ئەندامێکی کۆمیتەی دیپلۆماسیی پژاک ڕایگەیاند، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران خەریکی داڕشتنی پڕۆژەیەکی دیموکراتیی هاوبەشین بۆ قۆناغی دوای دەسەڵاتی ئێران، وتیشی: نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکمان بە تەواوی دژی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانن و ئابووری و سیستمی وڵاتەکە لە لێواری داڕماندایە، بۆیە ئەگەری ڕاپەڕینێکی گەورە لە ئارادایە.
ئیبراهیم عەلیپوور، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سەبارەت بە پڕۆژەیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا و دژایەتییان بۆ دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی(یەنی یەشام) زانیاری خستەڕوو.
ئیبراهیم عەلیپوور ڕایگەیاند، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران خەریکی داڕشتنی پڕۆژەیەکی دیموکراتیی هاوبەشین بۆ قۆناغی دوای دەسەڵاتی ئێران، هەروەها نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکمان بە تەواوی دژی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانن و ئابووری و سیستمی وڵاتەکە لە لێواری داڕماندایە، بۆیە ئەگەری ڕاپەڕینێکی گەورە لە ئارادایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وتەکەی خامنەیی دوورە لە ڕاستی و تەنها بۆ ترساندنی ئەمریکییەکانە.
وتیشی: کار و تێکۆشانی هێزە کوردییەکان لەم قۆناغەدا زیاتر سیاسییە نەک سەربازی، ئامانجی سەرەکی درووستکردنی کۆمارێکی دیموکراتی و ناناوەندییە لە ئێراندا کە مافی زمان و پەروەردەی دایک و مافەکانی ژنان بە یاسایی تێدا بچەسپێنرێت.
هەروەها، ئێمە وەکو پژاک بە تەنها بۆ کورد سیاسەت ناکەین، بەڵکو هاوپەیمانییەکی زۆر جیددیمان لەگەڵ هێزە دیموکراتەکانی دیکەی ئێران (عەرەب، ئازەری، بەلووچ و ئۆپۆزسیۆنی ناوەندی) پێکهێناوە بۆ داڕشتنی دەستوور و یاساکانی داهاتووی وڵاتەکە.
هاوکات، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی هێرشەکانی ئێران، ڕۆحیەت و ستراتیژێکی تێکۆشانی هاوبەشی پەرەپێداوە، بەشێکی هەرە زۆری کار و چالاکییەکانی پارتە کوردییەکان لە ئێستادا سیاسییە نەک سەربازی، و لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوانیاندا هەیە کە بووەتە هۆی واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنامە بۆ پەیڕەکردنی سیاسەتێکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە ناوەندی ئێرانیشدا.
باسی لەوەشکرد، ئامانجی سەرەکیی کورد لەم قۆناغەدا، دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتی و نامەرکەزییە لە ئێراندا، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وڵاتەکە لە گفتوگۆداین بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانی خۆیان لە کاتی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندیدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر هێزە کوردییەکان و وتی: دەسەڵاتدارانی تاران لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە تەنها دەیانەوێت پەیامی هەڕەشە و توانای هێرشکردن بنێرن، کە زۆرجار لەو پەلامارانەدا خێزان، ژن و منداڵان دەبنە ئامانج، لەم ڕووەەوە بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی پژاکدان و هێزێکی ئێجگار گەورە و بەهێز پێکدەهێنین؛ بۆیە ئێران بەم جۆرە هێرشە درۆنییانە ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئیرادە و توانای ئەم هێزانە درووست بكات.
سەرچاوە: ڕۆژنیوز
قەندیل پرێس