ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، گۆڕانكارییە بنەڕەتییەكان لەتوركیا كاریگەریان لەسەر سوریاش هەیەو دەڵێت، هەموو كێشەكان پەیوەندیان بە دیموكراسیبونی توركیایەوە هەیە.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەتورکیا کاریگەری لەسەر سوریاش دەکەن و هەموو کێشەکانی ئێرە پەیوەندییان بە دیموکراتیکبونی تورکیاوە هەیە، یانی هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ئیمرالی.
ئەمڕۆ، لەشاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، یەکەمین کۆنفرانسی کۆمینەکانی جزیرە دەستی پێکرد، دیدگای عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بەکۆمین بەزمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەی هەڵسەنگاندو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەگەر ئەم ڕاستییانە نەبینین لەبارودۆخی ئێستا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تێناگەین، 100 ساڵ پێش ئێستا نەخشەی ناوچەکەیان دیاری کرد، لە ئەنجامدا ناکۆکی و ململانێ کەوتە نێوان گەلان و تا ڕۆژی ئەمڕۆ ململانێکان بەردەوامن، هەروەها ئەوان ململانێکانی غەزە و سوریا قوڵتر دەکەنەوە.
ئاڵدار خەلیل دەشڵێت، ئێمەش لەنێوان ئەم ململانێیانەدا ئەزمونی شەڕ دەکەین،50 ساڵە لەناو شەڕداین، کاتێک جۆلانی لەدیمەشق دانرا گروپە چەتەکانیش هێرشیان کردەسەر ئێمە، چونکە وتیان ئێوەش وەک ئێمە دەبن، دواتر عەبدوڵا ئۆجەلان دەستێوەردانی کردو دەڵێت: من دەبینم بارودۆخی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەڕوات. جەختیش دەكاتەوە، لێدوانەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ وەستاندنی شەڕ لە بەنداوی تشرین کاریگەری لەسەر پلانە نێودەوڵەتییەکانیش دانا.
ئاڵدار خەلیل جەختی لەهەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ چارەسەری دیموکراتیک کردەوە و وتی، ئۆجەلان20 ساڵ لەمەوبەر هەوڵی بەدەستهێنانی چارەسەری دا، بەڵام لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی تورک ئەو تێگەیشتن و درکەیان نەبوو کە بتوانن لێی تێبگەن، ئێستا تێدەگەن ئۆجەلان دەیەوێت شەڕو بارودۆخی تورکیا بگۆڕێت، گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لهتورکیا کاریگەری لەسەر سوریاش دەکەن، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ دامەزراندنی سووریایەکی نوێ دانوستان دەکەین، بەڵام ئەوان دەستپێشخەری ناکەن خۆیان لەگۆشەیەکدا قەتیس کردوە، لەکاتێکدا ئێمە ساڵانێکە ئەو بەربەستانەمان شکاندوە، ئەوان بەبێ بڕیاری تورکیا ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن، بوێری ئەوەیان نییە کە هەڵوێست وەربگرن، لەئێستادا پرسی گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی لە ڕۆژەڤدایە بەڵام هەنگاو نانێن. هەروەها شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لهژێر گەمارۆدایە، بۆیە هەموو کێشەکانی ئێرە پەیوەندییان بەدیموکراتیکبوونی تورکیاوە هەیە، یانی هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ئیمرالی.
قەندیل پرێس