دوای دو ساڵ و نیو لە راگرتنی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، قفڵەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان كرانەوەو دەست بە هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كرایەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، رێوڕەسمی كردنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بە ئامادەبونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ بەڕێوەچو.
بەپێی قسەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەعات 06:00 بەیانیی ئەمڕۆوە هەناردەکردنەکە لە هەمو کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردوەتەوە.
بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت. لەدوای كردنەوەی قفڵەكانی نەوت، ماوەی 24 بۆ 48 سەعات پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهانی توركیا.
لە كۆتاییەكانی مانگی سێی ساڵی 2023، لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا.
دو رۆژ لەمەوبەر(پێنجشەممە 25ی ئەیلولی 2025) محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگەیاند.
سودانی وتی”ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژویی کە تێیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو کێڵگانەى کە دەکەونە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی دەکات. ئەمەش دابەشکردنی سامان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەستەبەردەکات و سەرچاوەکانی هەناردەکردن هەمەچەشن دەکات و هاندەری وەبەرهێنان دەبێت.”
سودانی وتیشی “18 ساڵە چاوەڕێی ئەم دەستکەوتەین.”