ئاژانسی هاوار نیوز، میدیای نزیك لە پەیەدە، بڵاویكردەوە، پارتی خەریكی دروستكردنی دیوارێكی كۆنكرێتییە لەسەر سنوری باشوری كوردستان لەگەڵ رۆژاڤا و ئەوەش “ئاماژەیە بۆ بونی پلانی دوژمنكارانە لەدژی ناوچەكە.”
ئاژانسی هاوار نیوز، ڕۆژی یەكشەممە، بڵاویكردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكردوە بە دروستكردنی دیوارێكی كۆنكرێتی لەسەر سنوری باشوری كوردستان بۆ دابڕینی باشور لە رۆژئاوای كوردستان.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، دیوارەكە بەرزی 3 مەتر و ئەستورییەكەی 75 سانتیمەتر دەبێت.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە، دروستكردنی دیوارەكە هەوڵی پارتییە بۆ تەواوكردنی ئەو دیوارە سنورییەی كە پێشتر حكومەتی عێراق دەستی پێكردبو لەنێوان سنوری شەنگال و رۆژاڤا تا دەگاتە هێڵی رەبیعە-تەل كۆچەر لەنزیك دەروازەی فیشخابور لەبەرامبەر دەروازەی سێمالكا.
ئەوەشی خسۆتەڕو، پارتی ئامادەكارییەكانی بۆ دروستكردنی دیوارەكە تەواوكردون و بەكردەیی دەستی كردوە بە دروستكردنی.
بەقسەی ئەو ئاژانسەی رۆژئاوای كوردستان، دروستكردنی دیوارەكە راستەوخۆ دوای لێدوانە دوژمنكارانەكانی دەوڵەتی توركیا و هەروەها ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتیی سوریا، دێت و ئەوەش ئاماژەیە بۆ بونی پلانی دوژمنكارانە لەدژی ناوچەكە.