سەرۆکی رۆحی دروزەکانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، لە بڕیاردران بۆ مافی چارەی خۆنوسین پاشگەزنابنەوە و سورن لەسەر سەربەخۆیی پارێزگای سوەیدا.
حیکمەت هیجری، سەرۆکی رۆحی دروزەکانی سوەیدا لەچاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەکرد، تاکو ئێستا دۆخی سوەیدا ناجێگیرە و سەرباری دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و ئوردن، هێشتا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق نەگەیشتون بەڕێککەوتنێک کە بەدڵی هەردولابێت.
هاوکات، سەرۆکی رۆحی دروزەکانی سوەیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بە کۆمەڵکوژی سوەیدا بنێت و هەموو راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرابکرێت.
ئەوەشیخستەڕوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لەسوەیدا رفێنراون 600 کەسی تێپەڕاندوە کە لەناویاندا ژنیش هەن، حکومەتی دیمەشقیش رەتیدەکاتەوە هیچ دانوستانێک لەبارەی چارەنوسی ئەو کەسانەوە بکات.
قەندیل پرێس