هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕێککەوتنە ئەنجامدراوەکان سوپای تورکیا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خاکی عێراق جێدەهێڵێت و هاوکات هەر ئەمساڵ کۆتایی بە بوونی هێز و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لە عێراق دەهێنرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر دەستکەوتە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەم دواییەی بەغدا و ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان و ناتۆ، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر چوونەدەرەوەی هێزەکانی تورکیا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی «ڕۆژی سەروەری»ن. جەختی لەوەش کردەوە کە داماڵینی چەک و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لە خاکی عێراق، هاوشان لەگەڵ پەرەپێدانی تواناکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵات، بەشێکی سەرەکیی دیکەی ئەم هەنگاوانەن.
قەندیل پرێس