هەپەگە ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە زەمین و ئاسمانەوە بەردەوامە و ٣٦٠ جار هێرشی ئەنجامداوە، گەریلاش لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و وەڵامەکانی گەریلا لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ١٨ـی نیسان لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، جارێک تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو و جارێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردوومان کراوە.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی ١٨و ١٩ـی نیسان، گۆڕەپانەکانی هەرێمی گارە، هەڕێمی مەتینا، هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ بە گشتی ٣٥٨ جار بە چەکی قورس، تۆپ و دوورهاوێژ بوردوومان کراون.
هەپەگە باسی لەوەشکردووە، لە ١٨ـی نیسان دوورهاوێژێک، کە تونێل و پێگەکانی گەریلای لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرگەلێ، کە دەکەوێتە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ بۆردوومان دەکرد، لەلایەن یەکینەی شەهید ئاخین مووشەوە بە ڕێگەی درۆنەوە لێدرا و تەقێنرایەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە وەڵامی هێرشە چڕەکانی سوپای داگیرکەری تورکدا ئەنجامدرا.
هەروەها لە کۆتاییشدا دەڵێن: لە ١٩ـی نیسان لە کاتێکدا، کە داگیرکەران هێرشیان کردە سەر تونێلەکانی گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ، بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی چالاکی ئەنجامدرا.
قەندیل پرێس