هیوا خۆشناو دهڵێت: “خۆرئاوا شەری گەورەی نێوان کوردەکان و تورکیای ناوێ، چونکە هەر جۆرە جەنگێک دەبێتە دەستکەوت بۆ ڕوسیا، ئێران و سوریا. دوو مانگ بەرلەوەی باخچەلی دەست بخاتە ناو دەستی دەم پارتی، عەبدولا گویلی سەرۆک کۆماری پێشوو و دامەزرێنەری ئاکەپە، بە خشکەیی سەردانی بریتانیای کردو دوو جار لەگەڵ تەیب ئەردۆغان کۆبوەوە.
کۆنژوکتۆر وادەخوازێ، تورکیا لەگەڵ هەموو کورد شەڕ نەکات، تەنانەت پکک، ئۆجالان، دەم پارتی، سەڵاحەدین، هێزەکانی سوریای دیموکراتی، یەپەگە، و قەندیل وەک یەک بەرە تەماشا نەکات و لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندی ببەستێ، هەندێکیانیش بخاتە دەرەوەی بازنە. هەربۆیە لە نەخشەڕێگاکانیاندا باس لە ئۆجالان و دەم پارتی دەکەن، بەڵام باس لەوانی دیکە ناکەن. بێگومان تموحی تورکەکان ئەوەیە چۆن لە ڕێگای ئۆجالانەوە دەتوانن پەیمانێک لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئەنجام بدەن یان ناچاری هەندێک لە مەرجەکانیان بکەن. چونکە ئەمریکا بە ئاشکرا بە تورکیا ئەڵێ: بۆت نیە بەتەنیا بە هێزی ڕەق ڕووبەڕوویان ببیتەوە!!.
بۆیە سەرکەوتنی هەیئەت تەحریر الشام {هەتەشە} زۆر زۆر مەترسیدارە و دەستی تورکیا درێژتر دەکات.”
قەندیل پرێس: لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای سووریای سەربە بەشار ئەسەد لە حەلەب و ناوچەکانیتر لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی تەحریری شام تووشی داڕمان بووە، بە بێ بەرگریەکی ئەوتۆ لەشار و شارۆچکەکان بەردەوام پاشەکشە ئەکات، شرۆڤەی بەڕێزتان لەسەر ئەم داڕمانە چییە؟
هیوا خۆشناو: بەرلەوەی وەڵامی پرسیاری بەڕێزتان بدەمەوە ناچارم ئەوە بڵێم، کە پێشکەوتنەکان زۆر بە پەلەن و پێیان ڕاناگەین.
لە ڕاستیدا لە ساڵی ٢٠١٤دا کەوتنی موسڵ چی بو بۆ داعش، کەوتنی حەلەبیش بەو شێوەیە دراماتیکیە لەلایەن هێزەکانی هەیئەت تەحریر الشام [هەتەشە]. هەمان واتا دەگەیەنێ. هاوکات هەمان واتاش بۆ سوپای سوریا دەگەیەنێ.
داڕمانی سوپای سوریا پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتۆر هەیە گرینگترینیان ئەو سوپایە لە ڕووی ئابووری و پێداویستیەکانی تەکنۆلۆژی سەربازیدا ڕەوشی زۆر خراپە. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی حەلەب لەناو {هەتەشە}دا کار دەکەن و شارەزاییەکی ووردی ناوچەکەیان هەیە. لە دوای شەڕی باشووری لوبنان، حزب اللە ژمارەیەکی زۆری لە هێزەکانی خۆی لە دەوروبەری ئیدلیب و حەلەب گواستنەوە بۆ ناو لوبنان. ئێرانیەکان هەر ڕۆژ لە سوریا زەبری کوشندەیان بەردەکەوێ.
لە دوای ٢٠١٥ دا دەرکەوت کە سوپای سوریا بەتەنیا دەتوانێ دیمەشق و لازقیە بپارێزێ و توانای دیکەی لاوازە.
لەبەرانبەر ئەوەدا [هەشەتە] ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری دەکات و خۆی بە چەکی پێشکەوتوی وەک درۆن و موشەکی مامناوەندی دەوڵەمەند دەکات.
قەندیل پرێس: هێزەکانی یەپەگە توانیان پێشڕەوەیەکی زۆر بکەن و بەشێک لەو ناوچانە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان کە هێزەکانی بەشار ئەسەد لەویا پاشەکشەیان کردووە، تکایە ئەگەر زانیاریتان هەیە پلانی پێشڕەویەکانی یەپەگە چییەو ئامانجی ئەم هەنگاوانەی چین؟
هیوا خۆشناو: ڕاستی تەواوی ئەو زانیارییانە لای من گوماناوین. زانیارییەکانی سەر مێدیاو بەتایبەت سۆسیال مێدیادا جێگای متمانە نین. باس لەوەش دەکرا کە هێزەکانی یەپەگە فڕۆکەخانەیان گرتوە، بەڵام درۆ دەرچو.
تا ئێستاش نازانین لە ژێرەوە چی لە ئارادایە، بەڵام یەپەگە زۆر بە نیازی ئەوەنیە جێگای هێزەکانی سوریا پڕبکاتەوە و خۆی توشی شەڕەکە بکات لەگەڵ {هەتەشە}. بەتەنیا یەپەگە هەوڵی توندکردنی سەنگەرەکانی لە تل رفعت دەدا، تەنانەت بەو شێوەیە بڕوا هەردو گەڕەکی شێخ مقسود و الاشرەفیەی کوردنشین لەناو حەلەبدا، ئاسان نابن.
قەندیل پرێس: بەڕای بەڕێزتان سیاسەتیی ئەمریکا لەم دۆخەدا لەبەرامبەر کورد و تەحریری شام و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد چییە؟
هیوا خۆشناو: ڕاستە ئەمریکا لەناو هێزە خۆرئاواییەکاندا بەهێزترینیانە لە سوریا، بەڵام لە ئیدلیب ئەمریکیەکان پەیوەندی و دەستەڵاتێکیان نیە. بریتانیەکان بەپێچەوانەی ئەمریکا، پەیوەندی زۆر باشیان لە ڕێگای دەزگای جاسوسی {ئێم.ئای.٦} هەیە. ئەگەر بتهەوێ لە ئیدلیب بگەیت، دەبێ بە ووردی سەیری جموجۆڵی بریتانیا بکەی لە پێشوودا. لەو کاتەوەی کە ڕیچارد موور سەفیری بریتانیا بوو لە تورکیا، پەیوەندیەکی خۆشی لەگەڵ جەبهەت النوسرا سازکرد کە بارەگاکانیان لە غوتە و لە ژێر بەرزاییەکانی جۆلاندا بوو. ئەوکات جەبهەت النوسرەی سەر بە القاعیدە، غوتتەی داگیرکردبو ٣-٤ دراوسێی ئیسرائیل بوو، بەڵام دەرزی بە نێوانیاندا نەدەچو. دوای ئەوەی بە ڕێککەوتنی ڕوسیا – ئێران و تورکیا جەبهەت النوسرا گواسترایەوە بۆ ئیدلیب، پەیوەندیەکان زۆر خۆشتر بوون.
جەبهەت النوسرا ناوی خۆی گۆڕی بۆ هيئة تحرير الشام و دواییش بەرنامەی خۆیان گۆڕی و گوتیان {ئێمە ڕێکخراوێکی جیهادی جیهانی نین، بەڵکو سوریایین} ڕوسیا، ئێران، حزب اللە یان لە پەنای سوریا بە کافر زانی و کوردەکانیشیان وەک جوداخواز و تێرۆریست لەقەڵەم دان.
تێرۆریستی باش و تێرۆریستی خراپ!!
ئارگیومانتی دواییمان ئەوەیە کە هەرکاتێک ڕوسیا و ئێران پیلانیان هەبوبێ بۆ هێرشکردنە سەر ئیدلیب، بریتانیا و ئەمریکا دۆسیای {گوایە ئەسەد چەکی کیمیاوی دژ بە خەڵکی سڤیل بەکاردێنێ} کردۆتەوە و رێگایان لە هێرشی سەر {هەتەشە} گرتوە.
جێمس جێفری {سەفیری پێشووی ئەمریکا لە سوریا} و نزیکی خەتی {ئێم ئای ٦} چەندین جار گوتویەتی {هەتەشە} زۆر تێرۆریست نیە، چونکە لە دژی ڕوسیا و ئێران دەجەنگێ. تەماشاکە {هەتەشە} بەپێی سەرجەم ئاکتۆرەکانی سوریا و تورکیاش لەناویدا ڕێکخراوێکی تێرۆریستە و ناوی لە نەتەوەیەکگرتوەکاندا هەیە. بەڵام تا ئێستا مێدیاگەورەکانی بریتانیا دەیان دیمانەیان بۆ ئەبو-محەمەد الجۆلانی سازکردونە، جلەکانی دەگۆڕن، مکیاجی دەکەن و ڕیشی کورت دەکەنەوە و دەیخەنە مارکێت. وادیارە خۆرئاوا، بەتایبەتی بریتانیا ماستەرمایندی {نیو-القاعیدە} دەیەک دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم پێشوەچوونەی القاعیدەی نوێ لە سوریادا، قوورسایی کارتی کورد بۆ خۆرئاوا کەمدەکاتەوە. تورکیا ئەگەرچی بەئاشکرا لە پشت هێرشەکانەوە نیە، بەڵام ئەمە بەبێ تورکیا هەرگیز مەحاڵە.
تورکیا پەیامێک بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەدات و ئەڵێ: [تەماشاکەن ئەوەی کوردەکان و عەرەبەکان نەیانتوانی بۆتان بکەن، من بۆتانی دەکەم، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ ڕوسیا، ئێران، حزب اللە بکەم، ئەسەدم لەناوەڕاستی سوریادا دەرکرد]. من پێموانیە ئەمریکا حەز بە جەنگێکی دیکەی کورد و تورکیا بکات، بەڵام ئەوان دەتوانن ئەم هاوکێشە نوێیە و کارتەکانی وەک هەرەشە لەبەرانبەر کوردەکاندا بەکاربێنن و بڵێن: [ئەگەر لەگەڵ تورکیادا ڕێکنەکەون، هێرشی {هەتەشە -سوپای میللی و سوپای تورکیا} لەبەردەرگایە].
تورکیا هاوکات، حیسابێکی نوێتر لەگەڵ ڕوسیا دەکات و لەکاتێکدا بە شەری ئۆکرانیاوە خەریکە، هەوڵ ئەدات لە جیانی پەیمانی ئەستانە {کە پیربوە} ڕوسیا و ئێران لە سوریادا ناچاری پەیمانێکی دیکە بکات.
قەندیل پرێس: بەڕای بەڕێزتان سیاسەتیی ئێران و ڕووسیا لەم دۆخەدا لەبەرامبەر کورد و تەحریری شام و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد چییە؟
هیوا خۆشناو: ڕوسیاو ئێران یەک سیاسەتی تەکتیکی و مەیدانیان هەیە لە سوریادا بەڵام یەک ستراتیژیان نیە. ڕوسیا لە هەژموونی ئێران دەترسێ، کە سوریا و لازقیە لە ئاییندەدا بکاتە دەروازەیەکی پەڕینەوەی ووزەی ئێرانی بۆ بازاڕەکانی خۆرئاواو ئەوروپا. سیاسەتیان دژ بە {هەتەشە} یەکە، بەڵام هەتەشە لە لێدوانەکانی دواییدا دەیهەوێ ڕووسەکان نەرم بکات و ئەڵێ: {ئەم هێرشە دژ بە ڕوسیا نیە و دەبێ ڕوسیا لە پشت خەڵکی سوریا بوەستێ نەوەک ڕژێم}. لە بەردەوامی بە سیاسەتی بریتانیادا لە مەڕ هەتەشە، دەتوانین بڵێین بریتانیا لە مێژە چاوی لەوەیە جگە لە دەریای سپی، لە دەریای ڕەش و قەفقاسیا ببێتە هێزێکی {نیمچە هەژموونگەر} بۆ ئەوە ڕوسیا هەڕەشەیە لەبەردەمی، تورکیا و ئۆکرانیا پردێکی چاکن بۆ پەرینەوەی بریتانیا و ڕێکخراوگەلێکی جیهادی سەلەفی تێرۆریستیش لە هەرکوێیەک لولەی تفەنگەکانیان لە بەرانبەر ڕوسیا و ڤاگنەر بێ، جێگای بایەخن بۆ ئێم.ئای ٦. ئەو هێرشە تەواوکەری هێرشەکەی بریتانیایە لە ناوچەی کورسکی ڕوسیادا. ئێستا دەیهەوێ لە ڕێگای تورکیاوە بەرەیەکی دیکە دژ بە ڕوسیا بکاتەوە، تاکو سەرنجی لەسەر ئۆکرانیا کەمتر بکاتەوە.
سیاسەتی ڕوسیا و ئێران بۆ کوردەکان لە ناوچەی حەلەب و ئیدلیب و دەوروبەری عەفرین جیاوازترە لە سیاسەتی ئەوان لە بۆ کوردەکان لە دێرەزوور و حەسەکە. کوردەکان ئەو هەڵسەنگاندنەیان پێ خۆشنیە، بەڵام سیاسەتەکەی ئێران و ڕوسیا بۆ کوردی تل ڕفعەت و شەهبا، سیاسەتێکی هاوکاری لۆکالیە دژ بە دووژمنی هاوبەش. لەبەرانبەر ئەو وێنەی گەورەیەی کە لەسەرەوەدا نیشانمان دا، کوردەکانی ئەو ناوچەیە بۆ هێزە ئیقلیمییەکان و هەژموونگەراکان جا ڕوسیا و ئێران بێ، یان ئەمریکا و بریتانیا کەمتر جێگای سەرنجن، بەڵام حیسابێکی مەیدانیشیان بۆ دەکەن.
قەندیل پرێس: دەزانین کە تورکیا پاڵنەر و پاڵپشتی هێزەکانی تەحریری شامە، ئامانجی تورکیا چییە؟
هیوا خۆشناو: هەروەکو لە سەرەوەدا باسمکرد، پێموایە ئامانجی تورکیا قۆستنەوەی مەشغوولی ڕوسیایە لە ئۆکرانیا و ناچارکردنیەتی بۆ پەیمانی نوێ لە ناوچەکە. هاوکات تورکیا لەساڵی ڕابووردودا زۆر هەوڵیدا لەگەل ئەسەد ڕێکبکەوێ، بەڵام دیمەشق بەردەوام ڕەدیکردەوە کە ئەسەد دەستی بخاتە ناو دەستی ئەردۆغان. ئیتر تورکیا پیلانی -ب- دژ بە ئەسەد بەکاردێنێ وسنورەکانی هەژموونگەرایی خۆی لە سوریا دەگەیەنێتە حەلەب و حەما. ئەوەش بەتەنیا لە کاتێکدا دەتوانێ کە حزب اللە زەبری کوشندەی بەرکەوتوە.
لە دواییشدا لەسەرەوە باسم کرد وێنەیەکی گەورەتر هەیە، کە سەرۆکی ئێم. ئای.٦ ڕیچەرد موور، توانیویەتی تورکیا بکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە {هەتەشە} وەک کانسێرێک لەسەر جەرگی سوریا، ڕوسیا و ئێراندا.
قەندیل پرێس: بەپێی دۆخی ئەمڕۆ، داهاتووی سووریا و بەتایبەت خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چۆن دەبینن؟
هیوا خۆشناو: جارێ سیاسەتی تایبەتی ئەمریکا دیارنیە. هەروەکو گوتم، لە ناوچەی حەلەب و ئیدلیب، دەستەڵاتی بریتانیا زۆر زیاترە لە ئەمریکا. بەڵام لە بەرەکەی دیکەی ئاوی فوراتدا، ئەمریکا بە پلەی یەکەم قسەی خۆی دەکات و دەبێ چاوەڕێی سیاسەتی ڕوونی کابینەکەی ترامپ بکەین کە نازانین چۆن دەبێ.
بەڵام هەرچیەک دەبێ با ببێ، ئەو هاوکێشەیە نوێیە دەکرێ ببێتە گوشارێک بۆ ڕێککەوتنێکی ناچاری کوردەکان لەگەڵ تورکیا، ئەگەر هاتو ئێران و ڕوسیا نەتوانن هەڵمەتێکی گەورە دژ بە {هەتەشە} بکەن.
قەندیل پرێس: ئایا پێوەندییەک لەنێوان دەستپێکردنەوەی گفتۆگۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان لە لایەن حکومەتی تورکیاوە و ئەم هێرشەی تەحریری شام هەیە؟
هیوا خۆشناو: پەیوەندیەکە بەتەنیا ئەوەیە، خۆرئاوا شەری گەورەی نێوان کوردەکان و تورکیای ناوێ، چونکە هەر جۆرە جەنگێک دەبێتە دەستکەوت بۆ ڕوسیا، ئێران و سوریا. دوو مانگ بەرلەوەی باخچەلی دەست بخاتە ناو دەستی دەم پارتی، عەبدولا گویلی سەرۆک کۆماری پێشوو و دامەزرێنەری ئاکەپە، بە خشکەیی سەردانی بریتانیای کردو دوو جار لەگەڵ تەیب ئەردۆغان کۆبوەوە.
کۆنژوکتۆر وادەخوازێ، تورکیا لەگەڵ هەموو کورد شەڕ نەکات، تەنانەت پکک، ئۆجالان، دەم پارتی، سەڵاحەدین، هێزەکانی سوریای دیموکراتی، یەپەگە، و قەندیل وەک یەک بەرە تەماشا نەکات و لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندی ببەستێ، هەندێکیانیش بخاتە دەرەوەی بازنە. هەربۆیە لە نەخشەڕێگاکانیاندا باس لە ئۆجالان و دەم پارتی دەکەن، بەڵام باس لەوانی دیکە ناکەن. بێگومان تموحی تورکەکان ئەوەیە چۆن لە ڕێگای ئۆجالانەوە دەتوانن پەیمانێک لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئەنجام بدەن یان ناچاری هەندێک لە مەرجەکانیان بکەن. چونکە ئەمریکا بە ئاشکرا بە تورکیا ئەڵێ: بۆت نیە بەتەنیا بە هێزی ڕەق ڕووبەڕوویان ببیتەوە!!.
بۆیە سەرکەوتنی {هەتەشە} زۆر زۆر مەترسیدارە و دەستی تورکیا درێژتر دەکات.
قەندیل پرێس