وەزارەتى پێشمەرگەی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە و دەشڵێت: ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.
وەزارەتى پێشمەرگەی حکومەتى هەرێم ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوکردەوە.
وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند، ڕۆژی ٣٠ـی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی درووست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
وەزارەتى پێشمەرگە ئەوەی بە بیرهێنایەوە کە لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتى پێشمەرگەدا هاتووە: جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە، لە هەمان کاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.
هاوکات وەزارەتى پێشمەرگە جەختیکردەوە، هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە ڕابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و ڕووبەڕووی مەترسیەکان ببێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندوە، وەک بەشێک لەسیستەمی بەرگری عێراق لەگەڵ سوپای عێراق دا پەیوەندیەکی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەش دا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت.
لە کۆتاییشدا وەزارەتى پێشمەرگە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازدایە.
قەندیل پرێس