پاش چوار شەو و چوار رۆژ لە ونبوون و چاوەڕوانییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ترس، سەرەنجام هەوڵە چڕ و بێپسانەوەکانی تیمەکانی فریاگوزاری و خەڵکی ناوچەکە بەرهەمی هەبوو؛ شیرین یاسین، ئەو کچە تەمەن ٢٤ ساڵانەی لە دەڤەری ئاکرێ بێسەروشوێن ببوو، بە زیندوویی دۆزرایەوە و کۆتایی بە هەڵمەتێکی گەڕانی گەورە هات کە لەسەر ئاستی کوردستان دەنگدانەوەیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنابوو.
شیرین یاسین، دانیشتووی گوندی کادانەیە لە سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان. ناوبراو پێش چوار رۆژ بە نادیاری لە ماڵ چووبووە دەرەوە و دواتر هیچ شوێنەوارێکی نەمابوو. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ئاکرێ و دەڤەری دینارتە کە بە شاخ و دەشت و دۆڵ و گەلیی سەخت و بەرفراوان دەورە دراوە، مەترسی و نیگەرانییەکی قووڵ لەسەر گیانی ناوبراو دروست ببوو، بەتایبەت بەهۆی سروشتی دژواری ناوچەکەدا.
هەواڵی بێسەروشوێنبوونی شیرین لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی باشووری کوردستاندا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ هاوسۆزییەکی زۆر بۆ خێزانەکەی دەربڕدرا و کەمپینێکی گەورەی گەڕان ڕاگەیەندرا کە تێیدا سەدان کەس لە خەڵکی خۆبەخشی گوندەکانی دەوروبەر شانبەشانی هێزە ئەمنییەکان و تیمە پەیوەندیدارەکان بە شەو و بە ڕۆژ بەردەوام بوون لە کێوماڵکردنی بست بە بستی ناوچەکە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک گەلیی گوندی «گورگاڤا» لە سنووری دینارتە، توانرا شیرین بە زیندوویی بدۆزرێتەوە، ئەمەش وەک هەواڵێکی دڵخۆشکەر لەناو کەسوکارەکەی و خەڵکی دەڤەرەکەدا بڵاوبووەوە. دەستبەجێ بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە، لە ڕێگەی تیمی فریاگوزارییەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی «بلێ» لە سنووری دەڤەری بارزان تاوەکو پشکنین و چارەسەری بەپەلەی بۆ ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو، سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکاری شیرین بە «قەندیل پرێس»ی ڕاگەیاند: «دۆخی تەندروستی و جەستەیی شیرین لە ئێستادا ناجێگیر و لاوازە، چونکە چوار شەو و چوار رۆژ بە تەنیا لە چۆڵەوانی و سروشتە سەختەکەدا بەبێ ئاو و خۆراک ماوەتەوە، ئەمەش جگە لە برسییەتی و تینوویەتی، کاریگەری و شۆکێکی زۆری دەروونی و ترسی لێکەوتووەتەوە و تەواو شەکەت بووە.»
ئەو سەرچاوەیە وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە گەڕاندا بەشدار بوون، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا شیرین لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە لە نەخۆشخانە تا ئەو کاتەی مەترسی لەسەر تەندروستی نامێنێت و بارودۆخی جێگیر دەبێتەوە.
قەندیل پرێس