10 فەرماندەی باڵا و بەرپرسی عێراقی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، چەندین گرووپی چەکداریی بەهێزی عێراقیی نزیک لە ئێران بۆ یەکەمجار ئامادەیی خۆیان بۆ چەکدانان پیشانداوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسیی هەڕەشەکانی ترەمپ بپارێزن.
عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری شیعەی نزیک لە هاوپەیمانیی حکومڕانی عێراق، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و گرووپەکان ئامادەییان بۆ چەکدانان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا دەربڕیوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، حکومەتی عێراق گرووپە چەکدارەکانی ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکەن، ئەوا لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی ئاسمانییان دەکرێتەسەر.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی گرووپە چەکدارەکان قسەی کردووە، کە بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەوە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، لەوانە فەرماندەکانی حیزبوڵای عێراق، نوجەبا، کەتیبەکان سەیدولشوهەدا.
ئەو فەرماندانە ئەوەشیان ئاشکراکردووە، لەئێستادا بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە دەستیانکردووە بە چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە پارێزگا گەورەکانى وەکو ئەنبار و نەینەوا.
فەرماندەیەکی حیزبوڵا بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئەوان دەزانن ترەمپ ئامادەیە دۆخەکە بەرەو ئاستێکی خراپتر ببات، بۆیە دەیانەوێت خۆیان لەوجۆرە سیناریۆ خراپانە بەدووربگرن.
فەرماندەکان بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، سوپای پاسدارانی ئێران سەرپشکی کردوون، کە دەتوانن هەر بڕیارێک بدەن بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێیەکی گەورەتر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سودانی بەئاژانسەکەی راگەیاندووە، سەرۆکوەزیران پابەندە بە دڵنیابوون لە مانەوەی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا لە رێگەی “دیالۆگی بنیاتنەر لەگەڵ کاراکتەرە نیشتمانییە جیاوازەکان”.
دوو بەرپرسی دیکەی ئەمنیی عێراق ئاماژەیان بەوەکردووە، سودانی بەردەوام دەبێت لەفشارکردن لە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی چەکەکانیان دابنێن.
لەماوەی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ هۆشداریی توندی بە حکومەتی عێراق داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە بەنزیک لە ئێران دادەنرێن، هۆشداریشی پێداون ئەگەر ئەو کارە نەکرێت ئەمریکا ئامادەیە بەئامانجیان بگرێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، ئەوان بەردەوام داوا لە بەغداد دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانە و پەیوەستکردنیان بە حکومەتی عێراقەوە.