چەند وشەیەک لە سەربەڵگەنامەی «اصول حداقلی حقوق بشری برای دوره گذار» بۆ ئێران!

✍ د. خالد خەیاتی

چەند ڕۆژ لەوە پێش، پازدە ‌حیزب و ڕیکخراوی ئێرانی (هەڵبەتە زیاتر لە ژێر چاوەدێری شاراوەی تورکە ئازەرییەکان، ئەگەر هەڵە نەبم) لە شاری ئۆسلۆ، پێتەختی وڵاتی نۆڕوێژ لە دەوری یەک کۆبوونەوە و پێکەوە وەک بۆخۆیان دەڵێن بەڵگەنامەیەکی “لانی کەمیی مافی مرۆڤییان بۆ قۆناغی ڕاگوێز (اصول حداقلی حقوق بشری برای دوره گذار)” واژۆ کرد. من لێرە دا نامەوێت باسی وردەکارییەکانی ئەم بانگەوازە بکەم بەڵام ئاماژەکردن بە چوار خاڵی گرینگ بە پێویست دەزانم:

یەکەم: زۆرێک لە هاونیشتمانیانی کورد گلەیی ئەوە دەکەن کە لەو بەڵگەنامەیەدا کورد (و هەروەها نەتەوەکانی دیکەی وەکوو عەڕەب و بەلووچ) بۆ ئاستی “کۆمەڵگەی ئێتنیکی” (جوامع اتنیکی) دابەزاندووە. ڕەخنەگران پێێانوایە (هەڵبەتە بە دروستی) کە ئەو پێناسەیە هەڵگری هیچ چەشنە مافێکی گشتی و کۆلێکتیڤ نییە، بەڵکوو ئامانجی کۆتایی ئەوەیە کە بە ڕێگای دەستبەرکردنی ماڤی شارومەندی تاکەکەسی، ناسنامە کولێکتیڤەکانی ئێستایی نێو ئێران ئاسیمیلە بکات. بەڵام ڕەخنەگران یەک شتیان لە بیر کردووە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوانەی ئەو بەڵگەنامەیان واژۆ کردووە خۆیان ئێرانین و ئێوەی خۆشەویست ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ئەو بەڕێزانە شتێک بە ناوی نەتەوە یان کەمینە بە ڕەسمی بناسن و لەم سۆنگەیەوە یەکگرتوویی خاک و دەوڵەتی/میللەتی تاکە زمانی و تاکە کولتووری خۆیان تووشی مەترسی بکەن.

دووهەم: کە وابوو بە ڕێگای پشتبەستن بە خاڵی یەکەم، دەتوانین بڵێین کە لێرەدا مافی مرۆڤ بۆ ئەو ڕێکخراو و حیزبانە تەنیا بیانوویەکە، پەردەیەکە، ڕەنگکردنێکە کە لە پێناو یەکگرتوویی خاک و دەوڵەتی/میللەتی تاکە زمانی و تاکە کولتووری ئێرانیدا زەق کراوەتەوە. بە واتەیەکی دیکە ماڤی مرۆڤ فشەیە و هیچی دیکە یان لێفەکەی مەلا نەسرەدینە کە ئامانجێکی دیکەیان پێداپۆشیوە.

سێهەم: ئەو بەڵگەنامەیە باس لە قۆناغی ڕاگوێز بە شێوەی “ئاشتیانە، دوور لە توندوتیژی، دیمۆکڕاتیک و دادپەروەرانە (ﮔﺬار ﺳﯿﺎﺳﯽ ﻣﺴﺎﻟﻤﺖ آمیز، دﻣﮑﺮاﺗﯿﮏ و ﻋﺎدﻻﻧﻪ)” دەکات. لە پشت ئەو ئاماژەیە دوو ئامانجی شارەواە هەیە: یەکەم ئەوەی هیچ هێزیک (بە تایبەت ئەو هێزە کوردییانەی کە ئێستا بوونەتە ئێرانی) بیر لە پڕۆژەی گۆڕینی پێکهاتەی ژیئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و بەم پێیەش نیزیکبوونەوە لە ئیسڕائیل و ئەمریکاوە نەکەنەوە. دووهەم ئەوەی کە بە دژی دەستەڵاتی سیاسیی یان حکوومەتی ئێستای ئێران توند و تیژی بە کار نەهێنن و جارێ دەستەونەزەر دانیشن هەتا ڕۆژی ڕێفڕاندۆم. جا هیچ پێتان سەیر نەبێت ئەگەر لە ڕۆژانی داهاتوودا کلکی کەڵەبابەکە دەربکەوێت و بەم پێیەش بۆ نموونە ڕۆڵی ئیتیلاعاتی سپای پاسداران یان هاوشێوەی لەو بەرنامەی مافی مرۆڤ و کۆنگرەی ئازادییەدا ئاشکرا ببێت.

چوارەم: با منیش دوو شت وەبیر ئەو پازدە ڕێکخراو و حیزبە ئێرانییە خۆشەویستانە بهێنمەوە و وەبنی گوێیان بکەوێت. یەکەم ئەوەی ئەو قۆناغە ڕاگوێزە بە هیچ شێوەیەک وەک ئەو جوورەی ئێوە دەفەرموون “ئاشتیانە، دوور لە توندوتیژی، دیمۆکڕاتیک و دادپەروەرانە (ﮔﺬار ﺳﯿﺎﺳﯽ ﻣﺴﺎﻟﻤﺖ آمیز، دﻣﮑﺮاﺗﯿﮏ و ﻋﺎدﻻﻧﻪ)” نابێت. پڕۆسەی داڕمان وەها دێتە ئاراوە کە ئێوە هەر فریا ناکەوەن هەڵویستیش بگرن. دووهەم: قۆناغی دوای داڕمان ئەوەندە شپرزە و ئاڵۆز دەبێت کە ئێوەی بەڕێزی ئێرانی نازانن چی بڵێن، چی بکەن یان لە کوێڕا دەست پێبکەن لە پێناوە ئەوەی وەک بۆخۆتان نووسیوتانە “ئەو ئێرانە سەرلەنوێ بونیات بنێنەوە”. بە گوتەی خودالێخشبوو ڕەحمانی حاجی ئە‌حمەدی دۆخی دوای ڕووخان ئەوەندە ئاڵۆز و تێکەڵپێکەڵ دەبێت کە “سەگ سیاحەبی خۆی ناناسێتەوە”. ئێوەش لە کۆتاییدا هیچوو بۆ نامێنێ جگە لەوەی یەخەی یەکتر دەگرن. خودا وەخێری گێڕێ!
ئێوەی خۆشەویستیش بە ڕاوبۆچوونی خۆتان بەشدار بن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

بەشداری بکە ئەگەر ئەو بابەتەت پێ گرینگە!

✍ د. خالد خەیاتی تەماشای ئافیشی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بکەن کە بە زمانی کوردی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *