لە پارێزگای دهۆک و بە دیاریکراویی لە شارەدێى سەرسەنگ، هێرشکرایەسەر دامەزراوەیەکى نەوت و کۆمپانیاى HKN کە کارى بەرهەمهێنانى نەوت لەو دامەزراوەیە دەکات. کۆمانیاکە دەڵێت، “هێرشەکان زیانى مادیی هەبووە و بەهۆیەوە ئاگر لە کێڵگەکە کەوتووەتەوە”.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى کۆمپانیاى HKNى ئەمریکى، ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی تەمموز کاتژمێر 7ى بەیانى هێرشکراوەتەسەر وێستگەیەکى بەرهەمهێنانى نەوت لە شارەدێى سەرسەنگ و بەهۆى هێرشەکەوە ئاگر لە وێستگەیەکى دامەزراوەکە کەوتووەتەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، بەهۆى هێرشەکەوە زیان بە دامەزراوەکە کەوتووە، بەڵام سەرجەم کارمەندانی سەلامەتن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بەشەى دامەزراوەکە کە هێرشکراوەتەسەرى، بەرهەمهێنان تێیدا راگیراوە، خەمڵاندن بۆ زەرەر و زیانەکان دەکەن و لەگەڵ ئیدارەى ناوچەکە لەپەیوەندیدان بۆ پاراستنى سەلامەتیى کارکردن لە کێڵگەکە و نیشتەجێبووانى دەوروبەرى کێڵگەکە.
هێرشکردنەسەر دامەزراوەى بەرهەمهێنانى نەوتیى سەرسەنگ، هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەى دوێنێ کرایەسەر کێڵگەى نەوتى خورمەڵە، وەزارەتى سامانەسروشتییەکان راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکانى سەر کێڵگەى خورمەڵە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانى ئابووریی هەرێمى کوردستان شەرمەزار دەکەن.
قەندیل پرێس