به‌په‌له

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا: یەکێتی و پارتی هەژموونیان بەسەر هەرێمدا سەپاندووە و ئازادییەکان بەرتەسککراونەتەوە

​قەندیل پرێس

لە نوێترین ڕاپۆرتی بڵاوکراوەیدا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ ڕەوشی سیاسی، ئازادیی ڕادەربڕین، خۆپیشاندانەکان و دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان دەكات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەژموونێکی بەهێزیان بەسەر دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا سەپاندووە.

​ڕاپۆرتەکە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ پێناسە دەکات کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵدا کار دەکات، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە پارتی لە هەولێر و یەکێتی لە سلێمانی ماوەیەکی درێژە هەژموونی سیاسی و ئابوورییان هەیە و هێشتا دوو هێزی سەرەکی و کاریگەری ناوچەکەن.

​ململانێی سیاسی و بەردەوامیی چەقبەستوویی
​سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لە تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ناکۆکی و ململانێی بەردەوامی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بووەتە هۆی بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەرەڕای ئەوەی پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسییان بەدەستهێناوە.
​هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە جیاوازیی زۆنەکانی دەسەڵات دەکات؛ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت توندتر سەرکوت دەکرێت، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی یەکێتی زیاتر ڕێگەی پێدەدرێت پێش ئەوەی لە حاڵەتی بەردەوامبووندا بڵاوەیان پێ بکرێت. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی ACLED کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە نێوان ئابی 2024 بۆ ئابی 2026دا، 510 خۆپیشاندان لە هەرێم تۆمار کراون که زۆرینەیان (498 خۆپیشاندان) ئاشتییانە بوون.

​مەترسییەکان لەسەر ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان
​سەبارەت بە مافە سەرەتاییەکان، بەریتانیا دەڵێت کە هەرچەندە بوونی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندانی ئاشتییانە بە فەرمی دانی پێدراوە، بەڵام سیاسەتمەداران و چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەراسانکردن، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە. وەک نموونەش ناوی چەند کەسایەتییەکی وەک لاهور شێخ جەنگی، شاسوار عەبدولواحید و ئارام قادری هێناوە کە لە ساڵی 2025دا ڕووبەڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەری یان دەستگیرکردن بوونەتەوە.
​لە بەشێکی تریدا، تیشک خرایە سەر دۆخی ڕۆژنامەگەری و بەکارهێنانی یاساکانی وەک “خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن” و “سزا” بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ڕەخنەگر، بە جۆرێک کەیسەکانی وەک شێروان شێروانی و قارەمان شوکری وەک نموونەی بەرچاو دەستنیشان کراون.

​لە کۆتایی ڕێنماییەکانیدا بۆ داواکارانی مافی پەنابەری، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات کە هاووڵاتییانی ئاسایی و لایەنگرانی حیزبەکان مەترسییەکی راستەوخۆیان لەسەر نییە، بەڵام چالاکە دیارەکان و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان کە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، بەهۆی دەسەڵاتی فراوانی هێزە حیزبییەکانەوە، ناتوانن بە ئاسانی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ ناوچەیەکی تری عێراق یان هەرێم بگۆڕن بۆ دەربازبوون لە مەترسی.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

جەنگی ئێران، کۆمارییەکانی تووشی شکستی مێژوویی کرد، هەموو شتێک لە بارەی هەڵبژاردنه‌كانی نیوه‌خولی  ئەمریکا و شکستی کۆمارییەکان لە قەندیل پرێسەوە بزانە

  قه‌ندیل پرێس: ڕاپۆرتی شیكاری و به‌دواداچوون پێشەکی و چوارچێوەی گشتی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *