قەندیل پرێس
تا دێت کێشەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر رووداوەکانی گوندی “لاجان” هەرکیەکان لە هەولێر توندتر دەبن، بەرپرسێکی یەکێتی دەستگیر دەکرێت، لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بە توندی وەڵامی یەکێتی دەداتەوە.
دوای ئەوەی ئەمرۆ مەڵبەندی 3ـی هەولێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە قەندیل پرێسی راگەیاند: ئەم شەو ھێزێکی سەربازی پارتی چونەتە سەر ماڵی نێچیرڤان ھەركی لێپرسراوی كۆمیتەی خەباتی یەكێتی لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر و دوای تەقەكردن لێی دەستگیریان کردوە“.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ”ئەو بەرپرسە دەستگیرکراوەی یەکێتی خەڵکی هانداوە بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەکان“.
دەقی راگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر:
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1/12/2025 کۆمەلێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆلی دۆخەکەیان کرد.
لەو چوارچێوەیەشدا سەرکێشی ئاژاوەگێڕییەکان کە کەسێک بوو بە ناوی نێچیروان عیسا میرمسو لە کاتی راکردنی لە رێگای کەرکوک دەستگیر و راپێچی بەردەم یاسا کرا. ناوهاتوو خەلکی هانداوە بۆ هەلگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەکان.
تەواوی ئەوانەی بوونەتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری و ئاژاوەیان ناوەتەوە، رووبەڕی یاسا دەکرێنەوە. ئاشکراکردنی پیلانەکانی ئەو گرووپە و ئەوانەی پالنەری بوون بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەجێدەهێلین.
قەندیل پرێس