لەکاتێکدا سوریا لەناو تەمی ناسەقامگیرییو ململانێیەکی قووڵدا دەتلێتەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوی لەسوریاو تاراوگە، بەیاننامەیەکی گرنگو توندی بڵاوکردەوە، هۆشداریدەدات کە سیاسەتی “برسیکردنو سەرکوتکردنی پێکهاتەکان بەنۆرە”، سوریا بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەتر دەبات نەک سەقامگیریی.
شێخ غەزال غەزال سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوی لەسوریاو تاراوگە لەبەیاننامەکەیدا پەردە لەسەر ستراتیژییەکی مەترسیداری دەسەڵاتی ئێستاى دیمهشق لادەبات؛ ئەویش بەئامانجگرتنی پێکهاتەکانە بەنۆرە.
ئاماژە بەوەدەکات، دوێنێ هێرشکرایەسەر کوردەکانو ئەمڕۆش پەلاماری خەڵکی ڕەسەنی دیمەشق دەدرێت، جارێک بەناوی “پاراستنی یەکپارچەیی خاک”و جارێکی دیكه بەبیانوی “دژایەتی تیرۆر”، بەڵام لەڕاستیدا ئەمانە تەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتن لەسەر کورسی.
توندترین ڕەخنەی شێخ غەزال لەو شوێنەدایە کە دەڵێت، “ئەم دەسەڵاتە وەک ئامرازێکی فشارو بازرگانیی لەدانوستانە نێودەوڵەتییەکاندا سەیری گەلی سوریا دەکات، نەک وەک سەرچاوەی شەرعییەت”.
ئەو پێیوایە، ئەو بەڵێنو چاکسازیانەی باسدەکرێن، تەنها “بۆ جوانکردنی تاوانەکانە”و هیچ بایەخێکی ڕاستەقینەیان نییە، چونکە لەسەر داخوازی گەل بونیادنەنراون.
شێخ غەزال بەنوێنەرایەتی ئەنجومەنەکەی، پەیامێکی ڕون ئاراستهى ناوخۆو دەرەوەى سوریا دهكاتو جهختدهكاتهوه، “ئێمە نابینە چەتر، سوتەمەنی، یان بارمتە بۆ سیستمێک کە لەبونیادنانی دەوڵەتدا شکستیهێناوە، مافی ژیان، ئاسایشو هاوبەشیی سیاسیی، مافێکی یاساییو سروشتییەو بەمنەتو سەدەقە لەکەسی وەرناگرین”.
بهیاننامهكه بەو ڕاستییە تاڵە کۆتایی دێت کە شێخ غەزال ئاماژەی پێکردوەو دهڵێت، “دەسەڵاتی ئەمری واقیع لەناوخۆدا شکستیهێناوەو ئێستا دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت لەدەرەوە خۆی بسەلمێنێت، بەڵام خوێنی ڕژاوو مافە زەوتکراوەکان بەنیوەناچڵ چارەسەرو بەڵێنی بێ بنەما پڕنابنەوە.”
کۆتا پەیامی شێخ غەزال بریتیه لهوهى، “کێشەکە، کێشەی گەلێکی ستەملێکراوە کە نایەوێت چیتر بکرێتە قوربانیی یارییە سیاسییەکان، هەتا دادپەروەری بەدینەیەت، هیچ ئاشتییەک لەئاسۆدا نابینرێت”.
قەندیل پرێس