سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لەبارەى وەرگرتنى نەوتى بەرهەمهاتووى هەرێمى کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکى مێژوویى و دەڵێت، ئەم رێککەوتنە دەستکەوتێکە 18 ساڵە چاوەڕێیدەکەن، هاوکات وەزارەتى نەوتى فیدراڵ راگەیەندراوێکى لەبارەى رێککەوتنەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، جگە لە بڕی بەکارهاتوو بۆ ناوخۆ، هەموو نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
سودانى: رێککەوتنەکە دەستکەوتێکە 18 ساڵە چاوەڕێیدەکەین
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پلاتفۆڕمى ئێکس رایگەیاند، لەبارەى نەوتى بەرهەمهاتووى هەرێمى کوردستان گەیشتووینەتە رێککەوتنێکى مێژوویى، دەشڵێت، وەزارەتى نەوتى فیدراڵ ئەو بڕە نەوتە وەردەگرێت کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت و لەرێگەى بۆریى نەوتى عێراق تورکیا هەناردەدەکرێت.
ناوبراو دەشڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوت گرەنتیی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی دەکات و جەختدەکاتەوە دەستکەوتێکە 18 ساڵە چاوەڕوانین.
وەزارەتی نەوت: گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان
هاوکات وەزارەتى نەوتى عێراق بەفەرمى رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمى کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ وەرگرتنى نەوتى بەرهەمهاتووى هەرێمى کوردستان و جگە لەو بڕەى بۆ ناوخۆ بەکاردێت، سەرجەم نەوتى هەرێمى کوردستان وەردەگرن و بەگوێرەى دەستوور و یاساى بودجەى عێراق لەرێگەى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە هەناردەدەکرێت.
وەزارەتى نەوتى عێراق دەشڵێت، رێککەوتنەکە لەبەرژەوەندیى گشتیی عێراق و بودجەى وڵات و زیادکردنى پرۆژەخزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنى هاوڵاتییاندایە.