به‌په‌له

کاکۆ عه‌لیار: پێویستە نە پێش ڕووداوەکان کەوین و نە دوای رووداوەکان

وتووێژی تایبەتی “قەندیل‌پرێس” لەگەڵ بەڕێز “کاکۆ عەلیار” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێران، سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و کاریگەریەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

قه‌ندیل پرێس: هەڵسەنگاندنی ئێوە لەشەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران چییە؟ ئایا ئیسرائیل بە ئامانجەکانی گەییشت؟

کاکۆ عه‌لیار: سەرکەوتن لە هەر شەڕێکدا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بکەری شەڕەکە ئایا ئەو ئامانجانەی بۆخۆی دەست نیشان کردووە تا چ ڕادەیەک پێی گەییشتووە، لەو شەڕەدا ئیسرائیل چەند ئامانجی سەرەکی دیاری کردبووە، لەوانە لاواز کردنی سپای پاسداران بە لێدانی فەرماندەکانی، شارە مووشەکیەکانی، بەرگری ئاسمانیەکەی، هەروەها لێدانی ئەو شوێنانەی کە پیتاندنی ئۆرانیۆمی تێدا دەکرێ، لە هەردووکیان بە ڕێژەیەکی زۆر باڵا سەرکەوتوو بوو.

قه‌ندیل پرێس: بەڕای بەڕێزتان شەڕی ئیسرائیل و ئێران تەواو بوو یان جارێکی‌تر دەستپێدەکاتەوە؟

کاکۆ عه‌لیار: ئەو شەڕە ئەفسانەی بەهێز بوونی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا شکاند، کۆماری ئیسلامی ئەگەر لەناوخۆی لە بوارەکانی گەشەی ئابووری، کرانەوەی سیاسی، دابین کردنی خەدەمات و هتد.. ساڵانێکە هەر هاتووە و خراپترە بووە، تێکۆشابوو ڕوو بە دەرەوە بە بەهێز کردنی نیابەتیەکان و هەروەها پرسی ئەتۆم سومعە و هەیبەتی خۆی ڕابگرێ، نیابەتیەکان بەدوای ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبر یەک لە دوای یەک شکستیان خوارد و لە سنووری لە ناوچوونن، ئەتۆم و مووشەکەکانیشی کە لەم شەرەدا پووچەڵ کرانەوە.
وڵاتێک کە بۆ ماوەی ١٢ رۆژ هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر ئاسمانی خۆیدا نەبێ و تەنانەت رێبەرەکەی تا ئێستاش شوێنی نادیارە، چیتر ناتوانی بە نەفەسی جاران گووتار بدا و هەڵسووکەوت بکا.
ئەوەی من پێش بینی دەکەم پرۆسەیەکە سەرەبەرەوخوارە بۆ کۆماری ئیسلامی، پرۆسەیەکە کە تێیدا گۆرانکاری جیدی لە ٢ ساڵی داهاتوودا ڕوودەدا، ئایا ئەوە بەشێکی دیکە دەبێ یا سەناریۆی دیکە دێنا ئاراوە، دەبێ چاوەروان بین.

قه‌ندیل پرێس: لەم 12 ڕۆژەدا حەرەکەتێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەبینرا، ئەمە چۆن دەبینن ئایا کاتی نەگەییشتبوو یان ئامادەبوونێک بۆ وەها دۆخێک نەبوو؟

کاکۆ عه‌لیار: بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی نیە بەو شەڕە یا هیچ شەرێکی دیکەوە، ئێمە نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران دەکەین بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان، لە هەر دەرفەتێکیش کە پێمانوابێ دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێ بۆ ئەو ئامانجە کەڵک وەردەگرین. بەڵام حەرەکەتی سیاسی و تەشکیلاتی ئێمە پەیوەندی هەیە بە ناسینی کات و شوێن، بە هەڵسەنگاندنی بابەتی هەر هەل و مەرجێک کە دێتە پێش، مادامێکی بەرپرسایەتیمان هەیە لە چارەنووسی گەلەکەمان، پێویستە نە پێش ڕووداوەکان کەوین و نە دوای رووداوەکان.

قه‌ندیل پرێس: دوای 12 ڕۆژ لە شەڕ، بۆ یەکەمجار حەوت حیزبی ڕۆژهەڵات پێکەوە دانیشتنیان هەبوو، ئاکامی ئەم دانیشتنە دەبێتە پلاتفۆرمێکی هاوکاری یان وەکوو دانیشتنەکانی‌تر بێ ئەنجام دەبێت؟

کاکۆ عه‌لیار: جارێ بۆ قەزاوەت کردن لە ئاکامی ئەو دانیشتنە زووە، لە ٢ ساڵی ڕابردوودا بە داخەوە دۆخی هاوکاری ناو حیزبەکان بە کۆمەڵێک هۆکار کە ئێستا ناچمە سەریان زۆر هەموار نەبوو، هیوادارین ئەمجارە بتواندرێ بە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەستیاری ئێران و ناوچەکە لەسەر پلاتفۆرمێک رێک کەوین. ئێمە وەک کۆمەڵە هەموو کات خوازیار بووین، پێشنیارمان بووە و تەنانەت زۆر جاریش لە مافی خۆمان چاوپۆشیمان کردووە بۆ مەبەستی پیرۆزی هاوکاری نێو هەموو حیزبەکان، ئێستاش ئامادەین ئەو کارە بکەین، بەڵام دەستێک بە تەنها تەقەی نایە، هیوادارین هەموو لایەک بەو رووحەوە هەنگا هەڵگرن.
قه‌ندیل پرێس: لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا باس لە چەندین سیناریۆ بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات دەکرێت وەکوو: سیناریۆی 1991 لە باشووری کوردستان، سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان دوای پاشەکشەی هێزەکانی بەشار ئەسەد، سیناریۆی ئامادەنەبوونی حیزبەکان و لەکیس چوونی دەرفەتەکە و هتد، ئەگەر جارێکی‌تر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستپێکاتەوە ئێوە چ سیناریۆیەک بۆ ڕۆژهەڵات چاوەرێ دەکەن؟

کاکۆ عه‌لیار: چەندین سەناریۆ دەکرێ بێتە ئاراوە، پەیوەندی بە زۆر فاکتەرەوە هەیە، لە ئێستاوە بۆکەس پێشبینی ناکرێ، ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیه کە لە هەر سەناریۆیەک کە بێتە بەر دەممان، بتوانین زیاترین کەڵک بۆ گەلەکەمان وەرگرین، گەلی کورد شایەنی باشترینەکانە و دەبێ ئەو مافەشی پێبدرێ کە خۆی لەسەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدات. فاکتۆرگەلی وەک هاوکاری نێوان حیزبەکان، تەبیینی سیاسەتی درووست، خۆتەیار کردن، پەیوەندی باشی لەگەڵ دنیای دەرەوە و هتد.. دەتوانن بڕیار بدەن کە ئایا ئێمە دەتوانین لە قۆناغی داهاتوودا سەرکەوتوو بین یا نا.

گرینگتر لە مۆدێلی سەناریۆکە، ئامادەیی خۆمانە بۆ ئەگەرەکان.

قه‌ندیل پرێس: دەبینین هاوکات دوو هەوڵ هەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێکەوە دانیشن و هاوکاری بکەن، هەوڵێک کە ئاکامەکەی بوو بە دانیشتنی حەوت حیزب و هەوڵێکی‌تریش لە لایەن کەنەکەوە دەستی پێکردووە، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لەم دوو هەوڵە چییە؟

کاکۆ عه‌لیار: ئێمە هەموو هەنگاوێک بۆ پرسی هاوکاری نێو حیزبەکان بەرز دەنرخێنین، پێمان باشە کە ململانێ نەکەین لەسەر ئەوەی کێ کوتی و کێ دەسپێشخەری کرد و هتد.. لە هەر لایەکەوە دەست پێبکەین گرینگە کە ئامانجی دیاری کراومان هەبێت و تێبکۆشین لە باری ناوەرۆکەوە دەوڵەمەندی بکەین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: پەیوەست بوونی بازاڕیان بە ناڕەزایەتیەکان، تەرازووی هێز بە زەرەری کۆماری ئیسلامی دەشکێنێتەوە

د. عادڵ ئه‌لیاسی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *