✍ د. محەممەد حسێنزادە
بابەتێک کە هەم لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئوجەلان و هەم لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پە.کە.کەدا سەبارەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبە زەق و بەرجەستەیە و وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو بڕیارەش دێتە بەرچاو ئەوەیە کە سەرکردایەتی پە.کە.کە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە قۆناغی نکۆڵیکردن و لەنێوبردنی نەتەوەی کورد لە تورکیا کۆتایی هاتووە. بە خوێندنەوەی ئەوان پرسی کورد لە پرسێکی “ئەمنییی”وە بووەتە پرسێکی “سیاسی”. ئەوان دەڵێن خەباتی چەکدارانەی پە.کە.کە لەو قۆناغەدا کە پرسی کورد بەئەمنی کرابوو ڕەوا و گونجاو بووە، بەڵام ئێستا پێویستە بە میکانیزمێکی دێموکراتیانە (سیاسی) پرسی کورد لەو وڵاتەدا چارەسەر بکرێت.
لەم بارەوە، ئوجالان پێشتر لە پەیامەکەیدا وتبووی، لە سەدەی بیستەمدا “نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕووید…ا”. بە بۆچوونی ئەو، ئەو ڕەوتە لە نەوەدەکانەوە بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی گۆڕدرا؛ وەک دەڵێت: “لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی هۆکاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی و تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەکانی ئازادیی بیرکردنەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی مانای خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆبەدەستەوەدەر بێت. بۆیە وەک ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی تایبەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە ” خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سەر گەلەکەمانی تێکشکاند، کێشەی کوردی گەیاندە ئاستی چارەسەرکردن لە رێگای سیاسەتی دیموکراتییەوە، و بەم شێوەیە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کرد. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی 12ی پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا…” هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە کراوە کە “پەکەکە لە دۆخێکدا شکڵی گرت کە نکۆڵیکردنی تووندی کورد، سیاسەتی لەنێوبردن لەسەر ئەم بنەمایە، سیاسەتەکانی جینۆساید و توانەوە زاڵبوون… لە ساڵی1978ەوە بە خەباتی ئازادی کە بەڕێوەی برد، ئەوەی کردە بنەما کە بوونی کورد بسەلمێنێت و کێشەی کورد وەک راستییەکی بنەڕەتی تورکیا ببینرێت. لەسەر ئەم بنەمایە و بە ئەنجامی خەباتی سەرکەوتووانە، شۆڕشی زیندووبوونەوەی لە ناوی گەلەکەماندا بەدیهێنا و بووە هێمای هیوای ئازادی و جێگەی گەڕان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەلانی ناوچەکە”. ئاماژە بەوەش کراوە کە لە دۆخی ساڵانی 1990دا تورگوت ئۆزال، سەرۆککۆماری کۆماری ئەوکاتی تورکیا، هەوڵی دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رێگای “سیاسەتەوە” و سەرەڕای هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ، بەڵام بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی و لەناوبردنی تورگوت ئۆزال و تیمەکەی لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە و پێداگرتن لەسەر سیاسەتی نکۆلی و لەناوبردنی کورد و هەڵکشاندنی شەڕ ئەو پرۆسەیە تێکچوو و دیسان دەستکراوە چۆڵکردن و سووتاندنی گوندەکان و کوشتن و ئاوارەکردن و ئەشکەنجەدان وبەندکردنی ملیۆنان کورد، بۆیە شەڕی گەریلا بڵاو بووەوە بۆ کوردستان و تورکیا و بەم شێوەیە شەڕ بووە هەڵبژاردەی سەرەکی لە دیدی هەردوو لایەنەوە”
ئەو ئاماژانە ئەوە دەگەیێنن کە ئەوان یان بە ڕاستی بڕوایان وایە یان دەیانەوێت ڕای گشتی قایل بەوە بکەن کە هۆکاری ئەم بڕیارە نوێیە ئەوەیە کە پرسی کورد لە تورکیا چووەتە قۆناغێکی جیاواز و لە چوارچێوەی پرسێکی “ئەمنییەتی” دەر هاتووە و لە ئێستادا وەک پرسێکی “سیاسی” سەیر دەکرێت. بۆیە چیدی ڕێگەچارەی پرسی سیاسی لە بەکارهێنانی چەکدا نابینن، بەڵکوو ڕێگاچارەی سیاسی- دێموکراتیانەیان لا گونجاوترە.
ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن دەسەڵاتی تورکیاش بەش بە حاڵی خۆی هەوڵی ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و ئەگەری چارەسەری سیاسیانەی ڕەخساندووە؛ ئۆجالان دەڵێت: ”
ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەولەت باخچەلی کردوویەتی، ئەو ئیرادەیەی جەنابی سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و ڕێبازە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندووە و منیش داوای داماڵینی چەک لەم پرۆسەیەدا دەکەم….”
هەڵبەت ڕاگەیەندراوەکەی پە.کەکە زیاتر چاوی لە هەنگاوەکانی داهاتووی دەوڵەتە و هەوڵ دراوە تۆپەکە بخرێتە مەیدانی دەسەڵات و دەوترێت: ” جێبەجێکردنی بڕیارەکانی باسکراو، پێویستی بە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە، ناسینی مافی سیاسەتی دیموکراسی و دەستەبەری یاسایی تەواو و پتەو هەیە. لەم قۆناخەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژوویی ڕۆڵی خۆی ببینێت…”.
ئەوەی کە ئایا پەرلەمان و دەسەڵاتی تورکیا بڕوایان بە ڕێگاچارەی سیاسی دێموکراتیانە هەیە یان نا یا خود هیچ بەڵێنێکیان لەو بارەوە بە بەرپرسانی پە.کەکە داوە یان نا لانیکەم لە ئێستادا ڕوون نییە. ئەمە وا دەکات داهاتووی پە.کە.کە و بڕیارەکەشی ناڕوون بێت؛ سەرباری ئەوانەش دیار نییە لە کاتێدا کە ئوجالان هەموو فۆرمەکانی دوەڵەت-نەتەوە، فیدراسیۆن و تەنانەت ئوتۆنۆمی ئیداری و خودموختاریی کولتوری ڕەت دەکاتەوە، لەئەگەری بە دێموکراتتیزەبوونی توورکیاشدا چە جۆرە مافێکی نەتەوەیی و بەکۆمەڵی کورد دەستەبەر دەبێت؟ لانیکەم ئەوانەی سەرنج دەدەنە ئەو بەشەی ڕاگەیەندراوەکەی خودی پە.کە.کە کە ئیقرار دەکات ” کونگرەکەمان لەژێر گوشار و بوردمان و شەڕدا” و لە کاتێکدا کە “هێرشەکان لە ئاسمان و زەوییەوە درێژەیان هەبوو، گیراوە” حەقی خۆیانە ئەگەر گەشبین نەبن بە داهاتوو و نەرمینواندنی ناسیونالیزمی توندڕۆیانەی تورکیا کە هەموو جۆمگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەی گرتووەتەوە.
قەندیل پرێس