قەندیل پرێس
لە وتارێکیدا لە میانی پانێڵەکانی دیداری مێری لە هەولێر، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆسیەی شنگال و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکەی خستە بەرباس و ڕەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتی بەغدا، پەکەکە و حەشدی شەعبی گرت.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، دەستێوەردان و بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای شنگال هۆکاری سەرەکیی شێواندنی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیای دەڤەرەکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە چوونەژوورەوەی ئەو هێزانە هیچ پێویستییەکی پێ نەبووە، بەڵام بڕیاری سیاسی و ئەمنی بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالدا.
ڕێبەر ئەحمەد لە بەشێکی تری قسەکانیدا هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی دۆخی ئێستای شنگال لەسەر دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە و ڕایگەیاند، بوونی هاوکاتی پەکەکە و حەشد لە پاڵ هێزەکانی سوپای عێراق، بووەتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئایینی و مەزهەبیی شنگال، تا ئەو ڕادەیەی ئێزیدییەکان و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە لە ماڵ و خاکی خۆیاندا هەست بە بێگانەیی بکەن.
وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتنی تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕادەستکردنی ئەرکی پاراستنی شنگال بە سوپای عێراق. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی نەخشەڕێگاکە، دەبوو تەنیا سوپای عێراق ئەرکە ئەمنییەکان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەستێوەردانی لایەنە ناڕەسمییەکان و گروپە چەکدارەکان تەواوی ڕێککەوتنەکەی پەکخست.
لە کۆتاییدا، وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕەخنەی ئاشکرای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا گرت و حکومەتی فیدراڵی بە کەمتەرخەم و «ناجدی» لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و دەرکردنی هێزە نافەرمییەکان لە شنگال وەسف کرد، کە بەهۆیەوە تا ئێستاش ڕێگری لە گەڕانەوەی ئارامی و ئاوارەکانی شنگال دەکرێت.
قەندیل پرێس