“هەولێر لە بری بێلایەنی، بووەتە لایەنگر و دەستی لەم دۆخەدا هەیە”
وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ خەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پەیەدە لەسەر دۆخی رۆژئاڤای کوردستان.
قەندیل پرێس: وەک دەستپێک، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ پێشێلکارییەکانی ئەم دواییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چییە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکە؟
خەریب حەسۆ: ئەم پێشهاتانەی تا ئێستا هاتوونەتە پێش، بە ڕاستی جێی داخن و پڕن لە ئازار. ئێمە دەبینین پیلانگێڕییەک لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەکرێت کە وەک جۆرە “موئامەرەیەک” وایە. هیچ هاوکارییەک و هەڵوێستێکی خاوەندارێتی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان نابینین. چەندین جار ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژارد. بەداخەوە بێدەنگی ئەوان ڕێگەی خۆش کرد بۆ تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی. هەموو جۆرە توندوتیژی و ڕفاندن و سوکایەتیکردنێک بەرامبەر گەلی کورد و (هەسەدە) کرا، کەچی بێدەنگ بوون.
قەندیل پرێس: ئێوە ئاماژەتان بە ناوی “تۆم باراک” کرد، پەیوەندی ئەمە بەو دووڕووییە سیاسییەوە چییە کە باسی دەکەن؟
خەریب حەسۆ: بەڵێ، لێرەدا دەبێت باسی تۆم باراک بکەین. ئەم جۆرە کەسایەتی و لایەنانە کە پێشتر وەک هاوبەش و هاوڕێی شەڕی دژی داعش دەردەکەوتن، ئێستا لە ئاستی ئەم تاوانانەدا بێدەنگن. هەسەدە هاوبەشێکی فەرمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، کەچی ئەمڕۆ دەبینین هەمان ئەو داعشە هێرش دەکاتەوە سەرمان و کەسانی وەک تۆم باراک و هاوبەشەکانی تریش بێدەنگ دەمێننەوە. ئەم دووڕووییە و ئەم جۆرە سیاسەتە بە نیەتێکی خاینانە و غەدارانەیە. ئەوانەی ئەم هەڵوێستانەیان هەیە، بەهای مرۆڤایەتییان لای خۆیان زۆر هەرزان کردووە. تەنانەت وتاری ڕق و کینەی هەندێک عەشیرەتی عەرەبیش شەڕەکەی دژوارتر کرد و بە شێوەیەکی وەحشیانە هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان.
قەندیل پرێس: جەنابتان ڕەخنەی توندتان لە دەوری “هەولێر” هەیە لەم قەیرانەدا، دەکرێت زیاتر ڕوونی بکەنەوە؟
خەریب حەسۆ: بێگومان، ئەوەی شایەنی گوتن بێت، هەولێر دەستێکی درێژی لەم پێشهاتانەدا تێدایە. بەداخەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی نەگێڕا، نە لە لیستەکاندا و نە لە ئاخاوتندا. ئەوان هەمیشە دەیانگوت پشتگیری جووڵانەوەکە دەکەین، بەڵام دەبوو لایەنێکی بێلایەن بوایە نەک لایەنگر. ئەو هاوڕێیەتی و هاوبەشییەی کە لە شەڕی داعشدا پێکەوە هەمانبوو، ئەوان ئینکارییان کرد. مەگەر دەبێت ئاوا بێت؟ هەولێر تەنانەت نەبووە هێزێک بۆ پشتگیریکردنی ئاگربەستیش و خۆی لێ بەدوور گرت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ نەکردووە.
قەندیل پرێس: دۆخی ئێستای ناوچەکانی وەک دێرزۆر و ڕەققە چۆنە؟
خەریب حەسۆ: ئێستا بارودۆخەکە بە گشتی هێمنە، بەڵام کۆمەڵکوژی زۆر لە دەوروبەری دێرزۆر و ڕەققە و تەبقا ئەنجام دراون. خەڵکی سڤیل کاتێک بە شەو یان بەرەبەیانی زوو دەردەچن، لەسەر ڕێگاکان دەکرێنە ئامانجی تیرۆر و دەکەونە ناو کەمینی ئەو کەسانەی نە برایەتی دەزانن و نە ئەخلاقی مرۆیی. زۆر دڕندانە هێرش دەکەنە سەر گەل و هێزەکانمان.
قەندیل پرێس: هەڵوێستی ئێوە بەرامبەر ڕێککەوتنی ١٨ی کانوونی دووەم و داهاتووی سووریا چییە؟
خەریب حەسۆ: ئێمە هێشتا ئەو ڕێککەوتنەمان بە تەواوی هەڵنەسەنگاندووە؛ هەڵیدەسەنگێنین و بەپێی ئەوەش هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین. بەڵام پەیامی ئێمە بۆ گەلەکەمان ڕوونە: تێکۆشان و بەرخۆدانی ئێمە بەردەوام دەبێت. بۆ سووریایەکی دیموکراتیک خەبات دەکەین و دەبێت مسۆگەرکردنی مافی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستوورێکدا بناسرێت. خەباتی ئێمە بۆ یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان بەردەوام دەبێت.
قەندیل پرێس: دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چۆنە و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری بە چ شێوەیەکن؟
خەریب حەسۆ: بەڕاستی دوای شەش ڕۆژ، بەرگری و تێکۆشانێکی مەزن لەلایەن خەڵکی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە. دەوڵەتێکی وەک تورکیا ناتوانێت بەو شێوەیە لە بەرامبەر ئەو دەنگ و ئەو هەموو درۆنانەدا ڕابوەستێت، کە بە چل و پێنج هەزار چەتە و داعشی ژێر ناوی جەیش هێرش دەکەن. دەوڵەتی تورک بە ٧٠ زرێپۆش و بە سەدان درۆن هێرش دەکاتە سەر تەنیا دوو گەڕەک. بەرگری شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، شەرەف و شکۆی گەلی کورد و مرۆڤایەتی پاراست و بەرەو پێشی برد.
بەڵام ئەو هێرشبەرانە ڕووی ڕەشی خۆیان نیشاندا و نییەتی گەمارۆدانیان دەرکەوت؛ دەیانەوێت مرۆڤەکان کۆمەڵکوژ بکەن و ڕۆحی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی تێکبدەن. کۆمەڵکوژییان کرد و تاوانی جەنگی گەورەیان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا تەماشاکەر بوون. وایان دەزانی لە ڕۆژێکدا دەچنە ناو شێخ مەقسوود، بەڵام بەرگرییەکی وایان بینی تێگەیشتن کە بابەتەکە قورسە.
قەندیل پرێس: ئایا ڕاستە کە دەوترێت زۆربەی ئامانجەکان مەدەنی و ناوەندی تەندروستی بوون؟
خەریب حەسۆ: بەڵێ، تا ڕۆژی شەشەم تورکیا هەر هێرشی دەکرد. هەموو ئەو هەڤاڵانە و ئەو خەڵکەی شەهید یان بریندار بوون بە فیشەک نەبووە، بەڵکو هەموویان بە درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەک “بەیرەقدار” کراونەتە ئامانج. تەنانەت نەخۆشخانە بۆردومان دەکرێت لە کاتێکدا بە سەدان مەدەنی، ئاسایش، بریندار، خێزان و منداڵی لێ بوو. بە فڕۆکە وەڵامی مەدەنی دەدەنەوە، ئەمە تاوانی جەنگە و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
قەندیل پرێس: ئێستا دۆخی ناوخۆی ئەو دوو گەڕەکە چۆنە و چی تێدا دەگوزەرێت؟
خەریب حەسۆ: ئێستا باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە و دۆخەکە کارەساتبارە. کەس ناتوانێت تێپەڕ بێت، تاڵانی و دزی بەردەوامە، ماڵی کوردەکان دەشکێنن و پردەکە دەسووتێنن. دوکان و شوێنە بازرگانییەکانی کوردەکانیان تاڵان کردووە. ناهێڵن ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە مرۆییەکان بچنە ناوەوە بۆ ئەوەی تاوانەکانیان بشارنەوە. شێخ مەقسوودی دێرینیان لەناوبرد و ئێستا کەس نازانێت لەوێ چی ڕوودەدات.
قەندیل پرێس: ئایا هۆکاری هێرشکردنە سەر ناوچەکانی تر و دیارنەمانی خەڵک بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
خەریب حەسۆ: ئەوان سەرنجی جیهانیان خستە سەر “دێر حافیر” بۆ ئەوەی بە ئارامی دزی بکەن و مرۆڤی بریندار بکوژن. بە هەزاران مرۆڤ دیار نەماون؛ گەنج، پیر و کچ ڕفێندراون. ئەوەی لە شەنگال کردیان، ئێستا لە شێخ مەقسوود دووبارەی دەکەنەوە. ناپاکی ئەمانە دیارە، هیچ ئاسایشێک لەوێ نەماوە. تەنانەت فەرەنسا و ئەمریکاش دوای ئەوەی کارەکە تەواو بوو گوتیان “چی بکەین؟”. بۆچی پێشتر پەستانیان نەخستە سەر تورکیا؟ بە پێچەوانەوە، دەستیان دایە دەستی یەکتر و ڕێگەیان لە پڕۆسەی ڕێککەوتن گرت.
قەندیل پرێس: باس لە ڕێککەوتنی ١ی نیسان دەکرێت، چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنە چی لێهات لەژێر ئەم هێرشانەدا؟
خەریب حەسۆ: ئێمە سوورین لەسەر ڕێککەوتنی ١ی نیسان کە بڕیار بوو ئەنجومەن و خەڵک بگەڕێنەوە. بەڵام کێ دەگەڕێتەوە بۆ لای چەتەکان و عەقڵیەتێکی وەک داعش و “تورکستان”؟ ئەوانەی تەرمی ژنێکیان لە نهۆمی چوارەمەوە فڕێدایە خوارەوە. نە ئایین و نە ویژدان ئەمە قبووڵ ناکات. کێ دەچێت ببێتە کۆیلەی عەقڵیەتێکی ئیسلامی توندڕەو؟ ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر شاری حەلەب.
قەندیل پرێس: هەڵوێستی پێکهاتەکانی تری حەلەب لە بەرامبەر کوردەکان چۆن بوو؟
خەریب حەسۆ: خەڵکی حەلەب لە عەرەب، مەسیحی، ئەرمەنی و تورکمان، دەرگای ماڵەکانیان بۆ کوردەکان کردەوە و بردیاننە لای خۆیان. ئەمە ڕۆحی پێکەوەژیانی ڕاستەقینەیە. بەڵام هێرشبەرەکان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن، دەرگا دەکووتن و ئەگەر بزانن کەسێک ئەندامی ئەنجومەن یان ئاسایش بووە، ماڵەکەی دەسووتێنن. تورکیا دەیەوێت حەلەب داگیر بکات و نایەوێت کورد لەوێ بێت، بۆیە ڕێککەوتنی ١ی نیسانیان تێکدا.
قەندیل پرێس: سەبارەت بە دۆخی گشتی سووریا و ئەو وەرچەرخانە سیاسییانەی لە دوای ٢٠١٩وە ڕوویان داوە، تێڕوانینتان چییە؟
خەریب حەسۆ: دوای کۆتاییهاتنی داعش لە ٢٠١٩، سووریا کەوتە دۆخێکی جیاواز و هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدە وەک شەریکێکی سەرەکی دیاری کرا. لە لایەکی ترەوە گرووپی ئاستانە (ڕووسیا، تورکیا، ئێران) دروست بوو. لەو ساڵانەدا لە جیاتی گۆڕانکاری، تورکیا هەمیشە ئیدارەی خۆسەری دەکردە ئامانج و ژێرخانی عەفرین و سەرێکانی دەڕووخاند. ململانێی دەوڵەتە هەژموونگەرایەکان پیلانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی پێشخست کە مەبەستی تەسفییەی سیاسی لە پشت بوو.
قەندیل پرێس: ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد چ گۆڕانکارییەکی لە هاوکێشەکاندا دروست کرد؟
خەریب حەسۆ: ڕووخانی ڕژێم وای کرد بلۆکی ئاستانە تێک بچێت و ڕووسیا ڕۆڵی نەمێنێت. بەڵام بەدیلی ڕژێمیان لە گرووپە توندڕەوەکانی وەک “جەبهەتولنوسرە” ئامادە کرد کە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ (HTS). ئەمانە وەک بەدیلی بەعس پەروەردە کران و بە هاوکاری هەندێک دەوڵەت گەیشتنە دیمەشق. ئەمانە لە ئەفغانستانەوە بوون و لە سووریادا قبووڵ نابن، چونکە کوژەرن و هیوایان تێدا نییە.
قەندیل پرێس: ڕۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئیدارەی ئەمریکا لەم ئاڵۆزییانەدا چۆن دەبینن؟
خەریب حەسۆ: هاوپەیمانی دەبێت دژی داعش بێت، بەڵام کاتێک دەبینن تورکیا یان جۆڵانی هێرش دەکەن، بێدەنگ دەبن. ئەوان دەبینن کە چۆن چەکدارەکان بە جلی داعشەوە گەیشتنە شێخ مەقسوود بەڵام دەنگیان نییە. هەڵوێستی ئەمریکاش ناڕوونە؛ ترامپ دەڵێت بۆ ئاشتی دەجەنگم بەڵام کوشتار دروست بوو. بینینی چارەسەر لە شەخسی جۆڵانیدا کە بنەماکەی قاعیدەیە، ناڕێکییەکی مەزنە. هیوایەکمان بەوان نییە مەگەر بە کردەیی کۆتایی بە ئازاری ١٥ ساڵەی گەل بهێنن.
قەندیل پرێس