سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمریكا لە یاسای حەشدی شەعبیدا بە كامپی هۆل و هەڵگرتنی پارێزبەندی سیاسی و ئەمنی هەڕەشەی لێكردین، دەشڵێت: ئیسرائیل هەوڵیدا هێرش بكاتە سەر عێراق، بەڵام واشنتۆن ڕێگەی پێنەدا
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا هەڕەشەیەكی ئەمریكا لە عێراق ئاشكرا کرد و ڕایگەیاند: لەكاتی هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی فشارەكانی ئەمریكا گەیشتە ئەو ئاستەی کە هەڕەشە بە کامپی هۆل و هەڵگرتنی پارێزبەندی سیاسی و ئەمنی بكات.
وتیشی: ئیسرائیل هەوڵیدا عێراق بۆردوومان بکات، بەڵام ئەمریکییەکان ڕیگەیان نەدا بە جۆرێك، ئەمریکییەکان داوایان لێکردین یاسای حەشدی شەعبی پەسەند نەكەین و فشاری خستە سەر سەرکردە سیاسی و ئاینییە شیعیەکان بۆ ئەوەی ئەو یاسایە دەرنەکەن.
وتيشى: دەکرا یاسای حەشدی شەعبی دەربکرێت، بەڵام هێزە شیعەکان قەناعەتیان پێکرا ئەو کارە نەکەن.
باسی لەوەشكرد: عێراق سەقامگیری نابێت تا لە وڵاتی پێکهاتەکانەوە نەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی هاوڵاتیبوون.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەكانی ڕابردوودا هەندێ لایەنی شیعی عێراق دەیانویست لە پەرلەمانەوە یاسای حەشدی شەعبی دەربكەن، بەڵام ئەمریكا لەوبارەوە چەندین جار هۆشداری دایە بەرپرسانی عێراق و دواجار دەنگدان لەسەر ئەو پرسە دواخرا.
قەندیل پرێس