به‌په‌له

وتەبێژی کەجەکە: ئەگەر تورکیا بیەوێت کورد فریو بدات زیانی گەورە دەکات

وتەبێژی کەجەکە دەڵێت: کورد ئاشتیخوازە و لە شەڕیس ناترسێت ئەگەر بێت و تورکیا بیەوێت لە چارەسەرییدا کورد فریوبدات ئەو زیانی گەورە دەکات، ئەوەی تورکیا دەیکات بۆ ئەوەیە کورد لەگەڵ زلهێزەکان ڕێککەوتن نەکات.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانییدا لەبارەی قۆناغی ئێستا قسەیکرد و وتی، کورد ئەزموونی هەیە لەگەڵ تورکیا وهەوڵەکانی چارەسەریی، 10 ساڵێک بەر لە ئێستا هەوڵێک هەبوو بۆ چارەسەریی بەڵام تورکیا بە ناوی پلانی داڕمان ویستی کورد لەناوببات و کورد بەتەواوی ڕادەستییان ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ماوەی 10 ساڵ عەبدوڵڵا ئۆجالانی ڕێبەری کوردیان گۆشەگیرکرد و بە ئاگر و ئاسن هێرشیان کردە سەر کورد و پەکەکە، بەڵام کورد بەهێزتربوو.

زاگرۆس هیوا وتی ئەگەر باس لە پڕۆسەی ئێستا بکەین دەبینین، کورد تا ئێستا پێنج هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە لە تەنها ساڵێکدا، کە بانگەوازەکەی ڕێبەری پەکەکە، ئاگربەستی تاكلایەنە، بەستنی كۆنگرەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، سووتاندنی چەک، و ڕاگەیاندنی كشانەوەی هێزەكانی گەریلان، بەڵام تا ئێستا تورکیا تەنها هەنگاوێک نابیەتی کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکەیە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە، ئەوەش بۆ خۆی واتای ئەوەیە کە تورکیا چارەسەر و ئاشتیی ناوێت، ئەوەشی هەیە تەنها گفتوگۆیە نەک دانوستان.

زاگرۆس هیوا: دیارنییە تورکیا سیاسەت و بیرکردنەوەی بەرامبەر کورد گۆڕاوە یان ترسی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایان کردوە تورکیا خۆی بۆ هێرشێکی نوێ ئامادەبکات، چونکە لەگەڵ شەڕی سوریا و لوبنان و فەڵەستین تورکیاش هەنگاوەکانی خێراکردوە.

تورکیا باش لە ستراتیژییەتی سیاسیی و جوگرافیی و پێگەی ناوچەیی و گرنگیی کورد تێگەیشتوە، دەیەوێت بەهەر ڕێگەیەک بێت ڕێگریی بکات لەوەی کورد هاوپەیمانی نوێ بدۆزێتەوە و لەگەڵ زلهێزەکانی ڕێکبکەوێت، چونکە دەزانێت لەم گۆڕانکارییانەدا کورد چی دەستدەکەوێت.

زاگرۆس هیوا لەبارەی دەوڵەت باخچەلی و چارەسەریی وتی، مەهەپە و باخچەلی لە 50 ساڵی ڕابردوودا لەپشت هەموو هێرش و لێدانێکەوەبوون لە کورد و دیموکراسییەت، ئەوان هەمیشە وا بیریان کردوەتەوە کورد، مەترسیی گەورەیە بۆسەر تورکیا.

وتیشی، تورکەکان هەست بە مەترسیی دەکەن و ئەوەش وایلێکردوون ڕێگەکانی ڕزگارکردنی خۆیان تاقیبکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ مێژوو و ناسینی کورد و گرنگییەکەی، بەڵام مانای ئەوە نییە کە بیرکردنەوەیان گۆڕابێت، ئەگەر بێت و تورکیا بیەوێت کورد فریوبدات و فێڵی لێبکات ئەوا گەورەترین زیان دەکات،
وتەبێژی کەجەکە لە بەشێکی قسەکانیدا وتی، تورکیا لەلایەک خەریکی باسکردنە لە ئاشتیی و لەلایەک درێژە بە سیاسەتە خراپەکارییەکانی دەدات، لەم گەرمەی پڕۆسەیەدا تورکیا هێزی سەربازیی لە باشوری كوردستان هەیە تەنانەت ژمارەی بنكە و هێزەكانیان زیادكردوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە باكوری كوردستان بەردەوامن و تا ئێستاش یاسای سەربازیی لە زۆرێک لە ناوچە گوندنشینەكان جێبەجێ دەكرێت، ئێستاش حكومەت كورد بە تیرۆریست ناودەبات و پڕۆسەکە بە تورکیا بێتیرۆر بەناو دەکات.

زاگرۆس هیوا باسی لەوەکرد کە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا لەسەر نکۆڵیکردنە لە بوونی کورد و ئەوان هەمیشە کوردیان بە مەترسیی و هەڕەشە زانیوە و لەسەر خۆیان، ئەوەش تەنها لەسەر ئاستی دەوڵەت نییە و کۆمەڵگەش چووەتە سەر هەمان بیرکردنەوە، تا ئەوەش نەگۆڕێت ئاشتیی بەدی نایەت چونکە بەربەستی پێکەوەیی ئەوانن نەک کورد.

زاگرۆس هیوا جەختی کردەوە لە بەردوامیی خەبات و وتی، کورد ئاشتیخوازە و هیچ کاتی شەڕی لەگەڵ کەس نەویستوە، بەڵام لە شەڕیش نەترساوە، ئێستاش پەکەکە چاوەڕوانی ئاشتییە و لە ئەگەری تێکچونی پڕۆسەی چارەسەریی دەست بە بەرگریی دەکاتەوە و لە شەڕ ناترسێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *