بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر پێکهاتەکان لە سووریا کراون، داوایانکردووە ئیدارەی نوێی سووریا ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی سووریای کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەوان باراک رافید، لە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ئەمریکا نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئەو پێشێلکارییانە داوەتە وەزیری دەرەوەی سووریا.
پێش چەند رۆژێک لەمەوبەر، هێزی ئەمنی لە چەند شوێنێکی سووریا وەک حومس، حەلەب و دیمەشق، توندوتیژییان بەرامبەر بە عەلەوییەکان ئەنجامدا و ژمارەیەکیان لێ کوژران و بریندارکران و ژمارەیەکی دیکەشیان لێ دەستگیرکرا.
بەرپرسانی ئەمریکا بە پێگەی ئەکسیۆسیان گوتووە، چاو بەو راپۆرتانەدا دەخشێننەوە کە باس لەو پێشێلکارییانە دەکەن.
رۆژی یەکشەممەی رابردووش دانیاڵ رۆبنشتاین، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی دیمەشقی کردووە و ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریای بینیوە.
ئەمریکییەکان داوایان لە سوورییەکان کردووە، ئەو هێرشانە هەرچی زووە رابگیرێن و داوای لە دەستەی تەحریری شام کردووە، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و چاودێریی دۆخی کەمینەکانیش دەکرێت لە داهاتوودا.
قەندیل پرێس