به‌په‌له

هیوا خۆشناو: شەڕع، باش دەزانێ جەنگێکی گەوره لەگەڵ هەسەدە، کۆتایی ئەوە

وتووێژی تایبەتی “قەندیل‌پرێس” لەگەڵ “هیوا خۆشناو” سەبارەت بە دوایین گۆڕانکاریەکان لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان

قەندیل‌پرێس: هەروا کە ئاگادارن، چەند ڕۆژێکە شەڕ لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و حکوومەتی کاتی سووریا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و دێرحافر دەستیپێکردووە، ئێستا دۆخەکە چۆنەو هۆکاری ئەم ئاڵۆزییانە چییە؟

هیوا خۆشناو: قسەو باسی جیاواز کرا دەربارەی هۆکاری شەڕەکە، بەڵام دەتوانین بڵێین تاکو ڕێککەوتنێکی دەستووری و مەبدەئی لەنێوان سەرجەم لایەنەکانی سوریادا ئەنجام نەدرێ، ئەو ناوچەیە وەک بەرمیلی بارود وایە و یەک چەکماغە بەسە بۆ شەڕ. وادیارە شەڕەکە زۆر گەورە نەبو، بەڵام ئەو جۆرە ڕووبەڕووبونەوانە ئەگەر چارەسەری کاتیان بۆ ئەنجام نەدرێ لە کۆنترۆڵ دەردەچن و هێزێکی وەک ئەمریکاش کە حیساب و کتابی جیاوازی هەیە، هەرچۆنێک بێ حەز بە شەڕێک ناکات. وادیارە خودی ئەل شەڕع کە کەسێکی پراگماتیستە و چاوی لە پشتگیرییەکانی ئەمریکایە، باش دەزانێ جەنگێکی وا لەگەڵ هەسەدە، کۆتایی ئەوە، بەڵام ئەو شوێنەی کە شەڕەکەی لێ قەوما واتە هەردو گەرەکە کوردیەکەی پارێزگای حەلەب، لاوازترین ئەڵقەی خۆسەری دیموکراتیکن. لە نێوان هەردو گەرەک و هێزەکانی سوریای دیموکراتی نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر هەیە، واتە لە ئابڵۆقە دان. پاشان هێزە ئیسلامیەکانی سەربە تورکیا واتە {حەمزات و حەمشات}ەکان کە لە ڕووکەشەوە گوایە لەژێر چەتری سوپای حکومەتی کاتی دان و لە ژێرەوە بەتەنیا بە قسەی میتی تورکیا دەجولێنەوە لەوێ دەستەڵاتدارن. لەسەردەمی بەشار الاسەدیشدا کاتێک لە نێوان هەسەدە و حکومەت ناکۆکیەک هەبوایە، بەعسیەکانی سوریا سەرەتا لەو دوو گەرەکە گرژیان سازدەدا، یان ئابڵۆقەیان دەدا. ئێستاش حکومەتی کاتی دیمەشق یان ڕاستتر بڵێم تورکیا کە بیهەوێ گوشار بخاتە سەر هەسەدە، لەو خاڵە لاوازەوە دەستپێدەکات.
-لەبیرمان نەچێ گرژیەکانی ئەوجارە بەتەنیا چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆبوونەوەی سەنتکۆم-نێردەی د.ترامپ بۆ سوریا {تۆم باراک} لەگەڵ خۆسەری و هەسەدە ئەنجام درا. ئەوە پێمان دەڵێ کە هەوڵێک بو بۆ نیشاندانی کارت و هێز یان پەیامێک بو بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. هەربۆیە تۆم باراک بەپەلە لەگەڵ دیمەشق پەیوەندی دەکات، سەرەتا لە نێوان م.عەبدی و وەزیری بەرگری سوریا موهرەف ابو قەسرا ڕێککەوتنێک سازدەکات، دوای ئەوە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی – ئیلهام ئەحمەد و ڕۆژهەڵات عەفرین دیدارێکی بەپەلەی لەگەل ئەل شەرع دا ئەنجام دا. سەرچاوەکانم پێیان ڕاگەیاندم کە تۆم باراک خۆی ویستویەتی ئەو دوو ژنە لە کۆبونەوەکەدا لەگەل جۆلانی بەشداری بکەن، ئەوەش واتایەکی تایبەتی هەیە. جارێ ئەمریکا بە غەززەوە خەریکە، واتە بەتەنیا چارەسەری کاتی پێشکەش دەکات، ئەویش بەردەوامی دیالۆگی {بێ کردار} و ڕوونەدانی شەڕە. بەڵام دوای غەززە ئەگەر ئەمریکا لە پلانەکەی ترامپدا سەرکەوێ، ئەوا پێموایە لە سوریا لەسەر ٣ ئاست کاردەکات کە بریتین لە: ١- ڕێککەوتنی خۆسەری و دیمەشق. ٢-ڕێککەوتنی دروز و دیمەشق.
٣-ڕێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل.

قەندیل‌پرێس: بەڕێزتان بۆ یەکەمین جار دەقی وەڵامی ئیدارەی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە نامەکەی ڕێزدار عەبدوڵڵا ئۆجالانتان بڵاوکردەوە، تکایە ناوەڕۆکی ئەم نامەو شڕۆڤەی خۆتان لەسەری بۆمانی باس بکەن؟

هیوا خۆشناو: پێشتر دەوڵەتی تورکیا زۆر گوشاری لە ئۆجالان کردبو تاکو ڕۆڵێک بگێرێ بۆ ئەوەی هەسەدە نەکەوێتە ژێرکاریگەری هێزەکانی دەرەوە کە لێرەدا ترس و مەبەستیان ئیسرائیلە. وە هەروەها بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدرێ، هەوڵ بدات هەسەدە لە ڕووی ئیداری و سەربازییەوە خۆی ئاوێتەی ناو سوپای سوریا بکات. ئۆجالان کەسێکە تاکتیک باش دەزانێت و دەزانێ کە هەسەدە یان قەندیل لە کوێ چ دەکەن یان چی ناکەن. وە یەکێک لە تاکتیکەکانی لەسەرەتادا داوای هیچ شتێک لە بەرانبەرەکەی ناکات، بەڵام پەیتا پەیتا دەستی خۆی درێژ دەکات و ئەڵێ: {ئەگەر وا ببێ باشترە، ئەگەر وانەبێ نابێ}. بە کورتی لە نامەیەکیدا داوا دەکات کاربکەن بۆ یەکگرتن لەگەڵ سوریای نوێدا و بابەتی کولتوری و ئەتنیکی و ئیداری زۆر نەکەن بە کێشە!!. لە ٢٢ی مانگی ئۆگستی ئەمساڵدا کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆسەری وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێن: ،،ئەوان ڕێز لە بیروڕاکانی دەگرن، بەڵام بۆ هەر بڕیارێک ناچارن حیساب بۆ ئەو لایەنانە بکەن کە کاریان لەگەڵدا دەکەن یان ڕاوێژیان پێ دەکەن،،. خۆسەری باش دەزانێ ناکەمە بەر لە ئۆجالان دەگاتە دەست دەوڵەت، بۆیە ئەوە پەیامێکە بۆ دەوڵەت کە ئێمە هێزگەلێکی جیهانی، ئیقلیمی و کوردیمان لەگەڵدایە، بەبێ ئەوان و بەتەنیا ناتوانین بڕیارێکی وا بدەین. هەر هەنگاوێکیش بنێین، دەبێ زەمینەی گارانتی و دەستووری هەبێ.

واتە ئەگەر هەنگاومان نا، دەبێ بە ئیتیفاق بێ و لە چوارچێوەی دەستوور دابێ.بینیمان دوای ئەوە زمانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرانبەر هەسەدە و خۆسەری توندتر بوو.

قەندیل‌پرێس: بەڕێز ئۆجالان لە یەکێک لە دوایین وتەکانیدا باس لەوە دەکات کە کورد بێ ئاڵترناتیڤ نییەو و ئەگەر پرسی کورد لە ڕێگای دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت ئەوا کورد دەوڵەتی خۆی درووست دەکات. لە ئێستادا پڕۆسەکە لە چ دۆخێکدایە؟ ئایا ئەم وتانەی ئۆجالان نیشانەی ئەوەن کە پڕۆسەکە تووشی کێشە بووە؟

هیوا خۆشناو: یەکێک لە هاندیکاپەکانی پرۆسەکە، پێموابێ سوریایە. ڕەنگبێ دەوڵەت لە دەستوری نوێی تورکیادا، هەندێک ماف بە کوردانی باکوور بدات، ڕەوشی ئۆجالان باشتر بکات بۆ سیاسەت و زیندانیەکان ئازاد بکات، بەڵام هۆکارێکی دیکەی پرۆسەی دیالۆگی ئیمرالی مەترسیەکانی ئیسرائیلە لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە خەریکە دەبێتە دراوسێی تورکیا. تا کێشەکانی نێوان بزووتنەوەی ئۆجالانی و سوریای نوێ چارەسەر نەبن، پرۆسەی دیالۆگ ناگاتە ئەنجام و هەنگاوەکان زۆر خاو دەبن. بەڕای من دەوڵەت لەناوخۆیدا دەربارەی سیاسەتەکانیان لە سوریادا لەناو گێژاوێک دایە. بۆچوونی زاڵ ئەوەیە تورکیای دوێنێ چۆن بوو، سوریای سبەینێش وەها مەرکەزی، ئاوتۆریەر و ئونیتەر بێ، ئەوەش لە واقیعی ئێستای سوریادا مەحاڵە. هەر دەوڵەتێک لە ناوچەی ئێمە بڕوخێ، جارێکی دیکە نابێتەوە دەوڵەتە مەرکەزییەکەی جاران. لیبیا، یەمەن، عێراق نمونەی زەقن. ئەوە لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کە ئەمریکا تا چ ڕادەیەک گوشار دەخاتە سەر تورکیا لەو بوارەیەوە، هاوکات کۆمەڵگە و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا و بزووتنەوەی کوردی لە تورکیا تا چەند دەتوانن ڕژێمی ئەردۆغان ناچاری هەنگاوێکی وا بکەن.
پەیامەکەی ئۆجالان واتای پاشگەزبوونەوە یان بێ باوەڕبوون لە پرۆسەکەدا نیە. پرۆسەکە بەردەوامە، بەڵام هەنگاوەکان خاو دەنرێن. ئۆجالان باش دەزانێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵومەرجی تێکچوون و ڕوخاندنی دەوڵەتی نەتەوەیی هەیە، بەڵام هەڵومەرجی دروستبوونی دەوڵەتێکی دیکە لەناو ئەو دەوڵەتەدا جارێ نیە. دوای بەهاری عەرەبی، قەتەر-تورکیا و ئیخوان الموسلمین، ویستیان دەوڵەتە سیکۆلارە کۆمارییەکان بڕوخێنن و خەونی دروستکردنی ئیماراتی ئیسلامیان هەبو، بەڵام لە ڕێگای جەنەراڵ سیسی ئیخوانی مسریان ڕوخاند، وە خەریک بو لە قەتەر کۆدەتا بکەن و دوایی پەیوەندی ئیمارات-مسر و سعودیە لەگەڵ تورکیا بنبەست بوو چەندین ساڵ، تاکو لایەنەکان وازیان لەو خەونە هێنا. هاوکات بارزانیش ئیدیعای دەوڵەتێکی کوردی کرد، بەر لە هەرکەس هاوپەیمانەکانی چەکوشێکیان لەدەست داو لەسەرۆکایەتی هەرێم لایاندا. ئەوەی ئۆجالان بەتەنیا گوتارێکی تاکتیکیە بە مەبەستی گوشار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئیمراڵی. بەڵام لە دەرەوە و لەناوخۆی پکک ەشدا ئەو گوتارە بوە هۆی ئەوەی ئەوانەی لە ئۆجالان تێناگەن و بیرۆکەی جیاوازیان هەیە، ماسکی ئۆجالانی دابکەنن و بێنە سەر تەلەفزیۆن بڵێن: دەستمان بۆ درێژ کردن، وەڵاتان نەبو، ئێمەش دەوڵەتی کوردی سازدەکەین.

قەندیل‌پرێس: بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی، خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، یانی نەهێڵێت کە خۆسەریی نزیک ببێتەوە لە ئیسرائیل، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

هیوا خۆشناو: بەڵێ، من دەیان جار لە کەناڵی یوتووبەکەمدا ئەوەم باسکردوە، کە دەوڵەت زۆر بە جدی لەوە دەترسێ خۆسەری و پکک بچنە ژێر باڵی ئیسرائیل، ئەوە کارەساتێک دەقەومێنێ و تورکیا ناچاری جینۆسایدکردنی کوردەکان دەبێت و دەوڵەتی تورکیا هەڵدەتەکێ. بەڵام دەوڵەت لەناوەخۆشیدا ناچاری گۆڕانکارییە. ئەو کۆمارەی کەمال ئەتاتورک، هەم دوای مردنی ئەو چەندین جار لە ڕێگای خۆی دەرکەوتوە و دوورکەوتۆتەوە، هەم بنچینەکەی سیستەمێکی مۆسۆڵۆنییە و وەڵامی کێشەکانی تورکیا ناداتەوە. ئەگەر تورکیا بیهەوێ ببێتە هێزێکی هەرێمی بەکاریگەر، ناچارە سەرلەنوێ کۆمار پێناسە بکاتەوە. ئەوان هەم کۆمارێکی حقوقیان دەوێ، هەم ئۆتۆریتەر، وە هەم دەیانهەوێ کوردەکان بخەنە ژێر چەتری خۆیان، بەڵام ئەوانە کۆمەڵێک پارادۆکسیان تێدایە. هاوکات چارەسەرکردنی کێشەی کورد، پێویستی بە حقوق و دیموکراسییە، ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی تورکیای ئەردۆغانی. جا بۆیە گێژاوێک لەناو دەوڵەتدا هەیە و لەناو دەوڵەتدا کۆمەڵێک پرۆژە و فکر لە جەنگدان.

قەندیل‌پرێس: بە ڕای بەڕێزتان ئەگەر هێزەکانی حکوومەتی کاتی سووریا، هێرشێکی گەورە بکەنە سەر خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئایا دەوڵەتی ئیسرائیل وەک چۆن پشتیوانی درووزەکانی کرد، پشتیوانی کوردیش دەکات؟

هیوا خۆشناو: سەرەتا پێموانیە حکومەتی سوریا شەڕبکات. بەرپرسی ئەنیستوتی ئاشتی لە ئەمریکا گونول تۆڵ لە دیدارێکیدا لەگەڵ مێدیا سکۆپ باس لە گفتوگۆیەکی دەکات لەگەڵ وەزیرێکی سوریا و وەزیرەکە پێی دەڵێ: ئەوان ناتوانن بە جەنگ کێشەکان لەگەڵ هەسەدە یەکلایی بکەنەوە. ئەگەر جەنگ ڕووبدات ناچاری دەوڵەتی تورکیا دەبن، بەڵام ئەگەر ناچاری دەوڵەتی تورکیا ببن، ئەوا سوریای نوێ دەبێتە ماشەی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە ئەوان ئەوەیان ناوێ. لە ڕاستیدا حکومەتی ئەل شەرع هەست بەوە دەکات کە جەنگ لەگەڵ هەسەدە چ کارەساتێک دێنێ بۆ ئەوان. لێرەدا ئەگەری هەرە خراپ ئەوەیە تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێ لەلایەن ئەمریکا و خۆی هێرش بکات، ئەوە هەرچەندە بە زەحمەت دەبیندرێ، بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەتان لە ئەگەرێکی وادا، ئیسرائیل جگە لە قسە هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ پشتیوانی کردن لە کوردەکان نانێ، چۆن هەنگاوی نەنا بۆ پشتیوانیکردن لە عەلەویەکان. ڕاوێژکارانی ئیسرائیل دەیان جار بە تورکیایان گوتوە: {ئێوە کارمەکەن بۆ سوریایەکی بەهێز، چەکی قوڕسی وەک فڕۆکە، سیستێمی بەرگری ئاسمانی بۆ دابین مەکەن و ڕێگا مەدەن سوریا لە هەر سێ ویلایەتەکانی باشووری ووڵاتەکە سەربازەکانی جێنشین بکات، خۆتان لە باکووری سوریا چی دەکەن بیکەن}. دەزانم ئەو جۆرە قسانەم خەونی گروپەکانی کوردایەتی لەناو دەبا، بەڵام ئەوە خەونی ووشترە. ئیسرائیل پشتگیری لە دروزەکان دەکات چونکە لە ڕێگای ئەوان پشتگیری لە سنوری خۆی دەکات. هاوکات دروزە ئیسرائیلیەکان بەشی زۆریان فەرمانداری سوپای ئیسرائیلن و سیاسەتماداری بەهێزیان لەناو حزبی لیکۆد دا هەیە. ڕەوشی کوردەکان زۆر جیاوازترە. پاشان ئیسرائیل هەموو پردەکانی لەگەڵ سوریا ناڕوخێنێ و حکومەتی لاوازی ئەل شەرع پێویستە بۆ ئیسرائیل تاکو پەیمانی ئاشتی لەگەڵدا مۆر بکات، ئاسمانی خۆی بۆ ئاواڵە بکات لەسەر عێراق و ئێراندا، وە چاو لە داگیرکردنی جۆلان و چیای جەبەل شێخ بگرێ.

قەندیل‌پرێس: ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی کاتی سووریا و خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێوەندیی هەیە، بە ڕای جەنابتان پلانی ئەمریکا بۆ پرسی پێوەندیی حکوومەتی ناوەندی و خۆسەریی چییە؟ ئەگەر شەڕێک ڕووبدات لە کامیان پشتیوانی دەکات؟

هیوا خۆشناو: ئەمریکا پشتگیری شەڕ ناکات، هەردولا ناچاری خۆی دەکات و هەردولا وەک کارت دژ بەیەک بەکاردێنێ تاکو ناچاری ئەمریکا بن. جارێ پڕۆژە ڕوونەکەی ئەمریکا دیارنیە. کابینەی ترامپ تا یەکلایینەکردنەوەی مەسەلەی غەزە و کێشەی ئێران، پرۆژەیەکی بە ئیستیکرار داناڕێژێ. ئەولەویاتی ترامپ ئەوەیە بڵێ: هەرکەس لە سوریا، ئۆکرانیا و غەزە لە سایەی غیابی من لەدەستەڵات شەڕی هەڵگیرساند، من هەموویانم ناچاری ئاشتی کردن و خۆی بۆ مەدالیای نۆبڵی ئاشتی بپاڵێوێ. دوای ئەوە پرۆژەکانیان ووردە ووردە دەردەکەون کە مۆتیڤە سەرەکیەکانیان بریتیە لە ئاسایشی ئیسرائیل و ئابووری-بازرگانی. بۆ ئەوە چی پێویست بو ئەمریکا دەیکات. بەڵام ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دوای ڕوخانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، زۆربەی زۆری سیاسیە کوردیەکان دەیانگوت ئەوڕۆ نا سبەی نۆرەی ئێرە،، دەیڕوخێنن، بەڵام دوایی بینیمان ئێران ئەمریکای لە عێراقدا دەرکرد.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. ئازاد حاجی ئاقایی: بە دروستبوونی نەخشەڕیگایەک لەلایەن پارتییە سیاسییەکان گەشبین نیم

د. ئازاد حاجی ئاقایی، مامۆستای زانکۆ، نوسەر و لێکۆڵەر لەبواری هزر و فەلسەفە، ده‌ڵێت: “ڕاستە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *