بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کاراکرانەوە کە زۆرینەی کەرتە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
بازاڕەکانی ئێران کاردانەوەی تووندیان بە کاراکردنەوەی سزاکان پێشانداوە.
لە دوێنێوە بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن 4 هەزار و 400 تمەن گران بووەوە و یەک دۆلار بە 112 هەزار و 900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەوپێیەش لە ماوەی یەک هەفتەدا دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن بەڕێژەی 6.21٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە ماوەی شەش مانگدا بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەڕێژەی 8.98٪ بەرزبووەتەوە.
دابەزینی بەهای تمەن لەکاتێکدا بەردەوامە کە بانکی ناوەندیی ئێران هەوڵیدا بە خستنەڕووی نزیکەی نیو ملیار دۆلار رێگری لە دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بگرێت، بەڵام بازرگانان دەڵێن، هەواڵی “نەرێنی سیاسی” گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران هێندە کاریگەرییەکانی تووند بووە کە بانکی ناوەندیی ئێران ناتوانێت بە خستنەڕووی زۆری دراوی بیانی رێگری لە دابەزینی زیاتری بەهای تمەن بکات.