دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نزیکە کە دەتوانێت رێگری لە کردەوەی سەربازی بکات، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. ترەمپ هاوکات شانازی بە کۆکردنەوەی “تریلیۆنان دۆلار” لە گەشتەکەیدا بۆ کەنداو دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، ئەم لێدوانانەی لە قەتەر دا پێش ئەوەی بە فڕۆکە بەرەو ئیمارات بەڕێبکەوێت، کە قۆناخی سێیەم و کۆتایی گەشتەکەیەتی بۆ کەنداو کە لە سعودیەوە دەستی پێکرد.
ترەمپ گوتوویەتی گەشتەکە بووەتە هۆی بەدەستهێنانی تریلیۆنان دۆلار لە رێککەوتن و هیوادارە رێککەوتنی بازرگانی زیاتر بە بەهای ملیاران دۆلار لە ئیماراتدا مسۆگەر بکات کە هەوڵی داوە ببێتە ناوەندێک بۆ تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لە دەوحە گوتی: “هیچ تۆزێکی ئەتۆمی لە ئێران دروست ناکەین”.
دەشڵێت: “پێموایە نزیک دەبینەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بەبێ ئەوەی پێویست بکات کردەوەی سەربازی ئەنجام بدەین.”
لە ساڵی 2018 لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە و دەستی بە سەپاندنی سزاکانی کردەوە؛ هەروەها رێگری کرد لەوەی هیچ وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت.
ئەمریکا دەڵێت، دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێت، ئێرانیش دەڵێت، دانوستاندن لەسەر ئەوە ناکەن.
دوای لێدوانەکانی ترەمپ، نرخی نەوت زیاتر لە 3٪ دابەزی. ئەوەش بەهۆی گەڕانەوەی هیواکان بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمی کە دەتوانێت هەناردەی ئێران بگەڕێنێتەوە نێو بازاڕی جیهانی.
پێشتر، رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایار، ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە لە دەوحە گوتی: “دۆخی ئێران باش دەبێت، پێموایە رێگەی دیپلۆماسی [لەگەڵ ئێران] سەرکەوتوو دەبێت.”
ئێران چوار خولی دانوستاندنی لەگەڵ ئیدارەی ترامپ کردووە، کە هەوڵی داوە رێگری لە هەڕەشەی کردەوەی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکات لەکاتێکدا هێشتا کەمپینی “ئەو پەڕی گوشار”ی ئەمریکا لەسەری بەردەوامە.
ترەمپ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەرپرسە ئێرانییەکە بدات، گوتی: “پێدەچێت ئەمڕۆ ئەو هەواڵەتان لەسەر ئێران خوێندبێتەوە. بە جۆرێک بە مەرجەکان رازی بووە.”
عەلی شەمخانی، راوێژکاری ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە میدیای ئەمریکی گوت کە تاران دەستبەرداری یەدەگی یۆرانیۆمی بەرز پیتێندراوی خۆی دەبێت، ئەگەر بەشێک بێت لە رێککەوتنێک کە تیایدا واشنتن گەمارۆکان هەڵبگرێت.
ترەمپ گوتی ئێران دەبێت “زۆر سوپاسگوزاری شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر” بێت کە گوشاری لە ئەمریکا کردووە تاوەکو خۆی لە کردەوەی سەربازی دژی دراوسێ زەبەلاحەکەی وڵاتەکەی بپارێزێت.
قەندیل پرێس