قەندیل پرێس
ئەمرۆ هەینی 26ـی ئەیلولی 2025 دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا راگەیاند؛ بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق تۆمەتباری کوشتنی ( ئەکبەری حاجی رۆستەم )ی لەشاری بەغداد دەستگیرکرد و دانپێدانانی بکوژەکەی بڵاوکرایەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم:
دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق تۆمەتباری کوشتنی ( ئەکبەری حاجی رۆستەم )ی لەشاری بەغداد دەستگیرکرد.
22ـی ئەیلولی 2025 لەگوندی ئۆمەربلی قەزای کفری هاوڵاتی ( ئەکبەری حاجی ڕۆستەم ) دەکوژرێت،
دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت بکوژ چووەتە باخی قوربانییەکە و چاوەڕوانی کردووە و دوای گەیشتنی (ئەکبەری حاجی ڕۆستەم)بەفیشەکێکی چەکی جۆری دەمانچە دەیکوژێت و دواتر بکوژ ئۆتۆمبێل و موبایلی کوژراو دەبات و لە شوێنی تاوان هەڵدێت و لەڕێگەی ناحیەی سلێمان بەگ دەچێتە بەغداد و لەناوچەی دۆرە لەماڵێک خۆی حەشار دەدات.
دواتر توانرا لە 23/9/2025 لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بەهەماهەنگی و زانيارى دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیر بکرێت.
تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی (22)ساڵە ناوی (عەبدول عزیز جاسم محمود) دوای ڕادەستکردنی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان لەدەزگای ئاسایشی هەرێم دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.
لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەماددەی ( 406 )لەیاسای سزادان ڕاگیڕاوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.