هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە رایگەیاند، تورکیا بە سیاسەتێک کە تەنیا چەکدانانی بزووتنەوەی کوردی لەبەرچاو بێت، ناگاتە هیچ ئەنجامێک داواشی لە تورکیا کرد، هەرچی زووە یاساکانی ئازادی و تێکەڵبوونی دیموکراتی دەربکات.
جەمیل بایک لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە، کە ئەمرۆ سێشەممە 28 ـی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە باسی پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەو راگەیێندراوەی رۆژی 26ـی تشرینی یەکەم لەلایەن سەبری ئۆک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکەوە بڵاوکرایەوە، بەرجەستەترین نیشانەی “پابەندبوونی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردە بە ئامانجی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی.”
بایک، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانج لەو هەنگاوە، خێراکردنی پرۆسەکەیە دوای قۆناخی کشانەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گوتی: “ئێمە بەپێی رێنماییەکانی رێبەر ئاپۆ جووڵاوینەتەوە. بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی نەوەستێت و دەرفەت بۆ پیلانگێڕییەکان نەڕەخسێت، بەرپرسیارێتیمان لە ئەستۆ گرتووە.”
جەمیل بایک پێیوایە حکومەتی تورکیا بەرامبەر پرۆسەکە سستە و گوتی: “هەنگاونەنانی حکومەت تاوەکو ئێستا لە رووی سیاسی و یاساییەوە، چاوەڕوانییەکانی بۆ بەدیموکراتیکردن لاواز کردووە.”
پرۆسەی ئەمجارەی چارەسەری، بە سەردانەکانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و دواتر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات، کە داوای چەکدانانی لە پەکەکە کرد، دەستیپێکرد.
بایک گوتی، ئێستا نۆرەی دەوڵەتە بۆ ئەوەی بەبێ دواکەوتن، “یاساکانی تێکەڵبوونی دیموکراتی” و “یاساکانی ئازادی” دەربکات و گوتی: “پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و خەباتی چەکداری کۆتایی هات؛ ئێمە ئەوەی لەسەر شانمان بوو جێبەجێمان کرد. ئێستا نۆرەی دەوڵەتە هەنگاو بنێت. دەبێت مافی هیوا بە رێبەر ئاپۆ بدرێت و زەمینەی سیاسەتی دیموکراتی بە یاسا مسۆگەر بکرێت.”
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بیریهێنایەوە کە لەو دیدارە سنووردارانەی لە ئیمراڵی کراون، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەختی لە پێویستیی چوونە قۆناخی دووەمی پرۆسەکەوە کردووەتەوە و گوتی: “رێبەر ئاپۆ بە روونی ئاماژەی بەوەدا، پێویستە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بچێتە قۆناخێکی نوێوە و دواکەوتن ئەنجامی نەرێنی بۆ گەلەکەمان لێدەکەوێتەوە. بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری، دەرکردنی یاسای قۆناخی گواستنەوە بووەتە زەروورەتێکی مێژوویی.”
بایک دۆخی ئێستای وەکو “هەنگاوێکی ئاشتییانەی بەرپرسیارانە، بەڵام تاکلایەنە” پێناسە کرد.
قەندیل پرێس