی دروستكردنی دەرچەیەك بۆ دانوستان لەدوای شاڵاوی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ .
هەر لەوسات و وەختەدا ئامۆزایەكمان بەناوی (پیرۆت تاڵەبانی) لەگەڵ كاك (كەمال شاڵی) لای حكومەتی عێراق دەسگیركرابوون و حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەركرابوو، (موكەرەم تاڵەبانی) داوای لێخۆشبوون و ئازادكردنی حوكمدراوەكانی لەلای رژێمی لەناوچوو كرد.
سەدام حسێن: ئەم گیراوانە تۆمەتبارن یان تاوانبار؟
موكەرەم تاڵەبانی: بێگومان لە دیدی تۆدا تاوانبارن، بۆیە هاتووم داوات لێ ئەكەم لێیان ببوریت و بیانبەخشیت .
لەپاشان، ئازاد كران . *(لە بیرەوەریەكانی موكەرەم تاڵەبانیەوە) ( الأمثال تضرب و لاتقاس)
لەو ڕووبەڕو بونەوەی شەوی ٢١/٢٢ مانگی ئاب، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد، شەوێكی كەم وێنەبوو كەبە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو .
هەموو ئەوانەی لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە، وە باوەڕمان وایەكە كە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی ئەدات .
لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریەوە و بە حوكمی دۆستایەتی نێوانمان و وە بەو پێیەی جەنابتان جگە لەوەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیان، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف و ئەركی هەیە، وەك پارێزگاری پێشووی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داواكارم لە بەرێزتان:
- جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن .
- لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە .
- لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، وون بوو و قوربانی و كوژراو لە ئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و ڕاستی مان و نەمانیان بە كەسوكار و خانەوادەكانیان بووترێت، وە كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن .
- رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبکەن و دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بە دادگاكانمان.
- كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە .
لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی کەلەڕابردوو ڕوویاندا، متمانەو خەمخۆری و سەقامگیری لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات، جگە لە درووستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا .
سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان
د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
قەندیل پرێس