ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەمە نووسینگەکەیان لە گەڕەکی غوێران وێران کراوە و هێرش کراوەتە سەر هێماکانی گەلی کورد.
ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) سەبارەت بەو هێرشەی کە کرایە سەر نووسینگەکەیان و سەر وێنەی شەهیدانی ژن و هێما کوردییەکان، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “ڕۆژی سێشەمە (١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) نووسینگەی پارتەکەمان، پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە گەڕەکی غوێرانی شاری حەسەکە، تووشی تاڵانکردن و وێرانکاری بوو؛ دەرگاکانیان شکاندبوو و بە شێوازێکی نەشیاو هێرشیان کردبووە سەر هێماکانی گەلی کورد، بە تایبەت هێماکانی شۆڕشی ژنان و نووسینگەکەیان تاڵان کردبو، ئەم هێرشە چەند ڕۆژێک پاش ئامانجگرتنی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری تل تەمر ڕوودەدات”.
پەیەدە ئەوەشی ڕاگەیاند، کە پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر هێرشکردنە سەر دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی شاری تل تەمردا، ڕۆژی سێشەممە هێرشیان کردووە سەر نووسینگەکەیان و دوێنێش هێرشیان کردووەتە سەر وێنەی شەهیدانی ژن.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “بەئامانجگرتنی تل تەمر و ئەمڕۆش حەسەکە، هەروەها پێشێلکردنی نووسینگەکە، نیشانەی بوونی پلانێکی سیستماتیکە کە ئامانجەکەی پێکدادان و تێکدانی پێکەوەژیانە. ئێمە وەک ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) بە توندی ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکەین و جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم کردەوانە هەڕەشەن لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئارامیی ناوچەکە، هەروەها هێرشن بۆ سەر ئازادیی خەباتی سیاسی و رێکخستنکردنی گەل. نووسینگەی پارتەکەمان لە گەڕەکی غوێران تەنها ناوەندێکی حزبی نەبوو، بەڵکو ناوەندێک بوو بۆ رێکخستنکردنی گەل و خەباتکردن بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان، خوشک-برایەتی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەدا.
هەروەها ئەم کردەوانە عەقڵییەتی نەتەوەپەرستی نیشان دەدەن و یادەوەریی کردەوەکانی رژێمی بەعس دەخەنەوە بیرمان کە لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی بوونی ئەوی تر و فرەڕەنگی بنیاد نرابوون”.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی نووسینگە حزبی و دامەزراوە مەدەنییەکان بە جێ بگەیەنن، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم هێرشانە بکەن و بەرپرسانیان دادگایی بکەن و دڵنیاببنەوە کە ئەم کردەوانە هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئێمە بانگەواز لە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و گەلی سووریا دەکەین کە پروپاگەندە و ڕق و کینە ڕەت بکەنەوە، پابەند بن بە دیالۆگ و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن”.
قەندیل پرێس