قەندیل پرێس
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەو پرۆسە هەڵبژاردنەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئومێدی گۆڕانکاری و بونیادنانی حکومەتێکی نوێ ڕوویان تێکرد، هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو هێزی سەرەکیی دەسەڵاتدار نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن و بە ناچاری حکومەتێکی کاربەڕێکەری لاواز کە مێژووەکەی بۆ ئەیلوولی ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە کاروباری گشتی بەڕێوە دەبات،
دامەزراوەی ناسراوی جیهانی چاتام هاوس لە ڕاپۆرتێکی فراواندا هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە پەککەوتووە هەرێمی کوردستان بەرەو دابەشبوونێکی قووڵ و مەترسیدار دەبات و هاوبەشە دێرینەکانی هەرێم لە ئەورووپا و ئەمریکا گەیشتوونەتە لوتکەی بێزاری لەم بنبەستە سیاسییە و چیتر ئامادە نین ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕن، کە ئەمەش دەرگا بۆ دەستوەردانی هێزە هەرێمییەکان واڵا دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانتر یارییە درێژخایەنەکانیان لە ناوچەکەدا بکەن و قەوارەی کوردی زیاتر لاواز بکەن.
چاتام هاوس ڕایدەگەیێنێت کەوا ئاستەنگی ڕاستەقینەی بەردەم پەرەسەندنی دۆخەکە تەنها ناکۆکییە بچووکەکان لەسەر پۆست و پشکە وەزارییەکان نییە وەک ئەوەی هەندێک جار لە گوتاری گشتیدا باس دەکرێت، بەڵکو قەیرانەکە لە هەڵوەشاندنەوە و پەککەوتنی بنەڕەتیی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی ساڵی 2006ی نێوان هەردوو پارتەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە تیایدا هەردوو لایەن چیتر خاوەنی یەک تێڕوانینی هاوبەش نیین بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی خاکی کوردستان و ئەو چوارچێوە فەرمی و نافەرمییانەی کە دوو دەیە بوو پێکەوە گرێی دەدان ئێستا بە تەواوی لە کارکەوتوون.
بەو هۆیەوە هەرێمی کوردستان لە ئاستی کردەییدا دابەش بووە بەسەر دوو ناوچەی جوگرافیی جیاوازدا کە تێیدا پارتی لە هەولێر و دهۆک باڵادەستە و یەکێتیش لە سلێمانی و هەڵەبجە حوکمڕانی دەکات.
هەرچەندە ئەم دۆخە هێشتا وەک سەردەمی تاڵی دووئیدارەیی سەددرەسەد جیا نەبووەتەوە، بەڵام دۆخێکی نادادپەروەر و بارگرانی دروست کردووە کە دامەزراوە فەرمییەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی فەرمان تەنها چاویان لە سەروەریی حیزبییە و تەنانەت لە بازگەکانی نێوان هەردوو زۆنیشدا سەرانە و پارە لە شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانان وەردەگیرێت بە جۆرێک کە هاووڵاتی و بازرگانان باجی ئەم فەوزایە دەدەن.
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەردوولا هەمیشە جەختیان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی قەوارەی هەرێم کردووەتەوە و لەم دواییانەشدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، بەڵام لە پشت پەردەوە گۆڕانکاریی زۆر قووڵتر لە ئارادایە و بەتایبەت یەکێتی پێشنیازێکی ڕادیکاڵی هەیە بۆ شۆڕکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان بۆ ئاستی پارێزگاکان و شارەوانییەکان بە شێوازێک کە لە سیستمی کانتۆنەکانی سویسرا و میرنشینەکانی ئیمارات بچێت، و سەرەڕای ئەوەی کە پاساوی ئەم جۆرە پلانە ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لە یەکتر، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئەمە دەسەڵاتی حیزبی لە زۆنەکاندا بەفەرمی دەکات و کۆتایی بەو بناغە دەستووری و سیاسییانە دینێت کە دوای شەڕی ناوخۆ بۆ پێکەوەژیان و یەکخستنی دامەزراوەکان دابنرابوون.
لە کاتێکدا پارتی بە توندی دژی ئەم ئاراستەیەیە و بە هەنگاوێکی مەترسیداری دەزانێت کە پێگەی هەرێم لە عێراقدا وێران دەکات، هاووڵاتییان و دەنگدەرانی کوردیش سەرەڕای بێهیوابوونیان لە خزمەتگوزارییەکان، ترسی گەورەیان لەم جۆرە مۆدێلانە هەیە کە دەسەڵاتی سەرکردە حیزبییەکان بێ کۆتایی بەهێزتر دەکات، و لە هەمان کاتیشدا حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لە ڕێگەی ئەم لاوازی و پەککەوتنەی نێوان هەولێر و سلێمانییەوە توانیویەتی هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵات و پێگەی دارایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان زۆر بە تەواوی لاواز بکات، و ئەم دۆخە نالەبارە لە کاتێکی جیهانی و ناوچەیی زۆر هەستیاردا ڕوو دەدات کە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ناوچەکەی خستووەتە لێواری ناسەقامگیرییەکی مەترسیدارەوە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیش سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانن، و کشانەوەی بەشێکی بەرچاوی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێم لەگەڵ پەککەوتنی چالاکییە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر وایکردووە کە دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی گەیشتوونەتە خاڵی بێهیوایی بەرامبەر بە سەرکردە کوردەکان، کە ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەی هەژموونی ڕۆژئاوای لێ کەوتووەتەوە.
لە بەرامبەردا وڵاتانی دراوسێ وەک تورکیا و ئێران لە باوەڕپێکراوترین پێگەدان بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی دابەشبوودا بکەن چونکە ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی کارەکان بەڕێوە ببەن بەبێ ئەوەی گرنگی بە یەکڕیزیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی بدەن، بە جۆرێک کە تورکیا ئامانجی سەرەکی پاراستنی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی خۆی و بابەتی پەکەکە و هەسەدەیە و مەترسیی هەیە کە قووڵبوونەوەی کێشەکانی کورد ئەنقەرە ناچار بکات لایەنگریی یەکێک لە حیزبەکان بکات، و لە لایەکی ترەوە ئامانجی سەرەکیی ئێران دوورخستنەوەی لایەنە کوردییەکانە لە تێوەگلانی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و هەروەها سەرکوتکردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی خۆی لە خاکی هەرێمدا و لەبەر لاوازیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە، تاران ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ خۆی دەستوەردان بکات، و هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە لە نەبوونی هێزی هاوسەنگی ئەمریکیدا، دەسەڵاتدارانی بەغداش هان دەدرێن بۆ ئەوەی دەستوەردانی ڕاستەوخۆتر لە کاروباری هەرێمدا بکەن و قەوارەی خۆبەڕێوەبەریی کورد بخەنە ژێر قورسترین هەڕەشەوە.
لە کۆتایی ئەم شیکارییەدا دەردەکەوێت کە بەردەوامبوونی ئەم بنبەستە سیاسییە قووڵە مەترسیی داڕمانێکی یەکجاری و بێگەڕانەوە لەسەر تێکڕای قەوارەی کوردی دروست دەکات و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پەککەوتووە، پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە هەستیارییەوە بیر لە داهاتوو بکەنەوە و لە ڕێگەی چارەسەری نیشتمانیی ڕاستەقینە کار بکەن نەک ڕێگەیەک کە قەڵش و دابەشبوونەکان فراوانتر بکات و دامەزراوە هاوبەشەکان بنکۆڵ بکات، چونکە بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ دەستوەردانی دەرەکی و قەوارە سیاسییەکەی لە دەست دەچێت.
قەندیل پرێس